یه‌كێتی له‌كه‌ركوك: ده‌نگه‌كانمان زیادیكرد و كورسیه‌كانمان وه‌كو خۆی مایه‌وه‌

July 8, 2018 at 7:23 pm

كه‌ركوك/ ته‌مووزی 2018/ هه‌ژماركردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار به‌ده‌ست فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك ناو

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌نگه‌كانیان له‌ كه‌ركوك زیادیكردووه‌ و كورسییه‌كانیشیان وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی سه‌دا 25ی سندوقه‌كانی پارێزگاكه‌ به‌ده‌ست هه‌ژماركرانه‌وه‌.

پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك، 3ی ته‌مموز ده‌ستیپێكرد و دوێنێ شه‌ممه‌ كۆتایی هات، به‌ڵام كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ زانیارییه‌كی فه‌رمی له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانه‌وه‌ بڵاونه‌كردۆته‌وه‌.

خالید شوانی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ كه‌ركوك جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌ شاره‌كه‌ دوای ئه‌و پرۆسه‌ زیادیكردووه‌ و ژماره‌ی كورسییه‌كانیشیان وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵی عیراق، یه‌كێتی شه‌ش كورسیی كه‌ركوكی به‌ ده‌ستهێناوه‌ له‌ كۆی 13 كورسی كه‌ یه‌كێكیان كۆتای كریستیانه‌، هه‌ریه‌ك له‌ به‌ره‌ی توركمانی و هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بیش یه‌كی سێ كورسییان هه‌یه‌.

شوانی هۆشداریدا له‌و لایه‌نه‌نانه‌ی “هه‌وڵی تێكدانی پێكه‌وه‌ژیانی” شاره‌كه‌ ده‌ده‌ن، له‌ رێی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر شه‌قام و جه‌ختیكرده‌وه‌ “ئه‌من و ئاسایشی كه‌ركوك هێڵی سوره‌ بۆ هه‌موو لایه‌نێك و كه‌ركوك له‌ هه‌موان گه‌وره‌تره‌”.

داواشی له‌ لایه‌نه‌كان كرد به‌ “روحێكی وه‌رزشییه‌وه‌” ئه‌نجامه‌كان قبوڵبكه‌ن و خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ چوارساڵی داهاتوو.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك، ناڕازین له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و داوایانكردووه‌ پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی، هه‌موو ده‌نگه‌كانی شاره‌كه‌ بگرێته‌وه‌ نه‌ك ته‌نیا ئه‌وانه‌ی گومانیان له‌سه‌ره‌.

رێبوار ته‌ها، سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق و كاندیدی سه‌ركه‌وتوو له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا ئاشكرایكرد له‌ پێنج رۆژدا هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ 522 سندوق كراوه‌ له‌ كۆی زیاتر له‌ دوو هه‌زار سندوق، ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا 25ی كۆی سندوقی ده‌نگه‌كان.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ چه‌ندین تۆمه‌ت ئاراسته‌ی یه‌كێتی كراوه‌ و بۆ نزیكه‌ی مانگێكیش به‌شێك له‌ سندوقه‌كان له‌ژێر ده‌ستی لایه‌نێكدا بووه‌، به‌ڵام “به‌  لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای كەركوك یه‌كێتی دانی بە خۆیدا گرت”.

رێبوار ته‌ها وتی “هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی تۆمه‌تی ناڕه‌وا و گه‌له‌كۆمه‌یان له‌ یه‌كێتی كرد له‌ دادگا روبه‌ڕویان ده‌بینه‌وه‌”.

پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و بڕیاره‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا شاره‌كانی دیكه‌ش بگرێته‌وه‌، دوای دادگای فیدراڵی له‌ چوارچێوه‌ی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بڕیاریدا به‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌و ناوه‌ند و وێستگانه‌ی گومان و سكاڵایان له‌سه‌ره‌، نه‌ك هه‌موو ده‌نگه‌كانی عیراق.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن