چه‌ند كه‌س كوژراون؟
ناڕه‌زاییه‌كان له‌ عیراق به‌رده‌وامه‌

July 16, 2018 at 8:19 pm

به‌سره‌، 16-7-2018، به‌رده‌وامی ناڕه‌زاییه‌كان كه‌ مه‌ترسی هه‌ڵكشانی به‌هۆكارێكی سانسۆركردنی ئینته‌رنێت داده‌نرێت له‌ عیراق فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

هاوڵاتیانی ناڕازی له‌ چه‌ند شارێكی عیراق، به‌رده‌وامییان به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان دا و جارێكیتر له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان روبه‌روی یه‌كتری بونه‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای هه‌فته‌یه‌ك زیاتر له‌ خۆپیشاندان بۆ خزمه‌تگوزاری.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16-7 له‌ پارێزگاكانی به‌سره‌، زیقار، به‌غدا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری عیراق، خۆپیشانده‌ران به‌ دروشمی داواكاری خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌كو كاره‌با و ئاو، له‌گه‌ڵ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان.

به‌پێی ئاژانسی فرانس پرێس و میدیا عیراقییه‌كان، نزیكه‌ی 200 كه‌س ئه‌مڕۆ ده‌روازه‌ی كێڵگه‌ی غازی سه‌یبه‌یان له‌ به‌سره‌ داخستووه‌، به‌ڵام لێپرسراوان جه‌ختیان له‌وه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌و رێگرییه‌ و ناڕه‌زاییه‌كان رۆژانی رابردووش كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وت و به‌رهه‌مهێنانی غاز نه‌بووه‌.

ئاژانسه‌ جیهانییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ به‌سره‌ جارێكیتر پێكداهه‌ڵپژان رویداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ران برینداربون و زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ركه‌وتون له‌ ئه‌نجامی غازی فرمێسكڕێژه‌وه‌ بووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌غدا خۆپیشانده‌ران به‌ دروشمی “ئێران بڕۆ ده‌ره‌وه‌، به‌غدا ئازاده‌” رێگای باكوری خۆرئاوای پارێزگاكه‌یان بۆ ماوه‌یه‌ك داخستووه‌.

خۆپیشاندانه‌كانی عیراق، هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ شاری به‌سره‌وه‌ ده‌ستیپێكرد بۆ داواكاری كاره‌با، ئاو، هه‌لی كار و پرۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری، دواتر بۆ شار و ناوچه‌كانی تر فراوان بوو.

به‌پێی میدیاكانی عیراق و جیهان، له‌ نێویاندا بی بی سی و فرانس پرێس، له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ شه‌ش هاوڵاتی عیراقی كوژراون، ده‌یان كه‌سی دیكه‌ش برینداربون له‌ ریزی مه‌ده‌نی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا، به‌ڵام كه‌ركوك ناو نه‌یتوانی ئه‌و ئاماره‌ پشتڕاستبكاته‌وه‌.

دوو له‌و هاوڵاتییانه‌ی بونه‌ته‌ قوربانی، دوێنێێ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ سه‌ماوه‌ كوژراون، كاتێك خۆپیشنده‌ران له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان روبه‌روبونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش دیكه‌ش زۆرینه‌یان نیشته‌جێی به‌سره‌ بون.

خۆپیشانده‌ران له‌ به‌سره‌ و نه‌جه‌ف و شاره‌كانی تر، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك باره‌گای حزبی و داموده‌زگای حكومی، به‌شێكیان سوتاندووه‌، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا هێزی زیاتری ئه‌منی ره‌وانه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ كراون.

له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف له‌ كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوودا، به‌پێی ئامارێكی فه‌رمی 400 هه‌زار دۆلار زیانی لێكه‌وتۆته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ 189 گه‌شت راگیراون.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ بی بی سی، خۆپیشانده‌ران شه‌وی رابردوو تابلۆیه‌كی ناونیشانیان له‌ گه‌ڕه‌كی زه‌هرا له‌ ناوچه‌ی حیكمیه‌ی ناوه‌ندی به‌سره‌ سوتاندووه‌، كه‌ به‌ناوی شه‌قامی ئیمام خومه‌ینی، رابه‌ری شۆرشی ئێران و وێنه‌ی ناوبراوی له‌سه‌ر بووه‌.

ناڕه‌زاییه‌كان بۆ خزمه‌تگوزاری له‌ كاتێكدایه‌، رێژه‌ی بێكاری گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ سه‌دا 10 به‌ تایبه‌ت له‌ به‌سره‌ كه‌ ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ سه‌دا 89ی بودجه‌ی عیراق پێكده‌هێنێت.

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ئێواره‌ی شه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ژماره‌یه‌ك بڕیاری بۆ داواكاری خۆپیشانده‌ران ده‌ركرد، له‌ نێویاندا ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار و زیادكردنی بڕی كاره‌با و ئاو و ته‌رخانكردنی بودجه‌ بۆ پرۆژه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نه‌یتوانی ناڕازییه‌كان كپبكاته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن