“بكوژی” ژنێك خۆی راده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كرد

July 19, 2018 at 6:08 pm

كەركوك/2017/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

هاوڵاتییه‌كی شاری كه‌ركوك خۆی راده‌ستی هێزه‌كانی پۆلیس كرد، دوابه‌دوای كوشتنی خوشكێكی و فڕیدانی ته‌رمه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ش به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو).

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ نزیكی پرۆژه‌ی ئاوی گوندی بڵاوه‌ی ناحیه‌ی یایچی خۆرئاوای كه‌ركوك، ته‌رمی ژنێك دۆزرایه‌وه‌ و دوای ره‌وانه‌كردنی بۆ پزیشكی دادوه‌ری، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی روداوه‌كه‌ش دۆزرایه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئاگادار به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و ژنه‌ی كوژراوه‌ دانیشتوی گه‌ڕه‌كی یه‌كی حوزه‌یرانی كه‌ركوكه‌، چوارشه‌ممه‌ 18-7 برایه‌كی ئه‌و ژنه‌ وه‌كو تۆمه‌تباری كوشتنه‌كه‌ خۆی راده‌ستی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كرد و دانی به‌تاوانه‌كه‌یدانا، وتویه‌تی روداوه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌”.

وه‌كو سه‌رچاوه‌كه‌ رونیكرده‌وه‌، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ته‌رمه‌ له‌رێی خه‌ڵكه‌وه‌ بووه‌ و دواتر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، دوای گه‌یشتنی تیمی ئه‌وان، ته‌رمه‌كه‌ هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه‌ و بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی هۆبەی پزیشكی دادوەری نەخۆشخانەی ئازادی كراوه‌.

ته‌نیا له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا، سێ ژن له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ و په‌شێویه‌وه‌ كوژراون و له‌ دوو ساڵی رابردودا، سه‌دان روداو و تاوانی جیاواز لە كەركوك تۆماركراون لە نێویاندا ئەو دۆسێیانەی دەرهەق بە ژنان بوون.

بەشێك لە ژنانی كەركوك لە دۆخێكی كۆمەڵایەتی ناهەمواردا ژیان دەگوزەرێنن، بەهۆی ئەوەی لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە مافەكانیان پێشێلدەكرێت‌و روبەڕوی لێدان‌و چاوسوركردنەوە دەبنەوە.

ناجێگری دۆخی ئابووری، داب‌ونەرێت، هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ژنی دووەم‌و بەزۆر بەشوودان، بەهۆكارە دیارەكانی توندوتیژی دژی ژنان دادەنرێت لە كەركوك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن