باوكی ئاشور چیتر بۆ مەیفرۆشتن کوچەکان تەیناکات
July 2, 2018 at 10:10 am

سه‌ڵاحه‌دین، حوزه‌یرانی 2018، ژماره‌ك گه‌نج له دوكانه‌كه‌ی باوكی ئاشور خواردنه‌وه‌ی كهولی ده‌كڕن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
كاروان ساڵحی – شه‌رگات
تاچه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، محه‌مه‌د به‌دری، كۆڵان به كۆڵانی قه‌زای شه‌رگاتی به‌دوای باوكی ئاشوردا تەی دەکرد، تا بۆ لەیادکردنی نیگەرانیەکانی چه‌ند پێكێك مه‌ی خەیاڵی بكات، یان لەوەش سەختتر جاران ناچاربوو له‌و پێناوه‌دا 125كم ببڕێت تا بگاتە تكریت.
“كه‌س ناچێته گۆڕی كه‌سه‌وه، باهه‌مومان ئازادبین، كێ رێگای مزگه‌وت ده‌گرێت ئازاده و كێ ده‌یه‌وێت مه‌ست بێت هه‌ر ئازاده، ئیتر حوكمی داعش ته‌واو”، به‌دری وای وت له‌وكاته‌ی یه‌كه‌م دوكانی مه‌شروب له‌قه‌زاكه‌یان له هه‌فته‌ی رابردودا كرایه‌وه.
به‌دری گه‌نجێكی قه‌زای شه‌رگاته له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، ناوچه‌كه دوای نزیكه‌ی چوار ساڵ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی داعش، ئێستا جۆرێك له ئازادی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش ئازادی مەی فرۆشتن و خواردنه‌وەی.
هورمز ئاشوری (باوكی ئاشور)، كه‌سێكی ناسراوه له قه‌زای شه‌رگات، بڕیاریدا چیتر به‌قاچاغ و له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا مه‌شروب نه‌فرۆشێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نوسراوێك ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی خۆجێی شه‌رگات ده‌كات، بۆ كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م دوكانی به‌ئاشكرا فرۆشتنی مه‌شروب.
باوكی ئاشور، پێشتر دانیشتووی عەینكاوه‌ی هه‌ولێر بووە، كه زۆرینه‌ی داشنتیوانهكهی كریستیانن، ساڵێک دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شه‌رگات بیرۆكه‌ی فرۆشتنی مه‌شروب له‌و شاره، له مێشكی‌دا چه‌كه‌ره ده‌كات و ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی بیرۆكه‌كه‌ی ده‌كات.
كێ رێگای مزگه‌وت ده‌گرێت ئازاده و كێ ده‌یه‌وێت مه‌ست بێت هه‌ر ئازاده، ئیتر حوكمی داعش ته‌واو
“سه‌ره‌تا به قاچاغ و له نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌مدا ده‌ستمپێكرد، گه‌نجان ژمارهكهمیان وه‌رده‌گرت و به‌ته‌له‌فون داوایانده‌كرد، یان له سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌مفرۆشت، دواتر بڕیارمدا به فه‌رمی بیفرۆشم”، باوكی ئاشور وای وت.
ئه‌و له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ئێزیدی به‌ناوی داود سلێمان بریمۆ، داوكارییهكیان ئاراسته‌ی ئیداره‌ی شه‌رگات كرد و دواتر له به‌غداوه مۆڵه‌تی كردنه‌وه‌ی دوكانیان وه‌رگرت.
“ئێمه کەسابەتى خۆمان دەکەین و لە دەرگاى کەس نادەین، کەسیش لە دەرگامان نادات، پێویست بەوە ناکات گەنجان بچن لە تکریت مەى بکڕن دەتوانن سەردانى ئێمە بکەن بۆ هەر جۆرێک کە دەیانەوێت”، باوكی ئاشور وای وت.
تا ئه‌وكاته‌ی باوكی ئاشور نه‌ڕۆیشتبوو بۆ شه‌رگات، گه‌نجانی قه‌زاكه 125 كیلۆمه‌تریان به ئۆتۆمبێل ده‌بڕی تا له تكریت مه‌ی-یان ده‌ستبكه‌وێت.
مەحمود بدری، كه یه‌كێك بوو له‌و گه‌نجانه دڵخۆشه به‌كردنه‌وه‌ی دوكانی مه‌شروب له قه‌زاكه‌یان، وتی “پێشتر ده‌بوو به نرخێکى گرانتر لە تکریت مەی بکڕێن، یان له كۆڵانه‌كان به‌دوای ئۆتۆمبێله‌كه‌ی باوكی ئاشوردا ده‌گه‌ڕاین”.

سه‌ڵاحه‌دین، حوزه‌یرانی 2018، باوكی ئاشور یه‌كه‌م دوكانی ئاشكرای فرۆشتنی مه‌ی له شه‌رگات كردۆته‌وه فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش-دا (2014 – 2017)، ئازادییه‌كانی تاك به‌ته‌واوی نههێڵرابون یان بهرتهسككرابونهوه، له‌وانه‌ش كڕێن و فرۆشتنی مه‌ی کە سزاكه‌ی له سێداره‌دان بوو.
دوكانه‌كه‌ی باوكی ئاشور یه‌كه‌م ئه‌زمونی فرۆشتنی مه‌ی-یه به‌ئاشكرا دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه.
شه‌رگات به‌دوری 125كم ده‌كه‌وێته باكوری ناوه‌ندی تكریت مه‌ڵبه‌ندی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی داعش كۆمه‌ڵكوژی تیاكرد، خه‌ڵكه‌كه‌ی روبه‌ڕوی ئاواره‌یی و رفاندن بونه‌وە.
عەلى دۆدح، قایمقامی قەزاى شه‌رگات یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی پێشوازی له كردنه‌وه‌ی دوكانی مه‌ی فرۆشتن كرد، به (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمه رێگریمان لێ نه‌كردن، ئه‌وانیش توانیان مۆڵه‌ت له وه‌زاره‌تی گه‌شتوگوزار وه‌ربگرن و دوكانه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه، گه‌نجێك مه‌ی بخواته‌وه هه‌ر ده‌یخوات، بۆیه پێویست ناكات بۆ مه‌ستبون رێگای دورببڕن “.
دۆدح كه هاوكات پێشنوێژ‌و وتارخۆێنى یەکێک لە مزگەوتەکانی شه‌رگاته، وتی “گەنجەکان مهستبن باشترە له‌وه‌ی سه‌ری خه‌ڵك ببڕن”، وه‌ك ئاماژەیه‌ك بۆ ئه‌و بیره توندڕەوییهی داعش بڵاویكردۆته‌وه.
له‌سه‌رده‌می داعش مه‌ی زۆر زۆر گران ده‌ستده‌كه‌وت، ئه‌وه‌ش زۆر به‌نهێنی و ترسه‌وه له‌و كه‌سانه‌مان ده‌کڕی كه خۆیان له داعشه‌وه نزیكبون
دوكانه‌كه‌ی باوكی ئاشورو هاوڕێیه‌كه‌ی بۆته جێی باسی خه‌ڵكی ناوچه‌كه، چونكه یه‌كه‌مجاره له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس له ده‌سه‌ڵاتدارێتی عیراق له‌ساڵی 2003 مه‌ی به‌ئاشكرا له قه‌زاكه بفرۆشرێت.
شه‌رگات له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا یانه‌ی خواردنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو کە (یانه‌ی رۆشنبیری شه‌رگات) ببوە.
عه‌لی دۆدح، وتی “ئه‌وكات یانه‌كه خێزانی بوو و هیچ كێشه‌ش نه‌بوو، بیرمان له‌كردنه‌وه‌ی كردۆته‌وه بۆ جارێكی تر، به‌ڵام كاتی ئه‌وێت چونكه یانه‌كه كراوه‌ته باره‌گای سه‌ربازی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی”.
دۆدح ده‌ڵێت لایه‌نێكی باشی كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كه ئه‌وه‌یه ئێستا ده‌توانین چاودێری كواڵیتی جۆره‌كانی بكه‌ین، “پێشتر گه‌نجان گوێیان به كواڵیتییهكهی نه‌ده‌دا و گرنگ ئه‌وه‌بوو ده‌ستیان بكه‌وێت، هاوکات ئێستا دەتوانین چاودێری نرخه‌كه‌شی بکەین”.
“ئێستا كه‌س رێگریی له خواردنه‌وه‌ی مه‌شروب ناكات ، خه‌ڵك ئازاده و سزا نادرێت… له‌سه‌رده‌می داعش مه‌ی زۆر زۆر گران ده‌ستده‌كه‌وت، ئه‌وه‌ش زۆر به‌نهێنی و ترسه‌وه له‌و كه‌سانه‌مان ده‌کڕی كه خۆیان له داعشه‌وه نزیكبون”، مه‌حمود به‌دری وای وت.