باوك و كوڕ دواین گۆزه‌یان دروستنه‌كرد

June 23, 2018 at 3:51 pm

كه‌ركوك/حوزه‌یرانی 2018/ وێنه‌ی ئه‌و گۆزه‌یه‌ی جه‌مال گوزه‌چی له‌كاتی دروستكردنیدا گیانیله‌ده‌ستدا له‌ دوكانه‌كه‌ی خۆی له‌ قه‌زای داقوق/ فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس – كه‌ركوك

جه‌مال گۆزه‌چی (72ساڵ) ئاواته‌كه‌ی هاته‌دی، كاتێك سه‌رقاڵی دوانه‌خشی گۆزه‌یه‌ك بوو، به‌سه‌ر گۆزه‌كه‌دا كه‌وت و گیانی سپارد، ئه‌مه‌ هه‌مان وێنه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ره‌، كه‌ باوكیشی به‌ هه‌مان شێوه‌ نه‌یتوانی دواین گۆزه‌ له‌ژیاندا ته‌واوبكات و له‌نێو دوكانه‌كه‌یدا مرد.

جه‌مال زه‌ین ئه‌لعابدین كاكه‌یی (جه‌مال گۆزه‌چی)، ناوێكی دیاری شاری كه‌ركوك به‌تایبه‌ت قه‌زای داقوقه‌، له‌ كۆتایی ئایاری ئه‌مساڵ له‌ ته‌مه‌نی 72 ساڵی-دا گیانیله‌ده‌ستدا. ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سه‌ ده‌ستڕه‌نگینه‌كان‌ زیاتر له‌سه‌ده‌یه‌كه‌ خانه‌واده‌كه‌ی به‌ پیشه‌ی گۆزه‌چێتی و په‌یكه‌رسازی سه‌رقاڵن.

جه‌مال گۆزه‌چی له‌كاتی دروستكردنی گۆزه‌ و كاری ده‌ستیدا له‌ دوكانه‌كه‌ی، وێنه‌كه‌ له‌ئه‌رشیفی وێنه‌كانی دراوه‌ به‌ كه‌ركوك ناو

وه‌سییه‌ت ته‌مه‌نی پیشه‌ی گۆزه‌چی بۆ زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌ك ده‌هێڵێته‌وه‌

جه‌مال گۆزه‌چی، پیشه‌كه‌ی له‌ باوكییه‌وه‌ بۆ به‌جێماوه‌، ئه‌ویش له‌ باپیرانییه‌وه‌، نهێنی به‌رده‌وامی له‌م پیشه‌یه‌ به‌شێكی زۆری بۆ ئه‌و وه‌سیه‌تانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ باوك بۆ كوڕه‌كانیان جێده‌هێڵن.

به‌ر له‌ مردنی له‌ 29ی ئایاری ئه‌مساڵ، جه‌مال گۆزه‌چی، هه‌مان وه‌سیه‌ت بۆ منداڵه‌كانی ده‌كات.

سەفین کوڕی گەورەی جەمال کاکەیی، كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ چۆته‌ سه‌ر پیشه‌كه‌ی باوكی، دوای ئه‌وه‌ی ساڵانێك شاگردی بوو، به‌ (کەرکوک ناو)ی وت “ئه‌م پیشه‌یه‌ وه‌سیه‌تی باو و باپیرانمه‌وه‌ و به‌رده‌وامده‌بین”.

وتیشی “یه‌كێك له‌ ئاواته‌كانی باوكم ئه‌وه‌بوو لەسەر چەرخەکەو لە دوکانەکەی خۆی کۆتایی بەژیانی بێت، ئەو ئاواتەشی هاتەدی و کاتێک سەرقاڵی تەواوکردنی دوانەخشەی کوپەیەک بوو کەوتە سه‌ر کوپه‌كه‌و ‌گیانیلەدەستدا”.

پیشه‌یه‌ك سنوری تێپه‌ڕاند

 

جه‌مال گۆزه‌چی، ته‌مه‌نی ته‌نیا شه‌ش ساڵ بوو له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ باوكی ده‌چوه‌ دوكانه‌كه‌یی و شاگردی ده‌كرد، ئه‌وكات ماڵیان له‌ دوزخورماتوو بوو.

خۆشەویستی بۆ کارەکەی وایکرد په‌ره‌ی پێبدات، جگه‌ له‌ دروستكردنی گۆزه‌ و كوپ، هه‌وڵیده‌دا به‌ نه‌خشی جۆراوجۆر بیانڕازێنێته‌وه‌ و كاری په‌یكه‌رسازی تیاده‌كردن.

ئه‌و داهێنانه‌ وایكرد دروستكراوه‌كانی سنوری داقوق ببڕێت به‌ره‌و شاری كه‌ركوك، له‌وێوه‌ بۆ عیراق و ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

“دروستکراوه‌كانی لە ناوچەکە دەنگیدایه‌وه‌، له‌ڕێی بەشداریکردن لە دەیان پیشانگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات”، سه‌فین وتی “دوابه‌شداری پیشانگه‌یه‌ك بوو لە ساڵی 2013 لە تورکیاو پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا”.

جه‌مال گۆزه‌چی بۆ هاوڕێیه‌كانی قوتابخانه‌ بوو

هاوڕێیه‌كانی ده‌ڵێن، ئه‌و ته‌نیا وه‌كو كارێكی ئاسایی سه‌یری پیشه‌ی گۆزه‌چێتی نه‌كردوه‌، ئه‌و حه‌زی له‌ پیشه‌كه‌ بوه‌و خۆشیویستوه، هه‌روه‌ها كاری په‌یكه‌رسازی كردوه‌و شیعری نوسیوه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆكان وه‌كو قوتابخانه‌یه‌ك‌ بوه‌.‌

حسێن دەروێش یه‌كێك له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و په‌یكه‌رساز و شاعیرێکی سەرکەوتوو بوو، بەردەوام باسی لەوە دەکرد کە چۆن بتوانێت لەڕێی دروستکراوەکانییەوە خزمەت بكات”.

جه‌مال گۆزه‌چی، پیشه‌كه‌ی داهاتێكی زۆری نه‌بوه‌، حسێن وتی “به‌رده‌وام ده‌یوت ئه‌مه‌ وه‌سیه‌تی باوباپیرانمه‌و خۆشمده‌وێت.. به‌ڵام گله‌یی له‌ حكومه‌ت هه‌بوو، هیچ هاوکارییان نەدەکرد”.

“یەکێک لە کارە سەرنجڕاکێشەکانی کە زۆرجار به‌شانازییه‌وه‌ باسی ده‌كرد، دروستکردنی په‌یكه‌ری فڕۆکەیەکی مەدەنی بوو به‌هاوكاری سه‌فینی كوڕی کە درێژییەکەی 18 مەترە”، حسێن وای وت.

قه‌ده‌ر ده‌رفه‌تی نه‌دا هه‌موو به‌شه‌كانی فڕۆكه‌كه‌ ته‌واوبكات، به‌رله‌وه‌ی ده‌رگای شۆفێر و راكێشانی هێڵی كاره‌با ته‌واوبكات گیانیله‌ده‌ستدا.

“زۆربەی چین و توێژەکان خۆشیاندەویست و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كرد، له‌ باسی هونه‌ری گۆزه‌چێتی-دا مام جەمال قوتابخانه‌ بوو”، بێباك حسێن یه‌كێكی تر له‌ هاوڕێیه‌كانی جه‌مال گۆزه‌چی وای وت.

وتیشی “به‌رده‌وام ده‌یوت ده‌مه‌وێت هه‌موو نه‌وه‌كانم فێربكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌م ته‌واوبكه‌ن”.

ئه‌و مێژووه‌ چی لێ دێت؟

كه‌ركوك/حوزه‌یرانی 2018/ سه‌فین جه‌مال گۆزه‌چی له‌به‌رده‌م ئه‌و كوره‌یه‌ی كه‌ ساڵانێك باوكی بۆ دروستكردنی به‌رهه‌مه‌كانی به‌كاریده‌هێنا فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

مێژوو بۆ ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ دوباره‌بۆوه‌، زه‌ین ئه‌لعابدین كاكه‌یی – باوكی جه‌مال – له‌ دوزرخوماتوو و له‌ناو دوكانه‌كه‌یدا گیانیله‌ده‌ستداو هه‌ر له‌وێش به‌خاكسپێردرا، جه‌مالی كوڕیشی به‌هه‌مان شێوه‌ له‌كاتی كاره‌كه‌یدا له‌ داقوق مرد.

سه‌فین و حه‌وت خوشك و براكه‌ی له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی باوكی به‌رده‌وامن.

“ئێستا من جێگای باوکم گرتۆتەوە و کارو دروستکراوەکانی ئەو تەواو دەکەم، هەرچەند ناگەمە هونەری باوکم و هەر وەکو شاگردی ئەو دەمێنمەوە”.

له‌سه‌ر ئه‌و وه‌سیه‌ته‌ی باوك بۆ نه‌وه‌كانی جێده‌هێڵێت، سه‌فین ده‌یه‌وێت دواین گۆزه‌ی باوك و باپیرانی دروستبكات.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن