كه‌س به‌دۆی خۆی ناڵێت ترشه‌
هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌ڵێن ده‌نگه‌كانیان زیادیكردوه‌

July 7, 2018 at 1:31 pm

كه‌ركوك/ ته‌مووزی 2018/ هه‌ژماركردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار به‌ده‌ست فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

ته‌واوی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌زیادكردنی ده‌نگه‌كانیان دوای كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردن به‌ده‌ست، هه‌رچه‌نده‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ ئامارێكی بڵاونه‌كردۆته‌وه‌.

دوای سێ رۆژ، هه‌ینی 6ی ته‌مووز كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ڕێی ئه‌و دادوه‌رانه‌ی له‌جێی ئه‌ندامانی كۆمسیۆن دانراون، كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ی‌ جیاكردنه‌وه‌و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانی له‌ پارێزگای كه‌ركوك راگه‌یاند.

هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان كه‌ دوو لایه‌نی ناڕازیبون له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ئه‌لكترۆنی، ده‌ڵێن له‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ به‌ده‌ست ته‌زویرات ئاشكرابوه‌ و ده‌نگه‌كانیان به‌رزبۆته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌و حزبه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌ زیادكردنی ده‌نگه‌كانیان.

پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب: ته‌زویر به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆركراوه‌

حاتەم تائی، وتەبیژى گردبونەوەى عەرەبی له‌ كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی “زۆر باش”، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەرەبەرە ئەنجامەکان دەرکەوتون کە رێژەیەکى زۆر تەزویرى تێداکراوە، بە تایبەتى ئەو سندوقانەى جێگاى گومان بون، هەروەها سندوقەکانى دیکەش”.

هه‌رچه‌نده‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردن ته‌نیا بۆ ئه‌و سندوقانه‌ ده‌كات كه‌ سكاڵایان له‌سه‌ره‌ و زیاتر له‌ 500 سندوقن، به‌ڵام پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب كه‌ خاوه‌نی سێ كورسین له‌ كۆی 12 كورسی پارێزگاكه‌، داواده‌كه‌ن ده‌نگی هه‌موو سندوقه‌كان هه‌ژماربكرێنه‌وه‌، چونكه پێیانوایه‌‌ ته‌زویر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بونی هه‌یه‌.

كه‌ركوك/ ته‌مووزی 2018/ ناوه‌ندی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان، زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان پێیانوایه‌ ده‌نگه‌كانیان زیادی كردوه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

“ئەنجامى تەزویرەکان له‌و سندوقانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ره‌ زۆر خه‌یاڵیی و جیاوازه‌ له‌ئه‌نجامی هه‌ژماركردن و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌لكترۆنی، بۆیه‌ داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگه‌كان ده‌كه‌ین”، ‌تائی وای وت. له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ زیادكردنی ده‌نگه‌كانیان به‌بێ ئه‌وه‌ی ئامارێك بدات.

توركمان: 30 هه‌زار ده‌نگمان بۆ گه‌ڕایه‌وه‌

پێكهاته‌ی توركمان كه‌ خاوه‌نی سێ كورسین، چاویان له‌ كورسی چواره‌مه‌ له‌ئه‌نجامی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی 30 هه‌زار ده‌نگیان ده‌كه‌ن.

عەلى قاریاغدی، لێپرسراوی لقی كه‌ركوكی حزبی توركمان ئیلی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌پێی داتاو زانیاریی نوێنه‌ره‌كانمان له‌ بنكه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ و جیاكردنه‌وه‌ ده‌نگه‌كان ئاماده‌بون، 30 هه‌زار ده‌نگمان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، عه‌ره‌بیش 15 هه‌زار ده‌نگ، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی 45 هه‌زار ده‌نگی له‌ده‌ستداوه‌”.

قاریاغدی جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ هه‌ژماركردن و جیاكردنه‌وه‌ به‌ده‌ست ده‌ركه‌وتوه‌ رێژه‌ی ته‌زویرات له‌سه‌دا 50 بووه‌.

وتیشی “تەنها لە بنکەکانى (ئیمام حوسێن، پێشەوا، ناوەندى پیشەسازى داقوق و شەفەق، بنکەى جەمال عەبدولناسر لە ناوەندى شارى کەرکوک، بەرەى تورکمانى دوو هه‌زارو 501 دەنگی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، هەروەها 613 دەنگ بۆ نەتەوەى عەرەب، یه‌كێتیش سێ هه‌زارو 430 ده‌نگ كه‌میكردوه‌”.

توركمان تێبینی هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێوازی هه‌ژماركردنه‌وه و جیاكردنه‌وه‌،  ‌”ئه‌و لایه‌نانه‌ی ته‌زویراتیان كردوه‌ هه‌وڵی چاوپۆشیكردن ده‌ده‌ن له‌ سندوقی هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ سندوقه‌كان له‌كاتی گواستنه‌وه‌یان شكێنراون”.

ئه‌و لایه‌نانه‌ی ته‌زویراتیان كردوه‌ هه‌وڵی چاوپۆشیكردن ده‌ده‌ن له‌ سندوقی هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان

یه‌كێتیی: ده‌نگه‌كانمان كه‌مناكات

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌یه‌كه‌م رۆژی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كردن بۆ په‌نابردن بۆ خۆپیشاندان له‌حاڵه‌تی “ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كان”، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان زیادده‌كات.

ئەڵماس فازڵ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی و كاندیدی سه‌ركه‌وتوی ئه‌و حزبه‌ بۆ په‌رله‌مانی عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پابەندین بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، بەڵام گومانی ده‌ستكاریكردنی سندوقه‌كانی ده‌نگدانمان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و سندوقانە ماوەیەک لەبەردەستی چەند لایەنێک بووه‌ كه‌ متمانەمان پێیان نییه‌”.

“ئێمه‌ ده‌نگه‌كانمان كه‌مناكات به‌ڵكو زیادده‌كات… ئه‌ندامانمان لە ژورى جیاکردنەوه‌ی ده‌نگه‌كان نین، بەڵکو کۆمیسیۆن خۆیان لەوێن، زۆربەى دەنگەکان کە بەدەست هەژمارکراوەته‌وه‌ هیچ جیاوازییەکى نییە لەگەڵ هەژمارکردنى ئەلیکترۆنى”، ئه‌ڵماس وای وت.

زۆربەى دەنگەکان کە بەدەست هەژمارکراوه‌ته‌وه‌ هیچ جیاوازییەکى نییە لەگەڵ هەژمارکردنى ئەلیکترۆنى

وتیشی “لەسەر ئەو سندوقانەى  کە شکێندراون و دەستکارى قوفڵەکەیان کراوە سکاڵاى خۆمان کردوە و پێشکەشى کۆمیسیۆن و چەند لایەنێکى دیکەمان کردوە”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن