فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك: بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی یان ده‌روازه‌یه‌كی مه‌ده‌نی

July 11, 2018 at 12:56 pm

كه‌ركوك/ نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی حوڕییه‌/ ساڵی 2014 فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق

كه‌ركوك ناو

فڕۆكه‌خانه‌ی‌ كه‌ركوك (بنكه‌ی حورییه‌) له‌ساڵی‌ (1957)دا وه‌كو فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تۆماركرا، ئه‌وكات پێشوازی‌ له‌و فڕۆكانه‌ ده‌كرد كه‌ له‌به‌ریتانیاوه‌ ده‌هاتن.

سه‌ره‌ڕای‌ به‌كارهێنانی‌ بۆ گه‌شته‌ ناوخۆییه‌كان له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی به‌عسدا، كرا به‌بنكه‌یه‌كی‌ ئاسمانی‌.

له‌دوای‌ ساڵی (2003)وه‌ وه‌كو بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ به‌كارهێنرا‌و گروپی‌ فڕۆكه‌وانی‌ (506)ی‌ هێزی‌ پیاده‌یی‌ ئه‌مریكا نیشته‌جێبوون. چالاكی (فڕۆكه‌وانی‌ ساغڵه‌میان) ئه‌نجامده‌دا، كه‌ ئه‌میش (فڕۆكه‌وانی‌ چاودێریی ‌‌و دۆزینه‌وه‌) له‌خۆده‌گرێت.

سه‌ره‌ڕای‌ به‌كارهێنانی‌ بنكه‌كه‌ بۆ پشتگیریكردن له‌چالاكی ئاژانسه‌ ئه‌منی‌و هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ تری‌ ئه‌مریكای ناوه‌راست كه‌ پێی‌ ده‌وترا (شه‌به‌قی‌ تازه).

نزیكه‌ی‌ (1000) فڕۆكه‌وانی‌ ئه‌مریكی‌ له ‌بنكه‌ی‌ (حوڕییه‌)دا له‌كاركردنی به‌رده‌وامدا بوون، هاوكات (AEG506) سه‌ربازی‌ یه‌ده‌كی‌ بنكه‌كه‌ بۆ كاتی‌ هه‌ر نۆرینگه‌ییه‌كی‌ هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ چاودێری‌، له‌گه‌ڵ (5000) سه‌ربازی‌ جێگیریش كه‌پێیان ده‌وترا (جه‌نگاوه‌ری‌ بنكه‌ی‌ عه‌مه‌لیاتی‌ پێشه‌وه‌).بنكه‌ی‌ كه‌ركوك پشتگیری‌ چالاكییه‌كانی‌ تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌  كه‌ركوك (PRT)یش ده‌كرد، كه‌ پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و رۆشنبیری‌ زۆری‌ له‌و شاره‌و له‌قه‌زا‌و ناحیه‌كان دروستده‌كرد.

بنكه‌ی‌ ئه‌مریكی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ (حوڕییه‌)ی‌ كه‌ركوك له‌ شه‌ش كۆمه‌ڵ  پێكهاتووه‌: كۆمه‌ڵی‌ ئه‌ندازیاری‌ مه‌ده‌نی‌، كۆمه‌ڵی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ روماڵی‌ (ئیستیتلاع)، كۆمه‌ڵی‌ ئاماده‌یی‌ پێداویستییه‌كانی‌ (لۆجیستی‌) پیاده‌، كۆمه‌ڵی‌ پیاده‌ی‌ پزیشكی‌، پشتگیری‌ عه‌مه‌لییاته‌كانی‌ روماڵی‌، كۆمه‌ڵی‌ هێزه‌كانی‌ روماڵی‌ (ئه‌منی‌ ئیستیتلاع).له‌م فرۆكه‌خانه‌یه‌دا فڕۆكه‌وانه‌ عێراقییه‌كان‌و هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان به‌فڕۆكه‌ روماڵییه‌كان (ئیستیتلاع) مه‌شق‌و راهێنانیان پێده‌كرا‌و وانه‌ی‌ تیۆری‌‌و پراكتیكیشیان پێ ده‌وترایه‌وه‌.

بنكه‌ی‌ ئه‌مریكی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ (حوڕییه‌)ی‌ كه‌ركوك له‌ شه‌ش كۆمه‌ڵ  پێكهاتووه‌

پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا هه‌واڵی كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تییان راگه‌یاند له‌ كه‌ركوك، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی‌ عێراق له‌و پارێزگایه‌ له‌ئاماده‌باشیدان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ (حوڕییه‌) به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی له‌هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا.

له‌كاتێكدا كوتله‌ سیاسییه‌كانی كه‌ركوك پێشوازییان له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ بنكه‌كه‌ كرد به‌مه‌به‌ستی‌ گۆڕینی‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ نێوده‌وڵه‌تی.

بۆ رێگرتن له‌كێشه‌و پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ كه‌ركوك‌و هێزێكی‌ سوپای‌ عیراق كه‌ له‌به‌غداوه‌ چوبون بۆ پارێزگاكه‌، له‌كاتی‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ پاسه‌وانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ له‌هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2013، پارێزگاری‌ كه‌ركوك ‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عیراق (نوری‌ مالیكی) له ‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا بڕیاریان له‌سه‌ردا بوو، كه‌ سوپای‌ عێراق ئاسایشی‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ وه‌ربگرێت تا ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیار ده‌دات بكرێته‌ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی.

ده‌قی‌ رێكه‌وتننامه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی‌ نێوان به‌غداو واشۆنتۆنی‌ مانگی‌ (11)ی‌ (2008) واده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌كانی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ (31/12/2011) تێپه‌ڕ نه‌كات له‌هه‌موو زه‌وی‌‌و ئاسمان‌و ئاوی‌ عێراق بكشێنه‌وه‌. به‌پێی‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌ (30/6/2009)دا له‌شار‌و گوند‌و شارۆچكه‌كانی‌ عێراق كشانه‌وه‌.

كێشمه‌كێشی فڕۆكه‌خانه‌ی حورییه‌ له‌نێوان سه‌ربازیی و مه‌ده‌نی به‌رده‌وامه‌

كێشمه‌كێشی فڕۆكه‌خانه‌ی حورییه‌ له‌نێوان سه‌ربازیی و مه‌ده‌نی به‌رده‌وامی هه‌بوو، تا ئه‌وكاته‌ی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 موسڵی كۆنترۆڵكرد و به‌ره‌و كه‌ركوك هه‌ڵكشا، هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ناوچه‌كانی جێناكۆك كشانه‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ش جێی گرتنه‌وه‌، ئه‌وكات فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان، جارێكی تر پرسی به‌ مه‌ده‌نیكردنی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ به‌رباس.

سه‌ره‌تای ته‌موزی 2018 جارێكی تر پرسی به‌مه‌ده‌نیكردنی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ وروژێنرایه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا رون نییه‌ بڕیاره‌كه‌ به‌كوێ ده‌گات.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن