15 هه‌زار خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ جه‌له‌ولا
نیوه‌ی ئاواره‌كانی سه‌عدیه‌ هێشتا له‌ كه‌مپه‌كان ده‌ژین

July 10, 2018 at 6:08 pm

دیاله‌، نیسانی 2018، گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌دان خێزانی ئاواره‌ بۆ ناحیه‌ی سه‌عدیه‌ فۆتۆ: حه‌شدی شه‌عبی

ژینۆ خه‌لیل – كه‌ركوك ناو

له‌ ناحیه‌ی جه‌له‌ولا، زیاتر له‌ 15 هه‌زار خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ژیان ئاسایی بۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌ سه‌عدییه‌ی هاوسنوری به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هێشتا نیوه‌ی ئاواره‌كان له‌ ناوچه‌كانی تر و كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین.

ئه‌و دوو ناحیه‌یه‌ جێناكۆكه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، دوای چه‌ند مانگێك له‌ حوكمڕانی داعش له‌ هه‌مان ساڵدا كۆنتڕۆڵكرانه‌وه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌، له‌وكاته‌شه‌وه‌ پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

ئەحمەد سامر زەرگوشی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سه‌عدیه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لە كۆی زیاتر له‌ حەوت هەزار خێزانی ئاوارەی سەعدییە نزیكه‌ی چوار هەزار خێزان گەڕاونەتەوە، ئێمه‌ش ئاسانكاری تەواومان كردوە بۆگەڕانەوەیان”.

زۆربه‌ی دانیشتوانی سه‌عدیه‌ ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی دیاله‌ و خانه‌قین بون، تا ساڵی رابردوش رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان پێنه‌درا و دواتر، له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌ی وردبینی ئه‌منی گه‌راندنه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد.

“هه‌ر خێزانێك بیەوێت بگەڕێتەوە تەنها ناوی چواری ‌و ناوی شوێنی ئاوارەبونیمان بۆ ده‌نێرێت و كتاب دەكەین بۆ پارێزگاری دیاله‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئاسایشه‌، ئه‌گه‌ر خێزانه‌كه‌ گومانلێكراو (به‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش) نه‌بون ره‌زامه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌یان پێده‌ده‌ین”.

به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سه‌عدیه‌ ئاشكراشیكرد به‌شێك له‌ خێزانه‌كان دوباره‌ ئاواره‌بونه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش مۆڵه‌تی یه‌ك مانگیان داناوه‌، تا پێناسه‌كان بۆ كاری ئه‌منی و ئامار راده‌ستبكه‌نه‌وه‌.

سەعدییە سەر بە قەزای خانەقینه‌، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كوردو توركمان لە مەزهەبی سوننەو شیعە پێكهاتوون، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ مانگی 11ی هه‌مان ساڵ له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی، سوپاو پۆلیسەوە كۆنتڕۆڵكرایەوە.

جەلەولا، نیسانی 2017، دوای چەند ساڵێك لە شەڕ خەڵك دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی فۆتۆ: هاوڕێ‌ ئازاد

گه‌رانه‌وه‌ی ئاواره‌كان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراق و رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانه‌وه‌، دوای ئه‌و زیانه‌ زۆره‌ی به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ به‌ر ناوچه‌كه‌ كه‌وت، له‌ نێویاندا قه‌ره‌بوكردنه‌وه و بنیاتنانه‌وه‌ی خانوه‌ روخاوه‌كان.

عه‌لی محه‌مه‌د (26 ساڵ)، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی كۆتایی به‌ ژیانی ئاواره‌یی هێناوه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ جه‌له‌ولا، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لە ئاوارەییدا ژیانمان قورس بوو، ئێستا گەڕاوینەتەوە و ئەمنیەتی شارەكە زۆر باشە، قەرەبوی خانوە ڕوخێنراوەكەمان بۆ كراوەتەوە و رێگا و ئاوو كاره‌باش باشه‌”.

ئه‌و خێزانانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و ئاسایشی نیشتمانییه‌وه‌ وردبینی بۆ دۆسیه‌كانیان ده‌كرێت تا بزانن له‌سه‌رده‌می داعش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌و رێكخراوه‌ یان دۆسیه‌یه‌كی تره‌وه‌ هه‌یه‌ یاخود نا.

یەعقوب یوسف، بەڕێوه‌بەری ناحیەی جەلەولا كه‌ به‌ چه‌ند تۆمه‌تێكی جیاواز ده‌ستبه‌سه‌ره‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “تائێستا 15 هه‌زار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ جەلەولا، هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكیش بۆ هاوڵاتیان فەراهەمكراوە”.

هه‌روه‌ها دڵنیایی دایه‌ هاوڵاتیان له‌ ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و رونیكرده‌وه‌، ئه‌وان خه‌ڵك بۆ نوێكردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ و پێناسه‌كانیان ناچارناكه‌ن، داوایكرد، ئاواره‌كان بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان.

ناحیەی جەلەولا لەپارێزگای دیالە، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوە‌و هەر ئەوانیش دۆسییەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئه‌منیه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیرایه‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن