سێ پرسیار به‌ هه‌ڵه‌ هاتۆته‌وه‌
سه‌دان خوێندكار بایكۆتی تاقیكردنه‌وه‌كانی به‌كالۆری ده‌كه‌ن

July 11, 2018 at 4:11 pm

كەركوك، 2016، هۆڵێكی تاقیكردنەوەكان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – کەركوك

سه‌دان خوێندكاری خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك هۆڵه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری له‌ وانه‌ی كیمیا به‌جێده‌هێڵن و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بونی هه‌ڵه‌ له‌ سێ پرسیاردا.

كێشه‌كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ی ته‌مووز له‌ وانه‌ی كیمیا رویدا، ئه‌وه‌ش مشتومڕی له‌نێو خوێندكارانی خوێندنی كوردی لێكه‌وته‌وه‌.

چرۆ عادل، یه‌كێك بوو له‌و خوێندكارانه‌ی هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ی كوێستانی له‌ كه‌ركوك به‌جێهێشت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پرسیاره‌كان هه‌ڵه‌ی زۆری تیابوو، بۆیه‌ ته‌واوی خوێندكاران هۆڵه‌كه‌مان جێهێشت و چوین له‌به‌رده‌م خوێندنگه‌كه‌ خۆپیشاندانمان كرد”.

ته‌واوی خوێندكاران هۆڵه‌كه‌مان جێهێشت و چوین له‌به‌رده‌م خوێندنگه‌كه‌ خۆپیشاندانمان كرد

وتیشی “دوای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ چوینه‌ ماڵه‌وه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ له‌ به‌غداوه‌ چاره‌سه‌ركراوه‌ و كاتژمێرو نیوێك به‌ خوێندكاران دراوه‌ تا وه‌ڵامبده‌نه‌وه‌… ئێمه‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌مان له‌ده‌ستدا به‌هۆی هه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده‌وه‌”.

نورا کەریم، خوێندكارێكی تری خوێندنی كوردی كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی كیمیای زینده‌وه‌رزانی هه‌بوو، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پرسیاری یه‌كه‌م تا سێیه‌م كیشه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام پرسیاری چوارەم، پێنجەم و شەشەم پرسیاری ئێمه‌ نه‌بون و تێكه‌ڵكرابوو له‌گه‌ڵ پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌ی كیمیای كارپێكه‌ر، بۆیه‌ منیش تاقیكردنه‌وه‌كه‌م دواخست بۆ خولی دووه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی کاریگەرى لەسەر نمرەکانى وانەکانی ترم نه‌بێت”.

نورا وتی “بەداخەوە ساڵانه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵانه‌ له‌ خوێندنى كوردی دوباره‌ده‌بێته‌وه‌، دواتر بڕیاری له‌ناكاو ده‌ده‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ رویدا”.

بەداخەوە ساڵانه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵانه‌ له‌ خوێندنى كوردی دوباره‌ده‌بێته‌وه‌

“پرسیارەکانى سەرەتام وەڵامدایەوە، دواتر گەیشتمە پرسیارەکانى پشتەوەو بوو به‌ده‌نگه‌ ده‌نگ له‌ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كان و ده‌ركه‌وت سێ پرسیار به‌هه‌ڵه‌ هاتۆته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو وه‌ڵامه‌كانم دیلیت كردو هاتمه‌ده‌ره‌وه‌”، هاوژین عەلى یه‌كێكی تر له‌ خوێندكاره‌كان وای وت.

به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی بونی هه‌ڵه‌ له‌ پرسیاره‌كان پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، له‌وه‌ی توانیویانه‌ دوای كاتژمێر و نیوێك كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن.

رەوف محه‌مەد، بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى بەوەکالەت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لەلایەن چاپخانەى وەزارەته‌وه‌ لە بەغدا پرسیاره‌كان بە هەڵە چاپکراوه‌ و پێموابێت ئەو کەسانەى کارى تێدادەکەن عه‌ره‌بن و كوردی نازانن”.

لەلایەن چاپخانەى وەزارەته‌وه‌ لە بەغدا پرسیاره‌كان بە هەڵە چاپکراوه‌

“هه‌ر كه‌ زانیمانه‌ هه‌ڵه‌یه‌ پەیوەندیمان بە وه‌زاره‌ته‌وه‌ كردو جارێكی تر پرسیاره‌كانیان نارده‌وه‌ و چاپمانكردو دابه‌شمانكرده‌وه‌… كاتژمێرو نیوێكمان بۆ خوێندكاران زیادكرد”، ره‌وف وای وت.

هێشتا دیار نییه‌ له‌و 22 هۆڵه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ خوێندنی كوردی، چه‌ند خوێندكار تاقیكردنه‌وه‌كانیان جێهێشتوه‌، به‌ڵام ژماره‌كه‌ به‌پێی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) سه‌دان خوێندكار ده‌بێت.

ره‌وف محه‌مه‌د وتی “بەنیازین سبەینێ پێنجشه‌ممه‌ 12ی ته‌مووز سەردانى بەغدا بکەین بۆ ئەوەى داوابکەین تاقیکردنەوەکە دوبارەبکرێتەوە بۆ ئەوەى قوتابیان زەرەرمەندنەبن”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن