ژنێك له‌ خانه‌قین به‌ ته‌نیا خۆپیشاندانی ئه‌نجامدا

July 16, 2018 at 9:47 pm

دیاله‌، 16-7-2018، ژنه‌ چالاكوانێكی مه‌ده‌نی ده‌ستپێشخه‌ری كرد له‌ ناڕه‌زایی دژی نه‌بونی خزمه‌تگوزاری فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – دیاله‌

ژنه‌ چالاكوانێكی مه‌ده‌نی له‌ خانه‌قین، به‌ ته‌نیا خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی ئه‌نجامدا دژی نه‌بونی خزمه‌تگوزاری و داوایكرد، خه‌ڵكی دیكه‌ له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یدا به‌شداری بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 16-7 له‌ خانه‌قین، ژنه‌ چالاكوانێكی مه‌ده‌نی به‌ تاقی ته‌نیا چووه‌ گۆڕه‌پانی كرندی له‌ناوه‌ندی شاره‌كه‌، تا دژی نه‌بونی ئاو و كاره‌با ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت.

ئەخلاس مەجید، تاقه‌ خۆپیشانده‌ره‌كه‌ی خانه‌قین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێوارەی ئه‌مڕۆ بەتەنها هاتم بۆ گۆڕەپانی كرندی لە ناوەندی شارۆچكەی خانەقین بۆ دەربڕینی نارەزایەتی دژی نەبوونی كارەبا و ئاو”.

وتیشی “زۆر دڵگرانم بەوەی كە هاوڵاتیان سەیرم  دەكەم دروشمی ناڕەزایەتیم بەرزكردووە بەڵام دەستپێشخەری ناكەن بۆ بەشداریكردن لە ناڕەزایەتی دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتاییەكانی هاوڵاتیان”.

دیاله‌، 16-7-2018، ئه‌و ژنه‌ چالاكوانه‌ی به‌ته‌نیا خۆپیشاندانی ئه‌نجامدا داواده‌كات خه‌ڵكانی دیكه‌ش به‌شداری ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی بكه‌ن فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هه‌ڵوێستی ئه‌و ژنه‌ له‌ خانه‌قین، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ به‌سره‌، به‌غدا و چه‌ندین شاری تری عیراق، دژی نه‌بونی خزمه‌تگوزاری، كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

پێشتر و له‌ 21ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا، چالاكوانان ده‌ستپێشخه‌رییان كرد بۆ راگه‌یاندنی مانگرتنی گشتی بۆ ماوه‌ی چوار كاتژمێر، به‌هۆی خراپی ره‌وشی ئه‌منییه‌وه‌.

قه‌زای خانه‌قین له‌ باكوری پارێزگای دیاله‌، یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك و زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كوردن، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن