نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ حكومه‌تی عیراق: وه‌ڵامی نیگه‌رانی خه‌ڵك بده‌نه‌وه‌

July 18, 2018 at 6:54 pm

به‌سره‌، 16-7-2018، به‌رده‌وامی ناڕه‌زاییه‌كان كه‌ مه‌ترسی هه‌ڵكشانی به‌هۆكارێكی سانسۆركردنی ئینته‌رنێت داده‌نرێت له‌ عیراق فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق، به‌پێویستی ده‌زانێت حكومه‌تی ناوه‌ندی وه‌ڵامی نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵك بداته‌وه‌ و دوربكه‌نه‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانی هێزی مه‌ترسیدار، هۆشداری ده‌دات ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ به‌رده‌وامی هه‌بێت كاریگه‌ری خراپی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئه‌و داواكارییه‌ دوای ئه‌وه‌هات، له‌ چه‌ندین شاری عیراق هاوڵاتیانی دژی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و له‌ ئه‌نجامی دروستبونی بارگرژی، ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك بونه‌ قوربانی.

یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عیراق داوا لە حکومەت دەکات ڕێز لە نیگەرانییە ڕەواکانی خەڵکی بگرێت و وەڵامیان بداتەوە..

به‌پێویستی زانی لایەنە سیاسییەکانیش له‌ کابینەی داهاتوودا حکومڕانی کارا و چاکسازی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لە کاری هەر لە پێشینەیان بێت بۆ پەرەسەندن و بەرەوپێشبردنی بواری ئابووری و دروستکردنی هەلی کار و گەیاندنی خزمەتگوزاری.

خۆپیشاندانه‌كانی عیراق، سه‌ره‌تا له‌ به‌سره‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و له‌ هه‌فته‌یه‌كدا چه‌ندین شاری دیكه‌ی گرته‌وه‌ و به‌پێی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، هه‌شت هاوڵاتی كوژران و ده‌یانی تر له‌ مه‌ده‌نی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان برینداربون.

نوێنه‌ری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگه‌رانی له‌ توندوتیژیه‌كان نیشانده‌دات، ده‌ڵێت “نیگه‌رانین له‌و کارە تێکدەرانە و تاڵانکارییەکان کە لە میانەی هەندێک لە خۆپیشاندانەکاندا ڕویاندا، ئەگەرچی بەشێوەیەکی گشتی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بوون”، هه‌روه‌ها هاتووه‌ “بەداخ و پەژارەوەین بۆ گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر هەم لە نێو خۆپیشاندەران و هەم لە نێو هێزەکانی ئاسایش”.

كۆبیش هۆشداریداوه‌ ئه‌گه‌ر ئەو ڕوداوانە به‌رده‌وامبن ئه‌وا “کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بوارەکانی ئاسایش و ئابووری لە سەرانسەری وڵاتدا دەبێت”.

داواشیكرد ئازادی بۆ هاوڵاتیان فه‌راهه‌مبكرێت بۆ به‌شداری له‌ خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ به‌بێ ترس و تۆقاندن یان ڕەشبگیری و مافی گەیشتنیان بە زانیاری بێ سنوور هه‌بێت، “ئەرکی دەسەڵاتە پارێزگاری لەو خۆپیشاندانە ئاشتییانە و بەشداربووانی بکات. لەگەڵ پاراستنی یاسا و ڕێساکان، پێویستە هێزەکانی ئاسایش دانبەخۆیاندا بگرن و خۆیان بەدووربگرن لە بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر و مەترسیدار”.

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی عیراق ژماره‌یه‌ك بڕیاری بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ ناڕه‌زایی تێدایه‌، له‌ نێویاندا زیادكردنی پشكی كاره‌با، ئاوی خواردنه‌وه‌ و به‌ڵێنی ره‌خساندنی هه‌لی كار و ته‌واوكردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌یتوانی خۆپیشاندانه‌كان كپبكات.

ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ له‌ كاتێكدایه‌، عیراق به‌ دۆخێكی سیاسی ئاڵۆزیدا تێده‌په‌ڕێت و هێشتا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌، به‌هۆی تانه‌ی لایه‌نه‌كان و گومانی ساخته‌كاری، به‌هۆیه‌وه‌ چاره‌نوسی رێككه‌وتنه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و ده‌ستبه‌كاربونه‌ی خولی چواره‌می په‌رله‌مان دیارنیه‌، هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ خولی پێشوی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ كاره‌كانی هاتووه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن