به‌‌وێنه‌: گه‌نجانی باشیك پێشوازی له‌ مۆندیال ده‌كه‌ن

June 13, 2018 at 1:16 pm

ده‌شتی نه‌ینه‌وا/حوزه‌یرانی 2018/ كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێك به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش ناحیه‌كه‌یان به‌ وێنه‌ی جۆراجۆر كه‌ گوزارشت له‌ مۆندیالی روسیا ده‌كات ده‌نه‌خشێنن فۆتۆ: موهه‌نه‌د سنجاری

موهه‌نه‌د سنجاری –  نه‌ینه‌وا

گه‌نجانی باشیك ناحیه‌كه‌یان به‌ وێنه‌ی جۆراجۆر كه‌ گوزارشت له‌ مۆندیالی روسیا ده‌كات ده‌نه‌خشێنن. دیوار، پارك و شوێنه‌ رێگه‌پێدراوه‌كان به‌ كێشانی وێنه‌ی ئاڵای وڵاته‌ به‌شداربوه‌كانی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه ‌و جام و تۆپ نه‌خشێنراون.

گه‌نجانی باشیك، كه‌ ناحیه‌كه‌یان ساڵێكه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش ده‌رهێنراوه‌ و یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ چه‌كدارییه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌یركردنی یارییه‌كان بوو، ده‌یانه‌وێت له‌و رێیه‌وه‌ دوو په‌یام بنێرن، یه‌كێكیان داعش ناتوانێت جوانییه‌كان تا كۆتایی له‌ناوببات، دووه‌میان كاركردن بوو بۆ بایه‌خدان به‌ وه‌رزش له‌و ناحیه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ وته‌ی خالید شه‌نگالی، كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نج به‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌ستاون.

خالید شه‌نگالی، كه‌ هاوكات شێوه‌كار و په‌یكه‌رتاشه‌و حه‌زێكی زۆری هه‌یه‌ بۆ سه‌یركردنی یارییه‌كانی مۆندیال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كۆمه‌ڵێك گه‌نجی خۆبه‌خش بۆ پێشوازیكردن له‌ مۆندیالی روسیا به‌م كاره‌ هه‌ستاوین و گه‌نجی ئێره‌ش ده‌یانه‌وێت چێژببینن له‌و مانگه‌ كه‌ یارییه‌كانی مۆندیالی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت”.

مۆندیالی روسیا، بڕیاره‌ پێنجشه‌ممه‌ 14ی حوزه‌یران له‌ روسیا ده‌ستپێبكات، به‌ به‌شداری 32 هه‌ڵبژارده‌.

خالید شه‌نگالی وتی “ئه‌و شوێنانه‌ ده‌ڕازێنینه‌وه‌ كه‌ دیاریكراون بۆ دانانی سكرین بۆ په‌خشكردنی یارییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو گه‌نجانی ناحییه‌كه‌ بتوانن ساتێكی خۆش له‌ بینینی یارییه‌كان پێكه‌وه‌ به‌سه‌ربه‌رن”، زیاتر وتی “ده‌مانه‌وێت له‌م رێگایه‌وه‌ یارمه‌تی دۆخی وه‌رزش بده‌‌ین و جوانی ببه‌خشین”.

دانیشتوانی باشیك له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، بە زیاتر لە 130 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، زۆرینەی خه‌ڵكه‌كه‌ی ئێزیدی پاشان كرستیان و بەشێك لە شەبەك ‌و موسڵمان پێكه‌وه‌ ده‌ژین، قوربانی ده‌ستی داعش بون و ساڵێكه‌ له‌ ئاواره‌ییدا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

ئه‌و كاره‌ی گه‌نجانی ناحیه‌ی باشیك كه‌ بیرۆكه‌كه‌ی هی خۆیانه‌، له‌كاتێكدایه‌ هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانی عیراق له‌و 32 هه‌ڵبژارده‌یه‌ نییه‌ كه‌ له‌ روسیان بۆ ئه‌نجامدانی یارییه‌كان، به‌ڵام گه‌نجانی ناحییه‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و پاڵپشتی هه‌ڵبژارده‌یه‌ك ده‌كات، له‌وانه‌ش ئه‌ڵمانیا، به‌ڕازیل، فه‌ره‌نسا، ئه‌رجه‌نتینو چه‌ند تیپێكی تر.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن