دوو منداڵ و چه‌ند هاوڵاتیه‌ك برینداربون
سه‌رچاوه‌ ئه‌منیه‌كان: 9 ته‌قینه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك رویدا

July 18, 2018 at 10:36 pm

كه‌ركوك، 18-7-2018، شوێنه‌واری ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراو له‌رێگای به‌غدا

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌ نێویاندا منداڵ له‌ كه‌ركوك برینداربون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ژماره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و شاره‌، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ (كه‌ركوك ناو).

دوبه‌دوای كاتژمێر 9ی ئه‌مشه‌و له‌ چه‌ند شوێنێكی شاری كه‌ركوك، له‌رێی بۆمب و جۆره‌ چه‌كی جیاواز ژماره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ رویدا و به‌پێی ئاماره‌ سه‌ره‌تایییه‌كان، ته‌نیا بریندار و زیانی ماددی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

عه‌قید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كۆمه‌ڵێك ته‌قینه‌وه‌ بووه‌، تائێستا روون نیه‌ چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌، به‌ڵام سێ ئۆتۆمبێلی نه‌ناسراو نارنجۆك هه‌ڵده‌ده‌ن بۆ ترساندنی خه‌ڵك”.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ (كه‌ركوك ناو)، ئه‌مشه‌و 9 ته‌قینه‌وه‌ی جیاواز رویانداوه‌، به‌ڵام هیچیان به‌ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو نه‌بووه‌، به‌ڵكو بۆمبی چێنراو و نارنجۆك بوون.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك وتی سێ له‌ ته‌قینه‌وه‌كان له‌ رێگای به‌غدا رویانداوه‌ و دوانیان له‌ نزیك مزگه‌وتی حاجی سه‌برییه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ نزیك خوارده‌مه‌نی زبێد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هاوڵاتیه‌ك برینداربووه‌.

هه‌روه‌ها سێ ته‌قینه‌وه‌ی تر له‌ شه‌قامی سه‌ره‌كی گه‌ڕه‌كی حساباتی كه‌ركوك بووه‌، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ چوار كه‌س برینداربون.

وتیشی سێ ته‌قینه‌وه‌ی تر له‌ گه‌ڕه‌كی شۆرجه‌ بووه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانی گیانی لێبكه‌وێته‌وه‌ و چه‌ند گوله‌ هاوه‌نێكیش له‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌ی منداڵان كه‌وتۆته‌وه‌ خواره‌وه‌.

به‌پێی ئاماره‌ سه‌ره‌تایییه‌كان، له‌ ئه‌نجامی هه‌موو ته‌قینه‌وه‌كاندا 11 كه‌س برینداربوون و هیچ گیانله‌ده‌ستدانێك تۆمارنه‌كراوه‌، زیانی ماددیش هه‌بووه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ (كه‌ركوك ناو)، دوو رومانه‌ یه‌كێكیان له‌ نزیك و ئه‌ویتریان له‌ناو باخچه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی منداڵان ته‌قیوه‌ته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ دوو منداڵ و دایكیان برینداربون، له‌گه‌ڵ دو هاوڵاتی دیكه‌ كه‌ بۆ سه‌ردانی نه‌خۆش له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ بوون.

دوابه‌دوای ته‌قینه‌وه‌كان، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ كه‌ركوك خرانه‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌، له‌ ئێستادا هه‌ڵمه‌تی پشكنین ده‌ستیپێكردووه‌.

ته‌قینه‌وه‌كان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك، دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا چه‌ندین روداوی جیاواز رویاندا.

له‌ دوایین ته‌قینه‌وه‌دا له‌ كه‌ركوك، 1ی ئه‌م مانگه‌ به‌هۆی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو و بۆمبێكه‌وه‌، هاوڵاتییه‌ك كوژراو و چه‌ند كه‌سێكی تر برینداربون.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆری عیراقیه‌وه‌ به‌ هاوكاری پۆلیس به‌رێوه‌ده‌برێت، ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ش به‌ ده‌ست هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌یه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن