ئۆكسفام: هه‌زاران كه‌س ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ موسڵ

July 9, 2018 at 5:39 pm

موسڵ، رێگا و باڵه‌خانه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان له‌ خۆرئاوای شاره‌كه‌ فۆتۆ: ئه‌یمی كریستیان/ ئۆكسفام

نه‌ینه‌وا – كه‌ركوك ناو

هه‌زاران هاوڵاتی ئاواره‌، دوای ساڵێك له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ نه‌یانتوانیووه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی نیشته‌جێبونی خۆیان له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ئارامی و ئاسایش ناكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرتی رێكخراوی خێرخوازی به‌ریتانی.

رێكخراوی ئۆكسفام، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9-7 له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌ دوای تێپه‌ڕینی ساڵێك به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له‌ ده‌ستی داعش، هێشتا هه‌زاران كه‌س ناتوانن بگه‌رێنه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و زیانه‌ زۆره‌ی به‌ر شاره‌كه‌ كه‌وتووه‌، جگه‌ له‌ نه‌بونی ئاو و وزه‌ی كاره‌با.

شاری موسڵ، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی رێكخراوی داعش و له‌ 10ی ته‌مموزی 2017دا، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

ئۆكسفام ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ “هه‌زاران كه‌س هه‌ست به‌پارێزراوی ناكه‌ن بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان، له‌ نێواندا ئه‌و خێزانانه‌ی خانوه‌كانیان له‌كاتی شه‌ڕدا به‌ ته‌واوی خاپوربون، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌ بۆمبه‌ نه‌ته‌قیوه‌كان پاكنه‌كراونه‌ته‌وه‌”، ئاشكراشیكردووه‌ “هێشتا زیاتر له‌ دوو ملیۆن كه‌س له‌ ته‌واوی وڵاتدا نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانی خۆیان”.

هه‌زاران كه‌س هه‌ست به‌پارێزراوی ناكه‌ن بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان

هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014وه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی له‌ عیراق ئاواره‌ كرد و تائێستا، زیاتر له‌ سێ ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

ناوچه‌ی كۆنی شاری موسڵ كه‌ دانیشتوانی زۆره‌، روبه‌ڕوی زیانی زۆر بونه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و خانوه‌كانیش بۆمبڕێژكران، جگه‌ له‌ خاپوربونی زیاتر له‌ سێ هه‌زار خانوو، قوتابخانه‌ و دوكان، له‌گه‌ڵ زیان گه‌یشتن به‌ تۆڕه‌كانی ئاو، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی ئۆكسفام.

موسڵ، تشرینی دوه‌می 2017، نه‌خۆشخانه‌ی گشتی موسڵ له‌ خۆرئاوای شاره‌كه‌ رۆژانه‌ پێشوازی له‌ ده‌وروبه‌ری 800 نه‌خۆش ده‌كات فۆتۆ: ئه‌یمی كریستیان/ ئۆكسفام

ئه‌ندرێس گۆنزالیس، به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوی ئۆكسفام له‌ عیراق ده‌ڵێت “به‌شێك له‌ موسڵ به‌ته‌واوی وێران بووه‌، سه‌رباری ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌ڵام بنیاتنانه‌وه‌ی دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عیراق كاتێكی درێژی ده‌وێت”.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ ئه‌و توێژه‌ لاوازه‌ی زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ له‌ شه‌ڕه‌دا، پێویسته‌ له‌ پێشه‌نگی كاره‌كاندابن، له‌ نێویاندا ئه‌و گه‌نجانه‌ی خوێندنیان له‌ ده‌ستداوه‌، یان ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی ئازادییه‌كانیان زه‌وت كرا.

به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوی ئۆكسفام به‌پێویستی زانی له‌ پێناو سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ عیراق، رێگه‌ به‌ ته‌واوی ئاواره‌كان بدرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ و خانوه‌كانیان بنیات بنێنه‌وه‌، جارێكیتر تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگا ببنه‌وه‌ و به‌شداربن له‌ دروستكردنی داهاتوی وڵاته‌كه‌دا.

له‌پێناو سه‌قامگیری و ئاشتی له‌ عیراق پێویسته‌ رێگه به‌هه‌موان بدرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌

ئۆكسفام له‌ شاری كۆنی موسڵ كار له‌ چاككردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌دا ده‌كات، به‌ ئامانجی دابینكردنی ئاو بۆ 130 هه‌زار كه‌س كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ خانوه‌كانی خۆیان له‌و ناوچه‌یه‌.

گۆنزالیس وتی “زۆر پێویسته‌ هاوڵاتیان ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌یان ده‌ستبكه‌وێت، به‌ تایبه‌ت له‌ وه‌رزی هاوین كه‌ پله‌كانی گه‌رما له‌ عبراق ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 45 پله‌ی سه‌دی”.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ كۆچی پێچه‌وانه‌ی هه‌زاران ئاواره‌ له‌ نه‌ینه‌واوه‌ بۆ كه‌مپ و ناوچه‌كانی تر ده‌ستیپێكردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان و دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانه‌وه‌.

عه‌بدولعه‌زیز جه‌ربا، سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری دامه‌زراوه‌ی ته‌حریر بۆ په‌ره‌پێدان، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هاوبه‌شه‌كانی ئۆكسفام جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوشانی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق كاربكه‌ن بۆ پاڵپشتی ئه‌و پرۆژانه‌ی نه‌بونی و هه‌ژاری له‌ موسڵ كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌.

داواشیكرد راوێژ به‌ خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ نێوخۆییه‌كان بكرێت له‌ پرۆسه‌ی دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌دا بۆ گره‌نتی ئه‌وه‌ی خێزانه‌ زۆر هه‌ژار و لاوازه‌كان سودی لێببینن.

 

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن