دادگای فیدراڵی داوایه‌كی بۆ راگرتنی كاركردن به‌ یاسای هه‌مواری سێیه‌می هه‌ڵبژاردن ره‌تكردۆته‌وه‌

June 13, 2018 at 10:25 am

به‌غدا، 28-5-2018، دانیشتنی نائاسایی په‌رله‌مانی عیراق له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مان

كه‌ركوك ناو

دادگای فیدراڵی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ داوایه‌كی بۆ راگرتنی جێبه‌جێكردنی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق ره‌تكردۆته‌وه‌.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی دادگای فیدراڵی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هاتوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ی حوزه‌یران بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تیایدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ دادگای فیدراڵی پێنج داواكاری بینیوه‌ بۆ راگرتنی جێبه‌جێكردنی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ دادگای فیدراڵی جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی داوای راگرتنی كاركردن به‌ هه‌مواری یاساكه‌ ره‌تكردۆته‌وه‌، هاتوه‌ “دوای تاوتوێكردنی داواكان، دادگا تێبینی ئه‌وه‌ی كرد بینینی ئه‌و داواكارییانه‌و بڕیاردان له‌باره‌یانه‌وه‌ پێش هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر وته‌كانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی یا نه‌رێنی،‌ ده‌كرێت هه‌ستێك لای دادگا دروستبكات‌ له‌باره‌ی ئه‌و داوایه‌ی پێشتر تۆماركراوه‌ له‌سه‌ر هه‌مان یاسا”.

پێشتر داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاساكه‌ ئاراسته‌ی دادگای فیدراڵی كراوه‌ و هێشتا بڕیاری له‌باره‌وه‌ نه‌داوه‌.

بۆیه‌ دادگاكه‌ جه‌ختیكردۆته‌وه‌ كه‌ داواكاری راگرتنی كاركردن به‌ یاساكه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌ تا ته‌واوی داواكارییه‌كانی تر ده‌بینێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن