نوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و توركمان داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ته‌واوی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن

July 7, 2018 at 8:34 pm

كه‌ركوك/ ته‌مووزی 2018/ ناوه‌ندی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان، زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان پێیانوایه‌ ده‌نگه‌كانیان زیادی كردوه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

عومه‌ر جه‌واد – كه‌ركوك

نوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ خولی سێیه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ته‌واوی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی “ده‌نگه‌كان به‌شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی دزراون”.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا شه‌ممه‌ 7ی ته‌مووز كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)، ئاماده‌ی بوو، ئه‌و ئه‌ندامانه‌جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ كاتی جیاكردنه‌وه‌و هه‌ژماركردنی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك ده‌ركه‌وتووه‌، رێژه‌ی ته‌زویری زۆر و به‌به‌رنامه‌ هه‌بوه‌ و ده‌نگه‌كان به‌شێوه‌ی‌ ئه‌لكترۆنی دزراون.

 له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا نوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ خولی سێیه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌یاننامه‌یه‌كیان خوێنده‌وه‌ و تیایدا هاتوه‌ كه‌ تائێستا ده‌نگی هه‌زار و 143 وێستگه‌ جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ده‌ستی بۆ كراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌كۆی دوو هه‌زار 193وێستگه‌.

“ژمار‌دنه‌وه‌ی به‌ده‌ست سه‌لماندویه‌تی كه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌كو یه‌ك نین، ئه‌نجامی رامی هه‌موو وێستگه‌كان گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتوه‌… ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌ره‌خات دزیی ئه‌لكترۆنی كراوه‌ و ئیراده‌ی خه‌ڵكیان ته‌زویركردوه‌”.

بۆیه‌ داوایان له‌ ته‌واوی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی عیراق كرد، دژی ئه‌و هه‌وڵه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ و داواكاریی هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمانیان به‌ شه‌رعی وه‌سفكرد.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ چه‌ند جارێك یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان كه‌ تۆمه‌تباركراوه‌ به‌هه‌وڵی “ته‌زویركردن” ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا پێیوایه‌ ده‌ستكاریی ده‌نگی نێو سندوقه‌كانی ده‌نگدان كراوه‌.

كه‌ركوك/7ی ته‌مووزی 2018/ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ئه‌ندامانی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ خولی سێیه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق فۆتۆ: عومه‌ر جه‌واد

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن