مۆڵه‌ت ده‌درێته‌ ماتۆڕسكیله‌كانی دوزخورماتوو
خه‌ڵك ترسیان له‌ زیادبونی روداوه‌كانی توندوتیژی هه‌یه‌

June 14, 2018 at 10:10 pm

سه‌ڵاحه‌دین، 2018، چه‌كدارێكی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

له‌یلا ئه‌حمه‌د  – سه‌ڵاحه‌دین

ئیداره‌ی دوزخورماتوو، بڕیاریداوه‌ به‌ پێدانی مۆڵه‌ت و ژماره‌ به‌و ماتۆڕسیكلانه‌ی له‌ شاره‌كه‌ هه‌ن، ئه‌وه‌ش ترسی لای به‌شێك له‌ هاوڵاتیان دروستكردووه‌، به‌وپێیه‌ی به‌شێك له‌ روداوه‌كانی توندوتیژی پێشتر له‌ڕێی ماتۆڕسكیله‌وه‌ ئه‌نجامدراون.

لێپرسراوانی ئیداری و ئه‌منی له‌ دوزخورماتوو، سێشه‌ممه‌ی رابردوو 12-6 له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێدانی مۆڵه‌ت و ژماره‌ به‌ ماتۆڕسیكله‌كانی قه‌زاكه‌، به‌ ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی هاتوچۆ و كه‌مكردنه‌وه‌ی روداوه‌كان.

عه‌مید حسین علی، به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زای دوزخورماتوو بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ پێشتر ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌ له‌نێو شاره‌كه‌دا به‌بێ مۆڵه‌ت هاتوچۆیان كردووه‌ و نه‌توانراوه‌ كۆنترۆڵبكرێن، بۆیه‌ له‌رێی بڕیارێكه‌وه‌ چاره‌نوسیان یه‌كلاییكراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد له‌مه‌ودوا هه‌موو ماتۆڕسكیلێك تۆمارده‌كرێت، تا ژماره‌ و مۆڵه‌تی پێبدرێت، به‌وه‌ش ته‌نیا له‌نێو شاره‌كه‌دا ده‌توانن هاتوچۆ بكه‌ن و كۆنتڕۆڵده‌كرێن.

قه‌زای دوزخورماتوو، چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رده‌وام به‌ رووداوی توندوتیژی جیاوازدا تێده‌په‌ڕێت، كه‌مترین دۆسیه‌ی ئه‌و روداوانه‌ش یه‌كلاییكراونه‌ته‌وه‌، به‌شێك له‌و روداوانه‌ش له‌رێی ماتۆرسیكله‌وه‌ بووه‌.

سیروان شاكر، هاوڵاتییه‌كی شارۆچكه‌كه‌یه‌ و ده‌ڵێت ئێواره‌یه‌ك له‌به‌رده‌رگای ماڵی خۆیان له‌گه‌ڵ براكه‌یدا ماتۆڕسیكیلێك پرسیاری لێكردون و دواتر مۆبایلی لێوه‌رگرتوون، له‌وكاته‌دا فیشه‌كی به‌ براكه‌یه‌وه‌ ناوه‌ و به‌ په‌له‌ به‌ ماتۆڕه‌كه‌ هه‌ڵاتووه‌.

ئه‌و روداوه‌كه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رویداوه‌ وای له‌ سیروان كردووه‌، ناڕه‌زایی بێت له‌ پێدانی مۆڵه‌ت به‌ ماتۆڕسیكله‌كان و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌گه‌ر بەدەستی من بێت نەك مەوڵەتیان پێنادەم بگرە .. ناهێڵم لەقەزاكە بسوڕێنەوە”.

جگه‌ له‌ روداوه‌ توندوتیژییه‌كان، به‌ خێرایی تێپه‌ڕینی ماتۆرسكیل له‌ گه‌ڕه‌كه‌كاندا و هاتوچۆی به‌رده‌وام، جێی ناڕه‌زایی هاوڵاتیانه.

محه‌مه‌د فایه‌ق، لێپرسراوی راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پێشتریش ئەم ماتوڕسكیلانە خەڵكیان دەتۆقاند و تیرۆریان دەكرد، بۆیە خەڵك پێیانخۆش نیه‌ مۆڵه‌تیان پێبدرێت و مەترسی دروستدەكه‌ن”.

له‌ چه‌ند مانگی رابردودا، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك، هاتوچۆی ماتۆڕسكیل له‌ نێو دوزخورماتوو قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ یان سنورداركراوه‌، به‌ ئامانجی رێگری له‌ روداوه‌ جیاوازه‌كان، بۆیه‌ له‌رێی مۆڵه‌ته‌وه‌ هه‌وڵی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌درێت.

قه‌زای دوزخورماتوو، تاكه‌ ناوچه‌ی جێناكۆكه‌ له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ توركمان، كورد و عه‌ره‌ب پێكهاتون.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن