به‌هۆی تای خوێنبه‌ربونه‌وه‌ داخرابون
دوكانه‌كانی فرۆشتنی گۆشت له‌ موسڵ ده‌كرێنه‌وه‌

July 12, 2018 at 7:21 pm

نەینەوا، تشرینی یەكەمی 2017، شاری موسڵ فۆتۆ: عومەر مەجید/كەركوك ناو

ئه‌حمه‌د زه‌یدی – نه‌ینه‌وا

ئیداره‌ی موسڵ، بڕیاریدا به‌ كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كانی فرۆشتنی گۆشتی سنور له‌ژێر چاودێری ته‌ندروستیدا، ئه‌وه‌ش دوای تێپه‌ڕینی زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر داخستنیان به‌هۆی مه‌ترسی نه‌خۆشیه‌وه‌.

له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی رابردو دوكانه‌كانی فرۆشتنی گۆشتی سور داخراون و سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ قه‌ده‌غه‌ كرا، له‌ ئه‌نجامی بڵاوبونه‌وه‌ی تای خوێنبه‌ربون، كه‌ نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی مه‌ترسیداره‌ و له‌رێی ئاژه‌ڵ و جۆره‌ مێرویه‌كه‌وه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ عیراق و نه‌ینه‌واش چه‌ند حاڵه‌تێكی توشبون تۆماركران.

زوهێر ئه‌عره‌جی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی موسڵ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌سه‌ر بنه‌مای راپۆرتی لیژنه‌ی باڵای تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربون و به‌پێی رێنماییه‌كانی نه‌وفڵ عاكوب، پارێزگاری نه‌ینه‌وا بڕیاردرا به‌ كردنه‌وه‌ی سه‌ربڕینخانه‌ و دوكانی قه‌سابه‌كانی شاره‌كه‌”.

ئه‌وه‌شی رونكردنه‌وه‌ كردنه‌وه‌ی دوكانی فرۆشتنی گۆشت، به‌پێی ژماره‌یه‌ك رێنمایی و رێكاری نوێیه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی ڤێرتێنه‌ریه‌وه‌ دانراوه‌.

ئه‌عره‌جی ده‌ڵێت له‌ پێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان له‌و نه‌خۆشییه‌، له‌رێی چاودێره‌كانیشیانه‌وه‌ به‌رده‌وام چاویان له‌سه‌ر دوكانی قه‌سابی ده‌بێت، پشكنین بۆ گۆشت و ئاژه‌ڵه‌كان ده‌كه‌ن.

تای خوێنبه‌ربون، نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسییه‌ و زیاتر له‌ رێگه‌ی ئاژه‌ڵه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی مژینی خوێنی ئاژه‌ڵه‌وه‌ له‌لایه‌ن مێرویه‌كی گه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌یه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن