هه‌زاران هاوڵاتی موسڵ ئاواره‌ ده‌بنه‌وه‌
به‌شێكیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان

June 20, 2018 at 9:35 pm

كەركوك، 26-2-2018، بەڕێكردنی زیاتر لە 500 خێزانی ئاوارە بۆ سنوری حەویجە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

هه‌زاران هاوڵاتی موسڵ، جارێكیتر ئاواره‌ی كه‌مپیه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی داعشدا به‌ره‌و ناوچه‌كانی خۆیان گه‌ڕانه‌وه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ كۆچی پێچه‌وانه‌ی ئاواره‌كان له‌ نه‌ینه‌واوه‌ بۆ كه‌مپ و ناوچه‌كانی تر ده‌ستیپێكردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان و دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانه‌وه‌.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكومه‌تی هەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20-6 هاوكات لەگه‌ڵ ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند له‌سه‌ره‌تای 2018وه‌ تائێستا نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار كه‌س ئاواره‌كانی هه‌رێم بونه‌ته‌وه‌ له‌ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی “ململانێی تائیفی، بونی میلیشیاکان و مەترسیی بوونی تیرۆریستان” وه‌كو زێباری ده‌ڵێت.

ژماره‌ی ته‌واوی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، گه‌یشته‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و 100 هه‌زار كه‌س، به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 32 دانیشتوانی هه‌رێمی زیادكردووه‌ و به‌وته‌ی دیندار زێباری، خه‌رجی ساڵانه‌یان له‌سه‌ر حكومه‌ت نزیكه‌ی دوو ملیار دۆلاره‌.

سه‌رهه‌ڵدانی كۆچی پێچه‌وانه‌ی ئاواره‌كان له‌ كاتێكدایه‌، حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌ مانگی 11ی ساڵی رابردووه‌وه‌، كۆتاییهاتنی ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵاتی داعشی له‌ هه‌موو عیراق راگه‌یاندووه‌ و له‌ ته‌مموزی هه‌مان ساڵیشه‌وه‌، موسڵ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئامارێكی نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری عیراق، تا كۆتایی نیسانی ئه‌مساڵ نزیكه‌ی 51 هه‌زار كه‌س ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی نه‌ینه‌وا بوون و له‌و ژماره‌یه‌، 27 هه‌زار كه‌س بۆ جاری دووه‌مه‌ ئاواره‌ ده‌بنه‌وه‌.

یان كۆبیش، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ عیراق له‌ راپۆرتی ساڵانه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هۆكاری سه‌ره‌كی دوباره‌ ئاواره‌بونه‌وه‌ی خه‌ڵك نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌ و ده‌رفه‌تی كاركردنه‌ له‌گه‌ڵ ترسی ئه‌منی و مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی بۆمب و پاشماوه‌كانی شه‌ڕ.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون و له‌و ژماره‌یه‌ تائێستا به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان، زیاتر له‌ سێ ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانیتر، له‌ نێوا شاره‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان یاخود كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن