قایمقامی داقوق دورده‌خرێته‌وه‌
ئه‌میر خوداكه‌ره‌م بۆ راكان سه‌عید: به‌بڕیاره‌كه‌تدا بچۆره‌وه‌

July 5, 2018 at 4:09 pm

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م، قایمقامی له‌كارلادراوی قه‌زای داقوق

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس – كه‌ركوك

پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، بڕیاریدا به‌ دورخستنه‌وه‌ی ئه‌میر خوداكه‌ره‌م له‌ پۆستی قایمقامی داقوق له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی ناوبراوی لێكه‌وتۆته‌وه‌ و داوا ده‌كات ئه‌و رێكاره‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

به‌پێی نوسراوێكی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت كه‌ له‌ 4-7 ده‌رچووه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌ بڕیاردراوه‌ به‌ لابردنی قایمقامی داقوق، پاڵپشت به‌ یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ هه‌رێم و بڕیارێكی پێشتر ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ له‌ مانگی 11ی ساڵی رابردوودا.

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م، قایمقامی له‌كارلادراوی داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “فەرمانی كارگێڕی راكان سه‌عید ده‌رباره‌ی دورخستنه‌وه‌م له‌ پۆستی قایمقام ره‌تدەكەمەوه و له‌رێی نوسراوێكه‌وه‌ داوای لێده‌كه‌م بە بڕیارەكەیدا بچێتەوه و پاشگەزبێتەوه، چونكە بڕیارەكە نایاساییە”.

دورخستنه‌وه‌ی قایمقام پشتی به‌ستووه‌ به‌بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق له‌ 21-11ی 2017، دوای ئه‌نجامدانی لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئه‌میر خوداكه‌ره‌م له‌رێی نوسراوه‌وه‌ و دواتر سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ لێی، به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانی سنوره‌كه‌، به‌شداری له‌ ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی 2017ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان و رێگه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گای پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ داقوق.

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م له‌باره‌ی تۆمه‌ته‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌و ته‌نیا بڕیاره‌كانی پارێزگاری پێشوی كه‌ركوكی جێبه‌جێكردووه‌ و كاتی چونی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ش بۆ داقوق سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ بووه‌ نه‌ك قایمقام.

ناوبراو له‌ پێكهاته‌ی كورد 21ی ئایاری 2015  دوای سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ ئه‌حمه‌د حه‌سون عه‌زی قایمقامی پێشوی داقوق له‌ڕێی ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌وه‌، خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید كردو به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بووه‌ قایمقام، له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ كه‌ركوك شاره‌كه‌ جێهێشت و دوای نزیكه‌ی مانگێك گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ی.

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م جه‌ختیكرده‌وه‌ دوای ئاراسته‌كردنی نوسراوێك بۆ پارێزگاری كه‌ركوك بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ چاوه‌ڕێی وه‌ڵام ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هانا بۆ دادگای كارگێڕی فیدراڵی ده‌بات له‌ به‌غدا و سكاڵای ده‌بێت.

قەزای داقوق بەدووری 44كم دەكەوێتە باشووری ناوەندی كەركوك‌، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردودا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وتۆته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

 

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن