چیرۆكی سه‌ركه‌وتن
تـاڤگه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وه‌ بوو به‌ خـاوه‌نكار

August 25, 2018 at 9:25 am

تاڤگه‌ ته‌حسین بازاڕێكی به‌ناوی "ئینجی" بۆ نمایش و فرۆشتنی كاره‌ ده‌ستیه‌كانی كردۆته‌وه‌ فۆتۆ: نارین رۆسته‌م

نارین رۆسته‌م – كه‌ركوك ناو

تاڤگه‌ ته‌حسین رێی كه‌وتبێته‌ هه‌ر وڵاتێك به‌ ده‌ستی به‌تاڵ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی توانیویه‌تی به‌رد و موروی جۆراجۆری كۆكردۆته‌وه‌ و هێناویه‌تیه‌وه‌، تا له‌ڕێی كاره‌ ده‌ستییه‌كانیه‌وه‌ شمه‌كی جوانكاری لێ دروستبكات.

ئه‌و كاره‌ ده‌ستییانه‌ حه‌زی 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ری تاڤگه‌ بوو، بۆیه‌ كۆڵی نه‌دا و بڕیاریدا بازاڕێك بۆ نمایش و فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانی بكاته‌وه‌، ئێستا ئه‌و خاوه‌نكاری خۆیه‌تی له‌ شاری هه‌ولێر.

“تەمەن رێگر نییە لە بەدیهێنانی حەزو ئارەزوەكانت، نابێت دابنیشن و خەم بخۆین، چونكە سەردەمی ئێمەش ئاوا دەبێت، با بە جوانییەوە بژین” تاڤگه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

ئه‌و ژنه‌ كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته‌ 45 ساڵ، له نهۆمی باڵه‌خانه‌یه‌كی خێزانه‌كه‌ی دوو ژووری بۆ خۆی جیاكردۆته‌وه‌، له‌ یه‌كێكیاندا كاره‌كانی بۆ فرۆشتن داده‌نێت و له‌ ژوره‌كه‌ی دیكه‌شدا، ناوبه‌ناو پێشانگا بۆ كاره‌ ده‌ستییه‌كانی خۆیی و ژنانی تر ده‌كاته‌وه‌.

تاڤگه‌ ده‌ڵێت “كاتێك منداڵەكانم گەورەبون و چوونە رێگای خۆیان، بیرمكردەوە حەز و خولیای 30 ساڵی رابردوم بەدیبێنم، بۆیە ئەم بازاڕەم كردەوە”.

له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا تاڤگه‌ ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه‌ و رووی له‌ به‌غدا كردووه‌ بۆ نیشته‌جێبون، هه‌رچه‌نده‌ خۆی له‌ دایكبوی هه‌ولێره‌، ئه‌و بۆته‌ دایكی دوو كچ و كوڕێك‌، هه‌ر له‌وێ خوێندنی ئه‌ندازیاری ته‌واو كردووه‌ و له‌ ساڵی 2012دا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر.

شوباتی 2018 مانگێكی جیاواز بوو بۆ تاڤگه‌، ئه‌و رۆژه‌ هات خه‌ڵكی تر به‌ به‌هره‌كانی ئاشنا بكات و به‌ هاوكاری هاوڕێ و خێزانه‌كه‌ی، توانی بازاڕێك بكاته‌وه‌ و ناوی بنێت “ئینجی”.

ئه‌و كه‌ پێشتر هه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌ بووه‌ و هیچ كارێكی نه‌كردووه‌، ده‌ڵێت ئه‌و كاره‌ ئه‌زمونێكی نوێ بووه‌ له‌ ژیانیدا و ویستویه‌تی بڵێت ته‌مه‌ن رێگر نیه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ خولیا و سه‌ركه‌وتن، له‌ كاتێكدا به‌ربه‌ستیشی نه‌بووه‌.

هانده‌ره‌كانی تاڤگه‌ به‌شێكیان ژنانی خاوه‌نكار بون، هه‌ر له‌وانیشه‌وه‌ توانیویه‌تی ئه‌زمونی زیاتر بكات، به‌ تایبه‌ت له‌ كۆمەڵەی كارسازی خانمانی كوردستانی، كه‌ ساڵی 2012 له‌ هه‌رێم دامه‌زراوه‌ و زیاتر له‌ 60 ئه‌ندامی هه‌یه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی كاركردندا هه‌یه‌.

كه‌ره‌سته‌كانی كاره‌كه‌ی تاڤگه‌، زیاتر بریتین له‌ به‌رد و مورو، به‌وپێیه‌ی حه‌زی به‌ گه‌شت هه‌یه‌ و له‌ چه‌ندین وڵات ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كۆكردۆته‌وه‌ یان كڕیویه‌تی، دواتر ملوانكه‌ و ته‌سبیح و پشتێن و شمه‌كی تری جوانكاری و رازاندنه‌وه‌ی پێ دروستكردووه‌.

زۆربه‌ی بیرۆكه‌ی كاره‌كانی خاوه‌ی خاوه‌نیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ش سودی له‌و خولانه‌ وه‌رگرتووه‌ پێشتر له‌ به‌غدا بینیونی.

تاڤگه‌ ده‌ڵێت تائێستا سێ پێشانگای كردۆته‌وه‌، ته‌نیا بۆ به‌رهه‌می خۆی نا، به‌ڵكو ده‌رفه‌تی ره‌خساندووه‌ ژنانی دیكه‌ی به‌هره‌مه‌ندیش كاره‌ ده‌ستییه‌كانیان نمایشبكه‌ن و بیفرۆشن.

به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، تا كۆتایی ساڵی 2015 ره‌گه‌زی مێ زیاتر له‌سه‌دا 14ی هێزی كاریان پێكهێناوه‌ له‌ هه‌رێم، به‌ڵام به‌شێكی زۆریان له‌ كه‌رتی حكومیدا بون.

تاڤگه‌ هه‌ر خۆی له‌ دوكانه‌كه‌یدایه‌، به‌رێوه‌بردنی بازاره‌كه‌ی كاتی دیاریكراوی نیه‌، رۆژ هه‌یه‌ هه‌شت كاتژمێر له‌وێیه‌ و هه‌ندێك رۆژیش ناچێته‌ سه‌ركار.

ئه‌كاونته‌كه‌ی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، بۆته‌ شوێنی ریكلام و په‌یداكردنی بازاڕ بۆ كاره‌ ده‌ستیه‌كانی، ئه‌و پاره‌ و قازانجه‌یشی ده‌ستی ده‌كه‌وێت زۆرینه‌ی دوباره‌ له‌ كڕینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی كاره‌كه‌دا خه‌رجی ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و چاوی له‌وه‌یه‌ له‌رێی بازاڕه‌كه‌یه‌وه‌، هانی ژنان بدات كاربكه‌ن و داواده‌كات، هه‌ركه‌سێك به‌رهه‌می هه‌یه‌ له‌ پێشانگاكه‌یدا بۆ فرۆشتن نمایشی بكه‌ن.

“هانی ئەو كەسانە دەدەم كە جاری یەكەمیانه‌ كاری دەستی دەكەن و پێیاندەڵێم؛ نابێ ترسیان لەسەركەوتن هەبێت و دەبێت رێگاكە ببڕن”، تاڤگە ته‌حسین وای وت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن