شه‌ش كه‌س ده‌ستگیركراون
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ساخته‌كاری به‌رده‌وامه‌

June 13, 2018 at 5:13 pm

كه‌ركوك ناو

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری ئاشرایكرد، شه‌ش كه‌س به‌ تۆمه‌تی سوتانی كۆگاكه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستگیركراون و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ له‌ تاوانی ساخته‌كاری، بۆیه‌ پێویسته‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كاره‌كانیاندا نه‌كه‌ن.

له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13-6 ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بڵاویكرده‌وه‌، رێكار و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌باره‌ی دۆسیه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ نهێنی و ورده‌كارییه‌، بۆیه‌ نادرێته‌ میدیا و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان، واز له‌ ده‌ستتێوه‌ردان بهێنن له‌كاری دادگادا.

عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌و به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌چوارچێوه‌ی رێكاره‌كاندا شه‌ش كه‌س به‌تۆمه‌تی ئاگری كۆگاكه‌ی كۆمسیۆن ده‌ستگیركراون و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش له‌ تاوانی ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردنه‌كان لای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌یه‌ و كاره‌كانی دادگا له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

دوانیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌ممه‌ 10-6 له‌ كۆگایه‌كی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ به‌غدا ئاگر كه‌وته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك ئامێری ئه‌لیكترۆنی و كه‌لوپه‌لی جیاوازی كۆمسیۆن له‌ نێویاندا سندوقی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان سوتان.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئاماژه‌ی به‌ ده‌ركردنی فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ 20 تۆمه‌تبار ده‌ركردووه‌ به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ری شاری سه‌در له‌ به‌غدا.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكردۆته‌وه‌ ئه‌وان پێویستیان به‌ رێنمایی و رێنیشاندانی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نییه‌ و كاره‌كانیان به‌پێی ده‌ستور و یاسا ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لێپرسراوانی تری سیاسی له‌ عیراق، له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا زیاد له‌جارێك داواكارییان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چه‌ند دۆسیه‌یه‌ك له‌ نێویاندا به‌زویی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی هه‌ڵبژاردن.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن