خۆپیشانده‌ران له‌دژی كه‌می كاره‌با رێگای سەرەکی کەرکوک –سلێمانیان داخست

July 9, 2018 at 2:30 pm

كه‌ركوك/9ی ته‌مووزی 2018/خۆپیشاندان دژی كه‌مبونه‌وه‌ی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتیمانی له‌ قه‌ره‌هه‌نجیر فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد – کەرکوك

خۆپیشانده‌ران له‌ ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر له‌كه‌ركوك رێگای سه‌ره‌كی هه‌ردو پارێزگای كه‌ركوك – سلێمانیان بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك داخست، ئه‌وه‌ش دژی كه‌مبونه‌وه‌ی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتیمانی.

خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ی ته‌مووز، له‌ ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك به‌ڕێوه‌چوو.

محەمەد عەلی، یەکێک لە خۆپیشاندەران بە (کەرکوک ناو)ی وت “بەهۆی کەمی کارەباوە خۆپیشاندانمان ئەنجامداوە، کارەبا لە ناحیەکەمان زۆر خراپە، شەوانە تا بەرەبەیان بەهۆی نەبوی کارەباوە لەبەر دەرگای ماڵەکەمان دادەنیشین، بەڕۆژیش بەدەست گەرماوە دەناڵێنین، کەس نییە چارەی کەمی کارەبای ناحییەکەمان بکات، ده‌مانه‌وێت به‌م خۆپیشاندانه‌ فشار دروستبكه‌ین بۆیه‌ رێگاكه‌مان داخست”.

کارەبا لە ناحیەکەمان زۆر خراپە، شەوانە تا بەرەبەیان بەهۆی نەبوی کارەباوە لەبەر دەرگای ماڵەکەمان دادەنیشین

بەهێز یوسف، یەکێکی تر لە خۆپیشاندەران بۆ (کەرکوک ناو) وتی “جگە لەوەی کارەبامان نییە، مۆلیدەی ئەهلیش لە ناحییەکە نییە بۆ ئەوه‌ی ببێتە جێگرەوەی کارەبای نیشتیمانی”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پله‌ی گه‌رما بۆ زیاتر له‌ 40 پله‌ به‌رزبۆته‌وه‌ و خواستی به‌كارهێنانی كاره‌با بۆ ئامێره‌ فێنككه‌ره‌وه‌كان زیادیكردوه‌.

كاره‌بای كه‌ركوك كه‌مده‌بێته‌وه‌له‌ دوو گـه‌ڕه‌ك خۆپـیـشاندان ئه‌نجامدرا

ئاڤێستا شێخ عەلی، بەڕێوه‌بەری ناحیەی قەرەهەنجیر، دەربارەی داواکاری هاوڵاتیان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بڕی كاره‌با كه‌مبۆوه‌ هاوشانی گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوك، به‌ڵام له‌ئێستاوه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌… ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندانی هێمنانەین، نەک رێگا لە رێبوار و هاوڵاتیان بگیرێت”.

هه‌فته‌ی رابردوش دانیشتوانی دوو گه‌ڕه‌كی شاری كه‌ركوك، خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا دژی كه‌مبونه‌وه‌ی كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی.

پێشتر یاڵچین مه‌هدی، به‌رێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی كاره‌بای كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “چەند رۆژێك بەر لە ئێستا 700 مێگاوات كارەبا دەگەیشته‌ شاری كەركوك بەڵام ئێستا 500 مێگاوات كارەبا دەگات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەرانسەری عیراق كەمیكردووه‌”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن