سائیرون و فه‌تح هاوپه‌یمانییان راگه‌یاند
خاوه‌نی 101 كورسین لـه‌ په‌رله‌مانی نوێی عیراق

June 12, 2018 at 11:23 pm

به‌غدا، 20-5-2018، كۆبونه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و هادی عامری، ئه‌مینداری رێكخراوی به‌در ده‌رباره‌ی هه‌لبژاردن فۆتۆ: نوسینگه‌ی سه‌در

كه‌ركوك ناو

هه‌ردوو لیستی سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در و فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی له‌ په‌رله‌مانی نوێی عیراق و داوایان له‌ قه‌واره‌كانی دیكه‌ش كرد، به‌شداربن له‌ حكومه‌تی داهاتودا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12-6 دوای كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌ نه‌جه‌ف موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و هادی عامری، ئه‌مینداری رێكخراوی به‌در وه‌كو براوه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می هه‌ڵبژاردن، هاوپه‌یمانییه‌كیان به‌ 101 كورسی په‌رله‌مانه‌وه‌ راگه‌یاند.

سه‌در له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی به‌ گشتگیر ناوبرد و داوای له‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ كرد به‌شداری تێدا بكه‌ن و رونیكرده‌وه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ كاریگه‌ری ناكاته‌ سه‌ر هاوپه‌یمانی سێ قۆڵی له‌ نێوان سائیرون له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لیستی حیكمه‌ و وه‌ته‌نییه‌.

به‌پێی ده‌ستوری عیراق، گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی ده‌توانێت كه‌سێك دیاریبكات تا له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ رابسپێردرێت.

هادی عامری، له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كاندا نییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ به‌پێی یاسا بڕیاری لێدراوه‌، به‌ مه‌رجێك له‌سه‌دا 5 بۆ 10ی كۆی ده‌نگه‌كان بگرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران داواكراوه‌ ته‌واوی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌، ئاواره‌كان و تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌پێی به‌لاغی كۆبونه‌وه‌ی هه‌ردوو قه‌واره‌ی سائیرون و فه‌تح، هه‌ر لایه‌نێك له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ئه‌واندا بۆ حكومه‌تی نوێ ده‌گونجێت، ده‌توانێت به‌شداری هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان بكات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆندا بێت.

هاوپه‌یمانی سائیرون كه‌ له‌ ره‌وتی سه‌در به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، حزبی شیوعی عیراقی و ژماره‌یه‌ك لایه‌نی تر پێكهاتوون توانییان له‌ ته‌واوی پارێزگاكاندا ببنه‌ خاوه‌نی 54 كورسی له‌ كۆی 329 كورسی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.

ریزبه‌ندی دووه‌م براوه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئاستی عیراق بۆ هاوپه‌یمانی فه‌تح بوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، ئه‌مینداری رێكخراوی به‌در و ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نه‌ شیعیه‌كان و سه‌ركرده‌كانی پێشووی حه‌شدی شه‌عبی، دوای ئه‌وه‌ی توانییان 47 كورسی مسۆگه‌ر بكه‌ن.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن