له‌ سێ رۆژدا
43 كه‌س له‌ كه‌ركوك و موسڵ ده‌ستگیركراون

July 11, 2018 at 6:38 pm

كه‌ركوك، ته‌مموزی 2018، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕان و پشكنینی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ گونده‌كان فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

كه‌ركوك ناو

له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و موسڵ، 43 كه‌س به‌ تۆمه‌تی تیرۆر له‌ ماوه‌ی سێ رۆژدا ده‌ستگیركراون، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنینی هێزه‌ عیراقییه‌كاندا.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی پۆلیسی فیدراڵی كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11-7 بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌ پشكنینی ناوچه‌ی زاب له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ توانراوه‌ هه‌شت تۆمه‌تبار و گومانلێكراو ده‌ستگیركرێن، له‌گه‌ڵ له‌ناوبردنی ژماره‌یه‌ك مۆڵگه‌ و ته‌قه‌مه‌نی.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ پارێزگای كه‌ركوك و به‌ تایبه‌ت له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌، زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین روداوی رفاندن و هێرشی چه‌كداری له‌ سنوره‌كه‌دا تۆماركران.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 10-7 له‌ گونده‌كانی باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك، نۆ تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و ده‌ستیش به‌سه‌ر چه‌ندین پارچه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا گیراوه‌.

هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كانی پۆلیسی فیدراڵی كه‌ به‌شێكی دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، دووشه‌ممه‌ 9-7 له‌ باكوری خۆرئاوای قه‌زای حه‌ویجه‌ ده‌یان گوند پاككراونه‌ته‌وه‌ و دوای وه‌رگرتنی زانیاری هه‌واڵگری، توانیویانه‌ هه‌شت گومانلێكراو ده‌ستگیربكه‌ن.

نه‌ینه‌وا، ته‌مموزی 2018، دۆزینه‌وه‌ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌یان بۆمبی و ته‌قه‌مه‌نی نه‌ته‌قیو فۆتۆ: پۆلیسی موسڵ

هه‌ڵمه‌تی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ كاتێكدایه‌، ساڵێك به‌سه‌ر كۆنتڕڵكردنه‌وه‌ی پارێزگای موسڵ كه‌ ناوه‌ندی سه‌ره‌كی داعش بوو له‌ عیراق تێده‌په‌ڕێت و چه‌ندین مانگیشه‌، ته‌واوی ناوچه‌كانی تر له‌ نێویاندا سنوری پارێزگای كه‌ركوك له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام جموجۆڵی چه‌كداری كۆتایی نه‌هاتووه‌.

سه‌عد مه‌عن، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11-7 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ هێزه‌كانی نه‌هێشتنی توان و پۆلیسی فریاكه‌وتن له‌ نه‌ینه‌وا، توانیویانه‌ چه‌كدارێكی داعش له‌ گه‌ڕه‌كی رساله‌ی به‌ری راستی شاره‌كه‌ ده‌ستگیربكه‌ن.

هه‌ر ئه‌مڕۆ عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ، وته‌بێژی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌منی ئاشكرایكرد له‌ گه‌ڕه‌كی ئیسڵاح زه‌راعی موسڵ، چه‌كدارێكی داواكراوی به‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر له‌لایه‌ن هێزی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌واوه‌ ده‌ستگیركراون، ژماره‌یه‌ك بۆمبی چێنراویش له‌ هه‌ڵمه‌تی پشكنیندا له‌ناوبراون.

ئاژانسی عیراقییه‌ی نمچه‌فه‌رمی له‌ زاری نه‌قیب محه‌مه‌د مازن، لێپرسراوی راگه‌یاندنی پۆلیسی نه‌ینه‌وا بڵاویكردۆته‌وه‌ دووشه‌ممه‌ 9-7 له‌ گوندی عه‌یونات له‌ باكوری خۆرئاوای موسڵ، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان توانیویانه‌ 13 چه‌كداری داعش ده‌ستگیربكه‌ن، دوای ده‌ستكه‌وتنی زانیاری هه‌واڵگری و گه‌مارۆدانی مۆڵگه‌كانیان له‌و سنوره‌دا.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی پارێزگاكه‌ش، سێ چه‌كداری داعش له‌ ناوچه‌ی ئه‌ربچییه‌ی به‌ری چه‌پی موسڵ ده‌ستگیركراون، جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌یان پارچه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی جیاواز له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا.

هه‌مان رۆژ، 9ی ئه‌م مانگه‌ له‌ تونێلێكی ناوچه‌ی بادوش له‌ نه‌ینه‌وا 20 چه‌كداری داعش كوژران، ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌منی له‌ ئه‌نجامی هێرشی ئاسمانی هێزه‌كانی هاوپه‌یماناندا بووه‌، دوای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر جموجۆڵ و مۆڵگه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن