كه‌ركوك له‌ شه‌ش رۆژدا
16 ته‌قینه‌وه‌ و هێرش و روداوی جیاواز تۆماركراون

June 13, 2018 at 9:37 pm

كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2018، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕان و پشكنینی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌سنوری حه‌ویجه‌ فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

زیاتر له‌ 16 روداوی جیاواز له‌ كه‌ركوك تۆماركراون، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌ ماوه‌ی شه‌ش رۆژی رابردوودا، له‌ نێویاندا ژماره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ و هێرشی چه‌كداری.

له‌ چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 6ی حوه‌زیرانه‌وه‌ تا كۆتایی رۆژی دووشه‌ممه‌ 11ی هه‌مان مانگ، چه‌ندین روداوی توندوتیژی له‌ ناوشاری كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری روویداوه‌، به‌پێی ئاماری هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تباریش ده‌ستگیركراون.

له‌ سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌، چوارشه‌ممه‌ خانوی هاوڵاتییه‌ك له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه‌ ته‌قێنرایه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هاوڵاتیه‌ك گیانی له‌ ده‌ستدا، هه‌مان رۆژ خانوی سه‌ركرده‌یه‌كی داعش له‌ ناحیه‌ی عه‌بادی قه‌زاكه‌ خاپوركرا، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ هاوكاری و كاركردن له‌گه‌ڵ داعش خانوه‌كانیان ده‌ته‌قێنرێته‌وه‌.

له‌ ناحیه‌ی مولته‌قا به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراوه‌وه‌ چوار كه‌س به‌ سه‌ختی برینداربون، وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت له‌ كاتێكدابووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌یانویست به‌و رێگایه‌دا تێپه‌ڕن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تری ئه‌منی باسی له‌وه‌كرد پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 7-6 هاوڵاتیه‌ك گیانی له‌ ده‌ستداوه‌، دوای ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراو، له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ش خانوی كارمه‌ندێكی حه‌شدی شه‌عبی ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌.

ئه‌و روداوانه‌ی سنوری حه‌ویجه‌، له‌ كاتێكدایه‌، چه‌ندین مانگه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌ و ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانیش به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا توندوتیژییه‌كان كۆتایی نه‌هاتووه‌.

هه‌ینی 8ی ئه‌م مانگه‌ له‌ نێو شاری كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكرده‌ سه‌ر نوسینگه‌یه‌كی ئاڵوگۆڕی دراو، زیاتر له‌ 10 ملیۆن دیناریان دزی.

ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ له‌ شه‌قامی قودس له‌ كه‌ركوك هاوڵاتیه‌ك گیانی له‌ ده‌ستدا و 19ی تر برینداربون له‌ نێویاندا ژن و منداڵ، له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراو، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مین روداوی هاوشێوه‌ بووه‌ له‌ دو مانگی رابردودا.

كه‌ركوك/8ی حوزه‌یرانی 2018/ ئۆتۆمبێلێكی فریاكه‌وتن له‌ نزیك شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌

ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی دوه‌م له‌و رۆژه‌دا له‌ نزیك به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كۆنی هاتوچۆ بوو، كاتێك له‌نێو ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ بۆمبه‌كه‌ فڕێدراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌، كه‌سێك برینداربووه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له‌ هێرشێكی تردا ژماره‌یه‌ك كه‌سی نه‌ناسراو ئاربیچییان ته‌قاندووه‌ به‌ ئاراسته‌ی قوتابخانه‌یه‌ك له‌ نزیك فولكه‌ی موسه‌ڵا له‌ شاری كه‌ركوك.

ئێواره‌ی شه‌ممه‌ی رابردوو 9-6 پێكدادان له‌ نێوان داعش و حه‌شدی عه‌شایه‌ری روویدا له‌ سنوری گوندی قه‌ره‌ته‌په‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی یایچی، له‌ ئه‌نجامدا دوو كه‌س كوژراون و 10ی تر برینداربون.

بۆ رۆژێك دواتر و له‌ كه‌ركوك، گه‌نجێكی میوزیك ژه‌ن له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ كه‌ ماتۆڕسكیلیان پێبووه‌ درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گوله‌، به‌هۆیه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا.

دره‌نگانی شه‌ممه‌ بۆمبێكی چێنراو به‌ كاروانێكی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵیدا ته‌قییه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندیان برینداربون.

دۆسیه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر گونده‌كانی كاكه‌یی نیشین له‌ سنوری كه‌ركوك، له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا زۆرترین كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه‌ و چه‌ندین خێزانیش، ناچاربون شوێنی نیشته‌جێبونیان به‌جێبهێڵن.

به‌ره‌به‌یانی دووشه‌ممه‌ 11-6 چه‌كدارانی داعش، هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر گونده‌ی زه‌نقه‌ره‌ی قه‌زای داقوق و ئاغایه‌كی كاكه‌یی و پێنج شوفێری ده‌ڕاسه‌یان له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب رفاند، تائێستا چاره‌نوسیان دیارنیه‌.

ئومێد حسين، فه‌رمانده‌ له‌ لیوای بابلیۆنی حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنوری داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌جلوبه‌رگی سه‌ربازیی دزه‌یانكردۆته‌ ناو گوندی زه‌نقه‌ره‌ كه‌ نزیكه‌ی 20 چه‌كدار بون، فه‌رهاد ئاغای كاكه‌یی و پێنج شۆفێری ده‌ڕاسه‌یان رفاندوه‌ كه‌ ئیشیان بۆ فه‌رهاد ئاغا كردوه‌”.

ژماره‌یه‌كی تر چه‌كداری ئه‌و رێكخراوه‌ هه‌مان رۆژ هه‌وڵیاندا هێرشبكه‌نه‌ سه‌ر گوندی تل زه‌هه‌ب له‌ حه‌ویجه‌، دوای بۆردومانی سنوره‌كه‌ به‌ هاوه‌ن دواتر شكستیانهێنا له‌ پێشڕه‌وی، له‌ ئه‌نجامدا كارمه‌ندێكی حه‌شدی عه‌شایه‌ری برینداربوو.

بۆمبێكی تری چێنراو له‌ دووشه‌ممه‌دا به‌ كارمه‌ندانی پۆلیسی فیدراڵی ته‌قییه‌وه‌ و چه‌كدارێكیان برینداربووه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیاندا له‌ سنوری ناوچه‌ جیاوازه‌كانی قه‌زای حه‌ویجه‌ پشكنینی ئه‌منی بۆ چه‌ندین گوند كراوه‌، وێڕای ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تبار، ده‌یان پارچه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی دۆزراوه‌ته‌وه‌.

له‌ نێو شاری كه‌ركوكیش له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تبار به‌هۆی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و بازرگانی به‌و مادده‌یه‌وه‌ ده‌ستگیركراون.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆری عیراقیه‌وه‌ به‌ هاوكاری پۆلیس به‌رێوه‌ده‌برێت، ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ش به‌ ده‌ست هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌یه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن