بازگه‌كانی مه‌رگ
به‌سه‌رهاتی بۆسه‌ چه‌كداریه‌كانی رێگای كه‌ركوك – به‌غدا

June 30, 2018 at 2:35 pm

خاڵس/ 11-3ی 2017، شۆفێرانی بارهەڵگر رێگای كەركوك بەغدایان داخست فۆتۆ: كاروان ساڵحی

نارین رۆسته‌م

مام مه‌جید دوای چه‌ندین ساڵ له‌ هاتوچۆی رێگای كه‌ركوك – به‌غدا، ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام لێی ده‌ترسا به‌سه‌ریداهات، كاتێك كه‌وته‌ بازگه‌یه‌كی وه‌همی چه‌كدارانی نه‌ناسراوه‌وه‌.

ئه‌و بازگه‌ چه‌كدارییانه‌ی مام مه‌جید پێیدا تێپه‌ڕی، بۆته‌ جێی رفاندن و كوشتنی ده‌یان مه‌ده‌نی له‌ رابردودا، ئه‌وه‌شی ژیانی پارێزراو بووه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا ماڵ و سامانی له‌ ده‌ستداوه‌.

“كۆمەڵێك پاسەپۆرتی خەڵكم لابوو، چەكدارەكان ویستیان بیبەن بەڵام نەمهێشت، دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر سەیارەكەیان بردم”، مام مه‌جید بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

رێگای نێوان کەرکوک – بەغدا 255کم-ە، ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوان و چه‌ندین قه‌زا و شار ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر ئه‌و رێگا سه‌ره‌كییه‌، له‌ دوای 2003وه‌ تائێستا سه‌قامگیری و ئاسایشی ته‌واوه‌تی تێدا نه‌بووه‌.

دوزخورماتوو/ 1-3ی 2017 شۆفێرانی بارهەڵگر رێگای كەركوك – بەغدایان داخست، دژی وەرگرتنی پارە لەلایەن بازگەكانەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

مام مه‌جید، دوای 12 ساڵ له‌ شۆفێری گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌و رێگایه‌دا، توانی به‌ له‌ده‌ستدانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ژیانی رزگاربكات، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك وه‌كو یه‌ك نیه‌، ده‌ڵێت “مانگی پێشوتر كوڕێكی هاوڕێمانیان رفاند و داوای دەفتەرێك دۆلاریان كرد، بەڵام  لەكۆتاییدا هەر كوشتیان”.

به‌بڕوای ئه‌و، چه‌كدارانی بازگه‌ وه‌هیمه‌كانی ئه‌و رێگایه‌ داعش نین، به‌ڵكو له‌لایه‌ن هێزی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن.

حكومه‌تی ناوه‌ندی و لێپرسراوانی باڵای عیراق، له‌ كابینه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كاندا به‌رده‌وام رێكار و بڕیاری ئه‌منییان له‌باره‌ی پاراستنی ئه‌و رێگایه‌وه‌ ده‌ركردووه‌، به‌ڵام نه‌بۆته‌ هۆی بنه‌بڕكردنی روداوه‌كان.

له‌ دوایین هه‌نگاودا حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منیه‌ جیاوازه‌كانی راسپارد بۆ هه‌ڵمه‌تی فراوانی گه‌ڕان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كانی سه‌ر رێگای كه‌ركوك – به‌غدا.

ئه‌و بڕیارانه‌ دوای ئه‌وه‌هات داعش 23ی حوزه‌یران ڤیدیۆیه‌كی رفاندنی شه‌ش كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی له‌و رێگایه‌دا بڵاوكرده‌وه‌ و مۆڵه‌تی سێ رۆژی دانا بۆ زرگاركردنیان له‌به‌رانبه‌ر ئازادكردنی ژنانی ده‌ستگیركراوی رێكخراوه‌، به‌ڵام دوای چوار رۆژ هه‌شت ته‌رمی شێوێنراو له‌ سنوری سه‌ڵاحه‌دین دۆزرانه‌وه‌ و ده‌ركه‌وت رفێنراوه‌كان بون.

یه‌كێكی تر له‌ روداوه‌كانی خوێناوییه‌كانی ئه‌و رێگایه‌ له‌ ئازاری ئه‌مساڵدا بوو، كاتێك تەواوی ئەندامانی خێزانێكی كەركوكی لەلایەن داعشەوە سوتێنران، پێنج كه‌س و یه‌كێكیان ژنێكی دوگیان بوو، دوای ئه‌وه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوو قه‌زای داقوق و دوزخورماتوو له‌لایه‌ن بازگه‌یه‌كی وه‌همیه‌وه‌ درانه‌ بەر دەستڕێژی گولە و دواتر به‌ ئۆتۆمبێله‌كهوه‌‌ ئاگریان تێبه‌ردرا.

كه‌ركوك، 2015، ژماره‌یه‌ك بارهه‌ڵگر له‌ رێگای سه‌ره‌كی شاره‌كه‌ به‌ره‌و به‌غدا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

توانا نەجم (34 ساڵ)، خاوەن كۆمپانیایه‌كی حەواڵەكردنی شتومەك و رۆژانە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی لە رێگای كەركوك – بەغداوە هاتوچۆ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌ده‌ر نه‌بووه‌ له‌و روداوانه‌ی روبه‌ڕوی شۆفێرانی رێگاكه‌ ده‌بنه‌وه‌.

نێوه‌ڕۆیه‌ك هه‌واڵی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی پێنج شۆفێری ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان به‌ توانا نه‌جم ده‌گات، هۆكار و پاساوه‌كان بۆ ئه‌و هیچ روون نه‌بون، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت داوای پاره‌ ده‌كرا له‌به‌رانبه‌ر ئازادكردنیاندا.

“ئەوان زۆر بێمنەتانە بەزمانی عەرەبی داوای پارەیان دەكرد .. دوای چەند رۆژێك لەهەوڵدان و شكایەتكردن بۆ رزگاركردنی شوفێرەكانم بێهیوا بووم و ناچار بە چل وەرەقە (چوار هه‌زار دۆلار) لەگەڵیان رێككەوتم”.

“ئەو كەسەی لە هەولێر هات و پارەكەی وەرگرت، كوردە و ناسراویشە”. توانا وای وت.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، دوو بازگه‌ی “نایاسایی” له‌ رێگای كه‌ركوك – به‌غدا هه‌ن و چه‌ند ساڵێكه‌ باج له‌ شۆفێران وه‌رده‌گرن، یه‌كێكیان له‌ خوار ناوچه‌ی حه‌مرین و ئه‌ویتر ده‌كه‌وێت عوزێم.

پێشتر شۆفێرانی ئه‌و رێگایه‌ پێشتر زیاد له‌ جارێك خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداوه‌ به‌هۆی وه‌رگرتنی باجه‌وه‌.

حكومەتی عیراقی لە بەغدا لاوازە، بۆیه‌ باج وەرگرەكانی ئه‌و رێگایه‌ لەمێژە هەن

جگه‌ له‌وانه‌ش، ده‌یان بازگه‌ی تری كاتی و وه‌همی هه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ لێپرسراوانی عیراق به‌ داعش ناویان ده‌به‌ن به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هاتوچۆی رێگاكه‌ ده‌كه‌ن ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌دا نین، چونكه‌ به‌شێك له‌ رێگره‌كان ته‌نیا داوای پاره‌ ده‌كه‌ن یان رفێنراوه‌كان به‌ پاره‌ رزگارده‌كه‌ن، به‌شێكی تر له‌ روداوه‌كانیش به‌ مه‌رگی رفێنراوه‌كان كۆتاییهاتووه‌ و ڤیدیۆكه‌ی له‌ میدیاكه‌ی داعش بڵاوبۆته‌وه‌.

عەلی حوسێنی، وتەبێژی حەشدی توركمانی له‌ سنوری قه‌زای دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “حكومەتی عیراقی لە بەغدا لاوازە، باج وەرگرەكان لەمێژە هەن، بەڵام من ئاگادارنیم لە هەبوونی ئەو گروپانەی خەڵك دەڕفێنن و دەیانكوژن، بڕواناكەم هەشبن”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت هه‌ركه‌س قسه‌كانی له‌ باره‌ی نه‌بونی گروپی رفاندنی خه‌ڵك ره‌تده‌كاته‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌، ئاماده‌یه‌ ده‌نگی بگه‌یه‌نێته‌ لێپرسراوانی به‌غدا.

رێگای كه‌ركوك – به‌غدا، له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا چه‌ندجارێك به‌ كاتی داخراوه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا رێگاكه‌ كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و دوای چوار مانگ به‌ روی شۆفێراندا كرایه‌وه‌، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی سەدان بۆمبی چێنراویشه‌وه‌ هاتوچۆ تێیدا قورس بوه‌.

بەپێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، به‌ ده‌ر له‌ كوشتن و رفاندن و هێرشی چه‌كداری، تائێستا ده‌یان روداوی هاتوچۆش له‌و رێگایه‌دا تۆماركراون و هاوڵاتیان بونه‌ته‌ قوربانی، به‌جۆرێك لەهەر دوو رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک گیانی له‌ده‌ستداوه.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن