دۆسیه‌ی ئه‌منی دراوه‌ته‌ پۆلیس
هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ دوزخورماتوو ده‌كشێته‌وه‌؟

July 12, 2018 at 9:47 pm

سه‌ڵاحه‌دین، 2018، چه‌كدارێكی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو، زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ راده‌ستی پۆلیسی ناوخۆیی كراوه‌ و هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێراش دوای چه‌ندین مانگه‌ له‌ پاراستنی ئه‌و سنوره‌، چاوه‌ڕیی ئه‌وه‌ن له‌ سه‌ر‌وی خۆیانه‌وه‌ هه‌نگاوی داهاتویان یه‌كلاییبكرێته‌وه‌.

هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا، سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ره‌وانه‌ی دوزخورماتوو كران، دوای ئه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ به‌هۆی روداوه‌كانی پێشتر و دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ بارگرژیدا بوو.

موقه‌ده‌م عه‌بدولئەمیر حەمدانی، فه‌رمانده‌ی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لەدوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەهیچ شێوه‌یه‌ك كتابمان بۆ نەهاتوە بكشێینەوە لەناوچەكە‌ و تا نوسراوی فەرمیمان پێنەگات ناتوانین بكشێینەوە‌، بۆ پاراستی ئەمنیەتی ناوچەكە پێویستە بمێنینەوە”.

ئه‌و هێزه‌ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ عیراقییه‌كانی دیكه‌دا، ئۆپه‌راسیۆنێكیان به‌ناوی “تۆڵه‌ی شه‌هدان” ده‌ستپێكردووه‌، بۆ پاككردنه‌وه‌ی سنوری هه‌ردو پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ له‌ چه‌كداران و نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌كان.

عمید حسێن عەلی، بەڕێوه‌بەری پۆلیسی دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەهۆی بەشداریكردنی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لەئۆپەراسیۆنەكانی ناوچەكانی دەوروبەری خورماتو، ئەمنیەتی ناوشەكەیان ڕادەستی پۆلیس كردووه‌،.. ئێستا ئەمنیەتی شارەكە لەدەستی ئێمەدایە”.

دوزخورماتوو/19-10-2017/ ئاواره‌كانی قه‌زاكه‌ له‌ سنوری گوندی ئومەرسۆفی سەر بە ناحیەی نەجول له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی دوزخورماتوو فۆتۆ: عه‌لی مه‌حمود

ره‌وانه‌كردنی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا بۆ دوزخورماتوو، له‌ كاتێكدابوو هه‌زاران هاوڵاتی كوردی نیشته‌جێی قه‌زاكه‌ ئاواره‌بون و به‌هۆی نه‌بونی سه‌قامگیرییه‌وه‌، نه‌یانده‌توانی بگه‌ڕێنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وكات خه‌ڵك پێشوازییان له‌و هێزه‌ كرد.

فەرهاد یاسین (42 ساڵ)، دانیشتوی دوزخورماتووه‌ و پێیوایه‌ به‌هۆی ئه‌و هێزه‌وه‌یه‌وه‌ توانیویانه‌ بگەڕینەوە و لەئەمنیەتی شارەكە دڵنیابنەوە، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و هێزه‌ جێگای متمانەی نەتەوەی كوردە چونكە هیچ هێزێكی كوردی لەشارەكەدا بونی نییە بۆ پاراستنمان”.

بارگرژییه‌كان دوزخورماتوو كاتێك گه‌یشته‌ لوتكه‌، هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراقی له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكدا به‌ناوی “سه‌پاندنی یاسا” گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و پێشمه‌رگه‌ كشایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.

سەباح جومعە، ئەندامی ئەنجومەنی قه‌زای دوزخورماتوو له‌ پێكهاته‌ی كورد به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “باسی ئەوەنەكراوە یان كتابمان بۆ نەهاتوە هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا بكشێنەوە، هەرچەندە ئه‌وه‌مان لەبەشێك لەمیدیاكاندا بیستووه‌ به‌ڵام وه‌كو ئه‌نجومه‌ن ئاگادارنین”.

دوزخورماتوو، تاكه‌ قه‌زای جێناكۆكه‌ له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ توركمان، كورد و عه‌ره‌ب پێكهاتوون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن