دوو برا به‌ ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب گیانیانله‌ده‌ستدا

July 18, 2018 at 11:34 am

كه‌ركوك/11-11-2017/ شوێنه‌واری شه‌ڕ له‌ ناوه‌ندی قه‌زای حه‌ویجه‌ دوای سێ ساڵ له‌ حوكمڕانی داعش فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك ناو

دوو برای ته‌مه‌ن (10و 14 ساڵ)، به‌ ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی چێنراو له‌ گوندی ره‌شیدییه‌ له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ گیانیانله‌ده‌ستدا.

روداوه‌كه‌ كاتژمێر 9ی به‌یانی سێشه‌ممه‌ 17ی ته‌موز رویدا، به‌هۆیه‌وه‌ سێ كه‌س كه‌ دوانیان برابون برینداربون، دوای گه‌یاندنیان بۆ نه‌خۆشخانه‌ دوو براكه‌ گیانیانله‌ده‌ستدا.

ئەحمەد خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بۆمبه‌كه‌ له‌ گوندی رەشیدییە نزیک پردی حەلاوە ته‌قییه‌وه‌ له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌، ئه‌و سێ كه‌سه‌ی برینداربون به‌په‌له‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی حه‌ویجه‌ كران و دواتر له‌به‌ر سه‌ختی برینه‌كه‌یان بۆ كه‌ركوك گوازرانه‌وه‌، به‌ڵام دوو برا‌ گیانیانله‌ده‌ستدا”.

ئه‌حمه‌د خورشید خۆی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی حه‌ویجه‌ سه‌ردانی كردبون، وتی “برینه‌كانیان سه‌خت بوون و له‌ حه‌ویجه‌ چاره‌سه‌ر ناكران بۆیه‌ ره‌وانه‌ی كه‌ركوك كران”.

برینه‌كانیان سه‌خت بوون و له‌ حه‌ویجه‌ چاره‌سه‌ر ناكران بۆیه‌ ره‌وانه‌ی كه‌ركوك كران

سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئازادی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە (کەرکوک ناو)ی وت “برینداره‌كانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ کاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژه‌ گه‌یه‌نرانه‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی بەڵام به‌هۆی سەختی برینه‌كانیان دوو براكه‌ گیانیانله‌ده‌ستدا”.

 ئه‌و دوو برایه‌، ئەحمەد فەرحان جومعە (10 ساڵ) و ئەیاد فەرحان جومعە (14 ساڵ)، تەرمەکانیان هه‌ر سێشه‌ممه‌ 17ی ته‌مووز درایه‌وه‌ به‌ كه‌سوكاریان و دواتر له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ به‌خاكسپێردران.

قه‌زای حه‌ویجه‌ 55كم باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك و ناحییه‌كانی ریاز، ره‌شاد، عه‌باسی و زاب، زیاتر له‌ سێ ساڵ له‌ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی داعش-دا بون، به‌هۆیه‌وه‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌كانیان بۆمبڕێژكرد بۆ رێگریی له‌ پێشڕه‌وی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

هێشتا بۆمبی چێنراو هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گوندنشینانی ناوچه‌كه‌ ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ نۆ مانگه‌ ناوچه‌كه‌ كۆنترۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن