كاره‌بای كه‌ركوك كه‌مده‌بێته‌وه‌
له‌ دوو گـه‌ڕه‌ك خۆپـیـشاندان ئه‌نجامدرا

July 5, 2018 at 5:33 pm

كه‌ركوك، 5-7-2018، هاوڵاتیان وه‌كو ناڕه‌زاییه‌ك دژی كه‌می كاره‌با رێگایه‌كی هاتوچۆیان داخست فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

دانیشتوانی دوو گه‌ڕه‌كی شاری كه‌ركوك، خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا دژی كه‌مبونه‌وه‌ی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی لێپرسراوانی شاره‌كه‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5-7 له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شۆریجه‌ و په‌نجه‌عه‌لی كه‌ركوك، هاوڵاتیان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی رێگایه‌كی سه‌ره‌كی هاتوچۆیان داخست و ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و داوایانكرد، پێدانی كاره‌با به‌ هاوڵاتیان زیاتر بكرێت و جیاوازیش نه‌كرێت له‌ نێوان ناوچه‌كاندا.

بەیاد ئیسماعیل، یه‌كێكه‌ له‌ خۆپیشانده‌رانی گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت، سه‌رباری نه‌بونی ئاوی خواردنه‌وه‌، قه‌یرانی كاره‌باش هه‌راسانی كردون، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌رێی ناڕه‌زاییه‌وه‌ ده‌نگی خۆیان به‌ لێپرسراوان بگه‌یه‌نن.

كه‌مبونه‌وه‌ی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی له‌ كاتێكدایه‌، پله‌ی گه‌رمای كه‌ركوك له‌ 50 پله‌ی سیلیزی نزیكبۆته‌وه‌.

ناكرێت دۆخی كارەبا خراپ بێت له‌كاتێكدا پلەكانی گەرما ڕوو لەبەرزبونەوەیە

ئەحمەد نوری، هاوڵاتییه‌كی تری خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ كه‌ركوكه‌ و پێیوایه‌ جیاوازی لەنێوان گەڕەكەكاندا دەكرێت و بەشێكی كارەبای شاره‌كه‌ش ده‌درێته‌ قه‌زای حه‌ویجه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكی ناوشار باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن.

هه‌روه‌ها بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “ناكرێت دۆخی كارەبا خراپ بێت له‌كاتێكدا رۆژ لەدوای رۆژ پلەكانی گەرما ڕوو لەبەرزبونەوەیە”، داوایكرد حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدەم داواكاریەكانیانه‌وه‌ بچن.

له‌ چه‌ند مانگی رابردوشدا، زیاد له‌ جارێك به‌ڵێنی چاككردنی دۆخی كاره‌با به‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك دراوه‌ و به‌ڵام وه‌كو خۆپیشانده‌ران ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن، هیچ ده‌ره‌نجامێكی نه‌بووه‌.

یاڵچین مه‌هدی، به‌رێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی كاره‌بای كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “چەند رۆژێك بەر لە ئێستا 700 مێگاوات كارەبا دەگەیشته‌ شاری كەركوك بەڵام ئێستا 500 مێگاوات كارەبا دەگات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەرانسەری عیراق كەمیكردووه‌”.

له‌باره‌ی جیاوازی كردن له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كاندا له‌ پێدانی كاره‌با، ئه‌و لێپرسراوه‌ رونیكرده‌وه‌ به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی كاره‌باوه‌ هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك 15 كاتژمێر كاره‌بایان ده‌بڕدرێت و هه‌ندێك شوێنی دیكه‌ش، 10 كاتژمێر كاره‌بایان ده‌بڕدرێت.

پێشتر 700 مێگاوات كارەبا دەگەیشته‌ كەركوك بەڵام ئێستا 500 مێگاواته‌

یاڵچین مه‌هدی وتیشی ئه‌و وێستگانه‌ی له‌ كه‌ركوكه‌ وه‌كو تازه‌ و مه‌لاعه‌بدوڵا، به‌رهه‌مهێنانی وزه‌كانیان بۆ كه‌ركوك نیه‌ و ده‌چێته‌ به‌غدا، پاشان له‌رێی تۆڕی نیشتمانی عیراقه‌وه‌ دابه‌شده‌كرێته‌وه‌ و ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌.

له‌ ئێستادا ئیداره‌ی كه‌ركوك بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی نه‌بونی كاره‌بای نیشتمانی ته‌نیا پشت به‌ مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان ده‌به‌ستێت و واده‌یه‌ك دیارینه‌كراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌.

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگای كەركوك بۆ كاروباری هونەری به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەهۆی كەمی كارەبا و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڕیارماندا مۆلیدە ئەهلیه‌كانی شاره‌كه‌ رۆژانه‌ 24 كاتژمێر كار به‌ مۆلیده‌كانیان بكه‌ن و هه‌ركاتێك كاره‌بای نیشتمانی پچڕا كاره‌با بده‌ن به‌ هاوڵاتیان”.

نرخی هه‌ر ئه‌مپێرێك كاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ مانگی ته‌مموز له‌ نێوان هه‌شت بۆ 10 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌.

یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ڵێت ئه‌و بڕیاره‌ بۆ مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان و كاركردن بۆ 24 كاتژمێر له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و نرخه‌ ده‌بێت پێشتر دیاریكراوه‌ و گۆڕانكاری تێداناكرێت.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن