ساڵێك دوای داعش
موسڵ هێشتا گیرۆده‌ی پاشماوه‌ی شه‌ڕه‌

July 22, 2018 at 12:09 pm

موسڵ، 4-3-2017، منداڵانی گه‌ڕه‌كی ته‌یه‌ران داریان له‌شێوه‌ی چه‌ك دروستكردوه‌ و یاری پێده‌كه‌ن فۆتۆ: فازڵ هۆرامی

هند ئه‌حمه‌د – نه‌ینه‌وا

شاری موسڵ، ساڵێكه‌ دووره‌ له‌ حوكمڕانی داعش به‌ڵام هێشتا گیرۆده‌ی پاشماوه‌ی شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ له‌ وێرانكاریی، ته‌رمه‌ به‌جێماوه‌كان و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانێكی ئاسایی.

ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر و له‌ ته‌مموزی رابردوودا، هێزه‌ عیراقییه‌كان توانییان كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی داعش بهێنن له‌ موسڵ، دوای ئه‌وه‌ی له‌ حوزه‌یرانی 2014دا ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت، به‌ڵام به‌ ته‌واوی ژیان و سه‌قامگیری بۆ ئه‌و شاره‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

نه‌ینه‌وا، ئایاری 2018، پرۆسه‌ی ده‌رهێنانه‌وه‌ی ته‌رم له‌ژێر داروپه‌ردوی شه‌ڕ له‌ موسڵ فۆتۆ: به‌رگری شارستانی

تهرمه بهجێماوهكان

بۆچی ته‌رمی شی بووه‌وه‌، زۆربه‌ی كۆڵانه‌كانی به‌ری راستی موسڵی ته‌نیووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ شاری كۆن، كه‌ زۆرترین زیانی شه‌ڕی به‌ركه‌وتووه‌.

له‌ژێر داروپه‌ردوی باڵه‌خانه‌ و خانووه‌ روخاوه‌كانه‌وه‌، ده‌ستی بڕاوه‌، قاچ و پێ به‌بێ لاشه‌، قژی كچان و ژنان، جلوبه‌رگی خوێناوه‌ و جه‌سته‌ی بێ گیانی منداڵان تائێستا هه‌ڵنه‌گیراونه‌ته‌وه‌.

عه‌لا حه‌یده‌ری، به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی شاره‌وانی موسڵ بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد دوو هه‌زار و 658 ته‌رمی هاوڵاتیان و مه‌ده‌نی هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌رمی 972 چه‌كداری داعش.

ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌مینداریه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌ پێكهێنراوه‌، له‌ 14ی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌ و تا سه‌ره‌تای حوزه‌یران، توانییان نزیكه‌ی ملیۆنێك و نیو ته‌رم ده‌ربهێننه‌وه‌.

لێپرسراوه‌كه‌ی شاره‌وانی ده‌ڵێت هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆر ته‌رم هه‌ڵنه‌گیراونه‌ته‌وه‌.

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2018، خۆپیشاندانی كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان له‌ موسڵ له‌كاتی سه‌ردانی عه‌بادی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بێسهروشوێنهكان

داعش له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانیدا له‌ موسڵ، سه‌دان هاوڵاتی ده‌ستگیركردووه‌ و زۆربه‌یان بێسه‌روشوێن بون، ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش كوژران و له‌ ساڵانی رابردوو تۆماری له‌ سێداره‌دانیان بڵاوكرایه‌وه‌.

دوای ساڵێك له‌ كۆتایی ئه‌و رێكخراوه‌، هێشتا كه‌سوكاری ده‌یان هاوڵاتی و كارمه‌ندی پێشوی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، به‌ دوای رۆڵه‌كانیدا ده‌گه‌رێن و چاره‌نوسیان دیارنیه‌، چونكه‌ له‌ نێو ته‌رمه‌ هه‌ڵگیراوه‌كان و زیندانه‌كانیشدا نین.

حسامه‌دین عه‌بار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا باسی له‌ داواكاری بێسه‌روشوێنه‌كان كرد بۆ دیاریكردنی چاره‌نوسی رۆڵه‌كانیان و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “په‌یوه‌ندیمان به‌ لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی په‌رله‌مانه‌وه‌ كردووه‌، تا به‌ دوو قۆناغ ناوی بێسه‌روشوێنه‌كانیان پێبگه‌یه‌نین، به‌ ئامانجی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیان”.

له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا 555 ناو و له‌ قۆناغی دوه‌مدا 667 ناو له‌ نه‌ینه‌واوه‌ ره‌وانه‌ی به‌غدا كراوه‌ وه‌كو بێسه‌روشوێن.

موسڵ، 25-4-2017، خێزانێكی ئاوارە لە كەمپی خازر چاوەڕێی هاوكاریی دەكەن فۆتۆ: فەرمان سادق

ئاواره‌كان چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ن

شه‌ڕی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی عیراقی ئاواره‌كرد و له‌و ژماره‌یه‌ هێشتا زیاتر له‌ دوو ملیۆن كه‌س نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌وه‌ش زۆرینه‌ی ده‌كه‌وێنه‌ سنوری نه‌ینه‌وا.

كۆمسیۆنی باڵای كاروباری په‌نابه‌ران سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ دوایین راپۆرتیدا داوایكرد، به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئه‌و دوو ملیۆن هاوڵاتیه‌ عیراقییه‌ لاببرێن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هێشتا له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین.

به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌، نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌كو ئاو و كاره‌بایه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی داروپه‌ردوی خانوه‌ روخاوه‌كان و خاوی پرۆسه‌ی دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌.

عه‌دنان محه‌مه‌د، به‌رێوه‌به‌ری رێگاوبان له‌ شاره‌وانی موسڵ بۆ‌ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌وه‌، شاره‌وانی كاره‌كانی ده‌ستپێكردووه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌ پاشماوه‌ی شه‌ڕ.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، له‌ دواین هه‌نگاویدا بڕیاریداوه‌ له‌ پێناو هاندان و كارئاسانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، 540 ملیۆن دینار له‌ بودجه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ ته‌رخانبكات.

موسڵ، 19-6-2017، سەربازێكی سوپای عیراق بەرەو بنكەی كاتی هێزەكەی دەڕوات لە بەری راستی شارەكە فۆتۆ: رۆیتەرز

دهیان ههزار ئۆتۆمبێلی سوتاو و بۆمب ههڵگیراونهتهوه

له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی هێزه‌ عیراقییه‌كان دژی داعش، ئه‌و رێكخراوه‌ به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی ناچار ده‌كرد ئۆتۆمبێله‌كانیان له‌ كۆڵانه‌كاندا رابگرن و رێگری بكه‌ن له‌ پێشڕه‌وی ئه‌و هێزانه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی شاره‌وانی موسڵ بۆ (كه‌ركوك ناو)، تائێستا 25 بۆ 30 هه‌زار ئۆتۆمبێلی سوتاو له‌ شاره‌كه‌ هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌ و لابراون، دوای ئه‌وه‌ی له‌شه‌ڕدا له‌ ئه‌نجامی بۆردومان و روبه‌روبونه‌وه‌كاندا سوتاون.

له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردودا، هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و پشكنینی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و شاره‌زایانی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین به‌رده‌وامی هه‌بووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌دان پارچه‌ بۆمبی جیاواز هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌ یان ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌.

موسڵ، رێگا و باڵه‌خانه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان له‌ خۆرئاوای شاره‌كه‌ فۆتۆ: ئه‌یمی كریستیان/ ئۆكسفام

200كم رێگاوبان چاككراونهتهوه

شه‌ڕی چه‌ندین مانگه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، زیانی زۆری به‌ كه‌رتی گشتی و خزمه‌تگوزارییه‌كان گه‌یاند، له‌ نێویاندا زۆربه‌ی رێگاوبانه‌كانی هاتوچۆی هاوڵاتیان و ئۆتۆمبێلی په‌كخست.

به‌رێوه‌به‌ری رێگه‌وبان له‌ شاره‌وانی موسڵ ده‌ڵێت تائێستا 200كم له‌ شه‌قام و رێگای زیانبه‌ركه‌وتووی شه‌ڕ و بۆردومانه‌ ئاسمانییه‌كان چاككراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌ به‌ری چه‌پ به‌راورد به‌ به‌ری راست زیانی كه‌متری به‌ركه‌وتووه‌.

عه‌دنان محه‌مه‌د رونیكرده‌وه‌ زۆریه‌ی شه‌قامه‌كانی به‌ری چه‌پ دوباره‌ چاككراونه‌ته‌وه‌ و كاره‌كانیان گواستۆته‌وه‌ بۆ به‌ری راست و ئێستا سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌ی شه‌قامی موشیرفه‌ن.

هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌دا، ته‌واوی پرده‌ سه‌ره‌كییه‌كان نێوان هه‌ردوو به‌ری موسڵ له‌سه‌ر روباری دیجله‌، كرانه‌ ئامانج و خاپوربون، هێشتا هه‌مویان نه‌خراونه‌ته‌وه‌گه‌ڕ.

لێپرسراوه‌كه‌ی شاره‌وانی ده‌ڵێت كاری به‌ستنه‌وه‌ی پرده‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و دوایینیان چاككردنه‌وه‌ی پردی نه‌سر بوو له‌ چه‌ند مانگی رابردودا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن