دوو هێز له‌ گونده‌ كاكه‌ییه‌كانی داقوق جێگیربون

June 29, 2018 at 10:40 pm

كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2018، هاوڵاتیانی كاكه‌یی گونده‌كانی داقوق چاوه‌ڕێن گره‌نتی پاراستنی ژیانیان بكرێت فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

دوو هێزی پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی له‌ گونده‌ كاكییه‌كانی داقوق جێگیربون، دوای چه‌ندین هێرشی چه‌كداری و روداوی رفاندن له‌ هه‌فته‌كانی رابردوودا، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ.

كاكه‌ییەکان كه‌ زۆرینه‌یان له‌ گونده‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن)، له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كداری، كوشتن و رفاندن بونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش زیاد له‌ جارێك داوای هاوكاریی به‌په‌له‌یان كردووه‌.

ئومێد حه‌سه‌ن، فه‌رمانده‌ی فەوجی حه‌شدی کاكه‌یی سه‌ر به‌ لیوای 50ی بابلیۆن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دوای ئەوه‌ی لە چەند رۆژی رابردودا لەسەرجەم خاڵەكانمان كشاینەوه، فه‌رمانده‌ی لیوای 19ی پۆلیسی فیدراڵی داوای كرد بگه‌ڕێینه‌وه‌ و به‌هه‌ماهه‌نگی سنوره‌كه‌ بپارێزین”.

ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی كاكه‌یی، 17-6 له‌ سنوره‌كه‌ كشانه‌وه‌ به‌هۆی پێنه‌دانی موچه‌كانیان له‌ هه‌شت مانگی رابردودا و خه‌ڵكی گونده‌كان خۆیان چه‌كیان هه‌ڵگرت، تا چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و هێزه‌ و پۆلیسی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه‌ تا له‌سه‌ر قه‌ڵای زه‌نقه‌ر و ‌ناو قوتابخانه‌ی گوندی عه‌لی سه‌رای جێگیربن.

ئومێد حه‌سه‌ن ده‌ڵێت به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێدراوه‌ له‌روی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و دابینكردنی ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیه‌وه‌ هاوكاری بكرێن.

له‌ دوایین روداودا كاتژمێر 11ی شه‌وی 25ی حوزه‌یران، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار كه‌ گومانده‌كرێت “داعش”بن، چونه ناو گوندی عه‌لی سه‌رای له‌ ناوچه‌ی حه‌فته‌غار له‌ سنوری قه‌زای داقوق، له ‌ئه‌نجامی ته‌قه‌كردندا كه‌سێكیان كوشت و دوانی تر برینداربون.

كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2018، به‌شێك له‌ گونده‌ كاكییه‌كانی داقوق به‌هۆی هه‌ره‌شه‌ی داعشه‌وه‌ به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕۆن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئازاد ره‌شید، ئەنجومەنی گوندی زەنقه‌ر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پۆلیسی فیدراڵی لە چەند خاڵێك لەدەوربەری گوندەكەمان جێگیربون، ئه‌وه‌ش بۆته‌ مایه‌ی خۆشحاڵی ئێمه‌ چونكه‌ دوای هه‌ره‌شه‌كانی داعش گونده‌كه‌مان به‌ ته‌واوی ئاواره‌بون”.

وه‌كو ئازاد باسیكرد، ئه‌و هێزه‌ گره‌نتییان به‌ خه‌ڵك داوه‌ جێگیربونه‌كه‌یان كاتی نه‌بێت، ئه‌وه‌ش هاوكار ده‌بێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكدا بۆ گونده‌كه‌.

11ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار كه‌ به‌ 20 كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كران، هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر گوندی زه‌نقه‌ره‌ له‌ قه‌زای داقوق و ئاغایه‌كی كاكه‌ییه‌كان و پێنج شۆفێری ده‌ڕاسه‌یان‌‌ له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌بن رفاند، به‌ڵام دواتر له‌ 23ی هه‌مان مانگدا پێنج شۆفێره‌كه‌ ئازادكران و ته‌نیا ئاغاكه‌ چاره‌نوسی نادیاره‌.

حه‌سه‌ن محه‌مه‌د غه‌ریب، دانیشتوی گونده‌ی عه‌لی سه‌رایه‌ له‌ داقوق و پێیوایه‌ جێگیربونی پۆلیسی فیدڕاڵی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك و به‌وهۆیه‌وه‌، بڕیاری خۆیان بۆ جێهێشتنی ماڵه‌كانیان گۆڕیووه‌.

ئه‌و له‌رێی (كه‌ركوك ناو)وه‌ داوایكرد “هێزی زیاتر ره‌وانەی ئەم ناوچەیە بكرێت، چونكە ناوچەیەكی فراوانە”.

بڕیاره‌ هێزه‌كانی حه‌شدی كاكه‌یی و پۆلیسی فیدراڵی، چڕتر له‌ گوندی عه‌لی سه‌رای بڵاوببنه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی دوا گوندی كاكه‌ییه‌كانه‌ له‌ باشوری خۆرئاوای داقوق و جموجۆڵی چه‌كدارانی داعشی تێدایه‌.

(كه‌ركوك ناو) له‌ڕاپۆرتێكیدا 5ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌ گونده‌ كاكه‌ییه‌كانی كه‌ركوك جموجۆڵی داعش زۆر بوه‌ و ئه‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌كرێته‌ ئامانج.

ته‌نیا له‌ ناوچەى هەفتەغار چه‌ندین روداو رویانداوه‌ كه‌ له‌ سێ گوند پێكدێن و دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن به‌ 15 هه‌زار كه‌س مه‌زنده‌ده‌كرێن.

كەركوك، شوباتی 2018، جێگیربوونی هێزە عیراقیەكان لە باشور ‌و خۆرهەڵاتی كەركوك فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

مه‌عن ساعدی، فه‌رمانده‌ی دژه‌تیرۆری عیراق له‌ كه‌ركوك ئایاری ئه‌مساڵ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناتوانن بگه‌نه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنوری داقوق به‌هۆی سه‌ختییه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ ده‌قۆزرێته‌وه‌ و دزه‌ ده‌كه‌نه‌ گونده‌كان.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا له‌ رێی یاداشت و كۆبونه‌وه‌وه‌ داوای له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی عیراق و هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هاوپه‌یمانان كرد، هێزی هاوبه‌ش بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك پێكبهێنرێت.

ئیدریس عادل، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ ماوه‌ی رابردودا چەندینجار داوای هێزمان كرد بۆ ئه‌و سنوره‌ .. داواكه‌مان دوباره‌ كرده‌وه‌ له‌ فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی 5ی پۆلیسی فیدراڵی و خۆشبه‌ختانه‌ بڕیاریدا هێزی زیاتر بۆ حه‌فته‌غار ره‌وانه‌ بكات”.

چوارشه‌ممه‌ 27-6 شاندێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، سه‌ردانی گونده‌ كاكه‌ییه‌كانیان كرد له‌ داقوق و به‌ڵێنیانداوه‌ فشار له‌ حكومه‌تی عیراقی بكه‌ن تا سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌رێنێته‌وه‌.

سه‌ردار ئه‌رجمان ئاغا، سه‌رۆك هۆزه‌كانی كاكه‌یی له‌ عیراق كه‌ یاوه‌ری شانده‌كه‌ بوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دوای هەڕه‌شەكانی داعش بۆ سەر گونده‌كانی كاكەیی نشینی داقوق و هێرشه‌كانیان كه‌ بووه‌ هۆی چۆڵكردنی گونده‌كانمان و ئاواره‌بونی خه‌ڵك.. بۆیه‌ فشاری زۆرمان كرد و سه‌ردانی به‌غدامان كردوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر”.

قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن