به‌تۆمه‌تی سوتانی كۆگاكه‌ی كۆمسیۆن
دادگـا 17 فه‌رمـانی ده‌سـتـگیركردن ده‌رده‌كـات

June 14, 2018 at 3:36 pm

به‌غدا، 10-6-2018، ئاگر له‌ كۆگایه‌كی ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌وته‌وه‌ فۆتۆ: فه‌یسبوك

كه‌ركوك ناو

دادگای ره‌سافه‌، 17 فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی ده‌ركردووه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تبار له‌ رووداوی ئاگره‌كه‌ی كۆگای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا.

دوانیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌ممه‌ 10-6 له‌ كۆگایه‌كی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ به‌غدا ئاگر كه‌وته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك ئامێری ئه‌لیكترۆنی و كه‌لوپه‌لی جیاوازی كۆمسیۆن، له‌ نێویاندا سندوقی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان سوتان.

عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14-6 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌سافه‌ 17 فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی ده‌ركردووه‌ دژ به‌ ژماره‌یه‌ك گومانلێكراو، به‌ تۆمه‌تی سوتاندنی ئامێر و سندوقه‌كانی ده‌نگدان.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ له‌كۆی فه‌رمانه‌كانی ده‌ستگیركردن بۆ تۆمه‌تباران تائێستا 9 فه‌رمانیان جێبه‌جێكراوه‌.

به‌پێی ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، كۆگاكه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ئه‌نقه‌ست سوتێنراوه‌ و له‌ رووداوه‌كه‌وه‌، به‌نزین به‌كارهێنراوه‌ و پێشتریش كامێراكانی چاودێری له‌كارخراون.

ئه‌و روداوه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست، ئه‌وه‌ش به‌پێی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك لایه‌ن ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر هه‌ژمار و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌نگه‌كان.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و هه‌مواره‌ یاساییه‌ی په‌رله‌مان بڕیادراوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌كانی ده‌ره‌وه‌، مه‌رجدار و تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی هه‌بونی ساخته‌كاری، له‌گه‌ڵ راگرتنی كاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كه‌ له‌ ئێستادا نۆ دادوه‌ر جێگه‌ی گرتونه‌ته‌وه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن