هاوڵاتیان شه‌وێكی پڕ له دڵه‌ڕاوكێیان به‌ڕێكرد
پۆلیس و دژه‌تیرۆر له‌كه‌ركوك: له ئارامی ناوشار دڵنیابن
June 29, 2018 at 11:33 am

كه‌ركوك، ئایاری 2018، هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق له نێو شاری كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه
ئيبراهيم عه‌لی – كه‌ركوك
هێزه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك، دڵنیایی ده‌ده‌ن له ئارامی دۆخی ناوشار و پلانێكی نوێ جێبه‌جێده‌كه‌ن، دوای ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی له نێو خه‌ڵكدا دروستبوو.
شه‌وی رابردوو، بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵ و گومانی هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ شاری كه‌ركوك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، بوه هۆی نیگه‌رانی و هه‌ندێك خێزانیش ئاماده‌كارییان كرد بۆ به‌جێهێشتنی شاره‌كه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ روبدات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئاگادار له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت “هیچ شتێك نیه له كه‌ركوك و دۆخه‌كه وه‌كو هه‌موو رۆژێكی دیكه‌یه .. شاره‌كه ئارامه و چه‌ندین هێز ده‌یپارێزێت.. هاوڵاتیان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه هیچ رونادات”.
شه‌وی رابردو هێزه‌كانی پۆلیس خرانه حاڵه‌تی ئاماده‌باشی له‌سه‌دا 100وه كه به (ج) ده‌ناسێنرێت، له ئه‌نجامی دڵه‌ڕاوكێی هاوڵاتیان و بڵاوبونه‌وه‌ی ترسی هێرشكردن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه به‌هۆی گومانی نیه‌تی داعش بوه بۆ هێرشی فرۆكه‌خانه و قه‌زای حه‌ویجه، به‌ڵام “ئه‌وه خه‌ونێكی به‌دینایه‌ت و كه‌ركوك ئارامه”.
له چه‌ندین مانگی رابردوودا و به تایبه‌ت له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه، چه‌ندینجار به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی ناراستی هێرشی داعش له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، ده‌یان خێزان ئاواره‌بون و شه‌ویان به دڵه‌ڕاوكێ به‌ڕێكردووه.

كه‌ركوك/2017/ ناوه‌ندی شار فۆتۆ: كاروان ساڵحی
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی دووی دژه‌تیرۆری عیراق له كه‌ركوك، شه‌وی رابردوو له تویته‌ر داوای له خه‌ڵك كردووه بڕوا به پڕوپاگه‌نده و هه‌واڵی ناڕاست نه‌كه‌ن، چونكه دۆخی شاره‌كه ئارامه.
هه‌روه‌ها بڵاویكردۆته‌وه له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كدارانه‌وه راسپێردراون بۆ ئۆپه‌راسیۆن دژی چه‌كداران و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری شاره‌كه، ده‌ستیان به جێبه‌جێكردنی پلانی ئه‌منی كردووه بۆ پاراستنی زیاتری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری.
دژه‌تیرۆر له په‌یامێكدا بۆ داعش ده‌ڵێت خه‌ونه‌كانیان بۆته رابردوو و لێدانه‌كانی داهاتوو پشتیان ده‌شكێنێت.
بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی هێرشی داعش، هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنه ئه‌منیه‌كان له‌ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك، دوای تۆماركردنی چه‌ندین روداوی رفاندن و هێرشی چه‌كداری و كوشتن له هه‌فته‌كانی رابردودا.
ئه‌فسه‌رێك له هه‌واڵگری هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیكرده‌وه، دۆخی ئه‌منی قه‌زای حه‌ویجه زۆرباش بوه و هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له نێوان ئه‌وان و خه‌ڵكدا هه‌یه و رێگه‌ناده‌ن جارێكی‌تر هاوڵاتیان ئاوارهببنهوه.
ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردو هه‌بووه ته‌قاندنه‌وه‌ی هێڵی كاره‌با و چه‌ند بۆمبێك بوه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك پێشێلكاری له ناحیه‌ی ریاز، به‌ڵام دۆخی حه‌ویجه ئارامه و پرۆپاگه‌نده هه‌یه، بۆ ئاوارهبونهوهی خه‌ڵك.
ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی حه‌شد دڵنیاییدا له‌وه‌ی “داعش هێزی جارانی هێرشكردنی نه‌ماوه و ناتوانێت جارێكی‌تر ده‌سه‌ڵاتی بسه‌پێنێت”.

حه‌مرین، حوزه‌یرانی 2018، هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕانی هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ راوه‌دونانی چه‌كدارانی نه‌ناسراو فۆتۆ: وه‌زاره‌تی به‌رگری
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌منی، دوێنێ پێنجشه‌ممه 28-6 فرۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا چه‌ند ئامانجێكیان له چیای حه‌مرین بۆردومان كردووه و به‌هۆیه‌وه، ژماره‌یه‌ك ئه‌میری داعش كوژراون و چه‌ندین سه‌ربازگه و تونێل خاپوركراون له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی كه‌ركوك – دیاله – سه‌ڵاحه‌دین.
هاوكات پۆلیسی فیدراڵی له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه، له ئه‌نجامی هه‌ڵمه‌تێكی هێزه‌كانیاندا له ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك توانراوه ته‌رمی ژماره‌یه‌ك داعش بدۆزنه‌وه و ده‌ستیش به‌سه‌ر چه‌ندین پارچه چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا بگرن.
له چه‌ند رۆژی رابردودا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، داوای پێكهێنانی هێزی هاوبه‌شی به به‌شداری پێشمه‌رگه كرد له كه‌ركوك و هێزه عیراقییه‌كانی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی ناتوانن ئاسایشی ناوچه‌كانی جێناكۆك بپارێزن، به‌ڵام هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان وه‌ڵامیان دایه‌وه و ئه‌و هه‌وڵه‌یان به پاساوێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه زانی و ره‌تیانكرده‌وه.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق دوێنێ پێنجشه‌ممه له كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منی وسهربازییهكاندا داوای راوه‌دونانی داعش و نه‌هێشتنی مه‌ترسی چه‌كدارانی كردوه، ره‌تیكردۆته‌وه مه‌ترسی جارێكی‌تر له ده‌ستدانی هیچ ناوچه‌یه‌ك هه‌بێت.
به‌رده‌وامی روداوه‌كان له كاتێكدایه، هه‌شت مانگه كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی داعش له ته‌واوی عیراقدا راگه‌یه‌ندراوه، به‌ڵام هێشتا به ته‌واوی ئارامی بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.