كاندیدی تر له‌ جێگه‌یان داده‌نرێن
ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ سێ كاندیدی سه‌ركه‌وتوی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك بكشێنه‌وه‌

July 9, 2018 at 11:09 am

كه‌ركوك/ئایاری 2018/ به‌شێك له‌ كاندیده‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ ئاهه‌نگی راگه‌یاندنی لیسته‌كه‌یان فۆتۆ: pukmedia

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

ئه‌گه‌ری هه‌یه‌‌ سێ كاندیدی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ كه‌ركوك له‌نێویاندا سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ نه‌چنه‌ په‌رله‌مانی عیراق و بكشێنه‌وه‌ و سێ كاندیدی تر جێگه‌یان بگرنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی دوو سه‌رچاوه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو)، سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ش له‌ئێستادا تاوتوێی ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌و سێ كاندیده‌ رێبوار ته‌ها سه‌رۆكی لیسته‌كه‌، ئه‌ڵماس فازڵ و بێستون عادل زه‌نگه‌نه‌ن‌، له‌ئێستادا له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی-یه‌وه‌ تاوتوێی كشانه‌وه‌یان و جێگرتنه‌وه‌یان به‌ سێ كاندیدی تر ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك.

سەرچاوەیەک كه‌ لێپرسراوێتی هه‌یه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بڕیاره‌ بۆ ئه‌م خولەی پەرلەمانی عیراق یەکێتی سێ کاندیدی سه‌ركه‌وتوی له‌ كه‌ركوك بكشێنێته‌وه‌ له‌به‌ر پێویستی بونی ئه‌و سێ كه‌سه‌ بۆ پۆستی تر و سودوه‌رگرتن له‌ توانای كاندیده‌كانی تر”.

به‌پێی وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئەڵماس فازڵ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی گرنگیدانی یه‌كێتی به‌ پۆستی بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و پێویستی مانه‌وه‌ی ناوبراو له‌و پۆسته‌ چونكه‌ “به‌دیلی ئه‌و له‌ ئه‌نجومه‌ن نییه‌و ده‌ترسین ئه‌و پۆسته‌مان له‌ده‌ستبچێت، پێمانوایه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پۆسته‌ گرنگه‌كان بۆ یه‌كێتیی و كورد”، سه‌رچاوه‌كه‌ وای وت.

له‌ ‌باره‌ی بێستون زه‌نگه‌نه‌وه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ وتی “یه‌كێتی ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره‌ پشكی كه‌ركوكییه‌كان له‌ به‌غدا زیادبكات، بێستون زه‌نگه‌نه‌ش پێشتر له‌ په‌رله‌مانی عیراق بووه‌ و ئێستا كاندیده‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی حكومی، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت كه‌سێكی تر ئه‌زمونی په‌رله‌مانی تاقیبكاته‌وه‌ و سود له‌ توانای بێستون زه‌نگه‌نه‌ ببینین بۆ پۆست و ئه‌ركی حكومی”.

یه‌كێتی ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره‌ پشكی كه‌ركوكییه‌كان له‌ به‌غدا زیادبكات

هه‌رچی رێبوار ته‌ها، سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتییه‌، به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، یه‌كێتیی بێئومێد بوه‌ له‌ پشتیوانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ رزگار عه‌لی، كاندیدی یه‌كێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت كاندیده‌كه‌ بگۆڕێت به‌ رێبوار ته‌ها یان خالید شوانی، له‌و حاڵه‌ته‌شدا رێبوار ته‌ها ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌په‌رله‌مانی عیراق.

ناڕە‌زایی گه‌یشتۆته‌ نێو ماڵی یه‌كێتی-یشكاندیده‌ ده‌رنه‌چوه‌كانیان “به‌دوای ده‌نگه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێن”

سه‌رچاوه‌كی تر كه‌ له‌ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتی لێپرسراوێتی هه‌یه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “یه‌كێتی هه‌روه‌ها له‌ژێر فشاری كاندیده‌كانی تردایه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌و فشاره‌ كه‌مبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌دۆزینه‌وه‌ و پێدانی لێپرسراوێتی تر، سیانیان ده‌به‌نه‌ په‌رله‌مان و ئه‌وانی تریش ئه‌ركی تریان پێده‌سپێرێت”.

سه‌رچاوه‌ وتی “رێبوار ته‌ها بە حزبەکەی راگەیاندوە کە نایەوێت ئەمجاره‌ وەکو پەرلەمانتار بچێتە بەغدا، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی”.

كێ جێگه‌یان ده‌گرێته‌وه‌؟

له‌حاڵه‌تی كشانه‌وه‌ی ئه‌و سێ كاندیده‌، به‌پێی رێژه‌ی ده‌نگه‌كان سێ كاندیدی تر جێگه‌یان ده‌گرنه‌وه‌.

له‌ شوێنی ئه‌ڵماس فازاڵ كه‌ پێویسته‌ كاندیدێكی ژن بڕوات، ئه‌ویش حه‌سیبه عه‌بدوڵایه‌، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌كه‌ له‌ زیاد كاكه‌یی و میقداد فه‌یزوڵا ده‌چنه‌ شوێنی رێبوار ته‌هاو بێستون زه‌نگه‌نه‌.

به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ هێشتا نه‌بونه‌ته‌ بڕیارو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ئاینده‌كی نزیكدا بڕیاری كۆتایی ده‌دات.

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌پێی ئه‌نجامه‌ راگه‌یه‌نراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 شه‌ش كورسی له‌ پارێزگای كه‌ركوك به‌ده‌ستهێنا له‌كۆی 12 كورسی پارێزگاكه‌.

ئه‌و 10 ژنه‌ كاندیده‌ی زۆرترین ده‌نگ-یان به‌ده‌ستهێناوه‌

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن