قايمقامى له‌كارلادراوی داقوق: سكاڵام تۆماركرد

July 8, 2018 at 9:25 pm

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م، قایمقامی له‌كارلادراوی قه‌زای داقوق فۆتۆ: په‌یجی قایمقامیه‌ت له‌ فه‌یسبوك

نارین رۆسته‌م – كه‌ركوك

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م، قایمقامی له‌كارلادراوی داقوق سكاڵای یاسایی دژ به‌ بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی تۆماركردووه‌ و ئاشكرایده‌كات، حزبه‌كه‌ی نه‌یتوانیووه‌ پارێزگاری كه‌ركوك له‌و هه‌نگاوه‌ په‌شیمانبكاته‌وه‌.

به‌پێی نوسراوێكی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت كه‌ له‌ 4-7 ده‌رچووه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌ بڕیاردراوه‌ به‌ لابردنی قایمقامی داقوق، پاڵپشت به‌ یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ هه‌رێم و بڕیارێكی پێشتر ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ له‌ مانگی 11ی ساڵی رابردوودا.

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م ده‌ڵێت سكاڵای له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ تۆماركردووه‌ و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئەگەر كەركوك هیچمان بۆ نەكات سكاڵاكەم دەبەمە بەغدا”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ “به‌پێی یاسا تائێستا قایمقامم، ئەو بڕیارەی پارێزگاری كەركوك بۆ كەمبونەوەی دەنگی كوردە و جۆرێكە لەتەعریب، بۆیه‌ ئێمە هەرگیز واز لەو پۆستە ناهێنین چونكە ئەمە پۆستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌”.

“چوار ئەندامی (یەكێتی) سەردانی پارێزگاری كەركوكیان كردوە بەڵام ئەو لە بڕیارەكەی پاشگەزنەبۆوە”.

دورخستنه‌وه‌ی قایمقام پشتی به‌ستووه‌ به‌بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق له‌ 21-11ی 2017، دوای ئه‌نجامدانی لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئه‌میر خوداكه‌ره‌م له‌رێی نوسراوه‌وه‌ و دواتر سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ لێی، به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانی سنوره‌كه‌، به‌شداری له‌ ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی 2017ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان و رێگه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گای پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ داقوق.

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م پێیوانیه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ پاساوبن بۆ دورخستنه‌وه‌یی و ده‌ڵێت له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ شه‌ش به‌ڕێوه‌به‌ری له‌ قه‌زاكه‌ دورخراونه‌ته‌وه‌.

قەزای داقوق بەدووری 44كم دەكەوێتە باشووری ناوەندی كەركوك‌، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردودا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وتۆته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن