ده‌نگی ئاواره‌كان ده‌برێته‌ به‌غداد
هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی نه‌ینه‌وا كۆتاییهات

July 18, 2018 at 9:19 pm

نه‌ینه‌وا، 12-5-2018، به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌حمه‌د زه‌یدی – نه‌ینه‌وا

جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان له‌ نه‌ینه‌وا كۆتاییهات، بڕیاره‌ ژماره‌یه‌ك سندوقی ده‌نگدانی ئاواره‌كانیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێن، به‌وته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ ئه‌و سندوقانه‌ی تانه‌ و سكاڵایان له‌سه‌ره‌، سێشه‌ممه‌ 17-7 ده‌ستیپێكرد و دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ كۆتاییهات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ بڵاوبكرێنه‌وه‌.

لیس جه‌بر، وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پرۆسه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و دادوه‌رانه‌ به‌رێوه‌چووه‌ كه‌ له‌ ئێستادا كاره‌كانی كۆمسیۆن راییده‌كه‌ن، دوباره‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌نگانه‌ كراوه‌ كه‌ گومانی ساخته‌كارییان له‌سه‌ر هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ له‌ نه‌ینه‌وا 328 سندوق سكاڵا و تانه‌ی له‌سه‌ر هه‌بووه‌، هه‌مویان به‌ ده‌ست هه‌ژماركراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام 191 سندوقی ده‌نگی ئاواره‌كانی كه‌مپ ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون تا له‌ هۆڵی پێشانگای ئه‌و شاره‌ هه‌ژماربكرێنه‌وه‌.

هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، سه‌ره‌تا و له‌ 3ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ شاری كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و دواتر پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆك، سه‌ڵاحه‌دین و چه‌ند شارێكی تری گرته‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ تا هه‌موو پارێزگاكان ته‌واوده‌كرێن.

دادگای باڵای فیدراڵی مانگی رابردوو له‌ چوارچێوه‌ی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بڕیاریدا به‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌و ناوه‌ند و وێستگانه‌ی گومان و سكاڵایان له‌سه‌ره‌، نه‌ك هه‌موو ده‌نگه‌كانی عیراق.

ئه‌و پرۆسه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌هات، ژماره‌یه‌ك لایه‌ن و قه‌واره‌ی سیاسی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق كه‌ هه‌ژماری ده‌نگه‌كانی به‌ ئه‌لیكترۆنی بوو، ئه‌وه‌ش به‌ تۆمه‌تی ساخته‌كاری و ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن