دژه‌تیرۆر و پۆلیس: دۆخی كه‌ركوك ئارامه‌
دوایین زانیاری له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كان و تۆمه‌تباران ئاشكراده‌كه‌ن

July 19, 2018 at 10:01 pm

كه‌ركوك، 18ی ته‌مموزی 2018، نۆ ته‌قینه‌وه‌ له‌رێی بۆمب و نارنجۆكه‌وه‌ له‌چه‌ند شوێنێكی جیاوازی شاره‌كه رویدا‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

دژه‌تیرۆری عیراق و هێزه‌كانی پۆلیسی كه‌ركوك، جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ دۆخی ئه‌منی شاره‌كه‌ ئارامه‌ و له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه‌، له‌ چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا گه‌یشتونه‌ته‌ سه‌ره‌داوی ته‌قینه‌وه‌كانی شه‌وی رابردوو.

نۆ ته‌قینه‌وه‌، شه‌وی چوارشه‌ممه‌ (18ی ته‌مموز) له‌رێی بۆمب و نارنجۆكه‌وه‌، چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ناوه‌ندی شاری كه‌ركوكی گرته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی برینداربوون.

عه‌مید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “شه‌وی رابردو كۆمه‌ڵێك ته‌قینه‌وه‌ له‌ رێگای به‌غدا، گه‌ڕه‌می مه‌مدوده‌ و نزیك گه‌راجی سلێمانی روویداوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ 9 هاوڵاتی برینداربون، به‌ڵام هیچ كه‌سێك گیانی له‌ ده‌ستنه‌داوه‌”.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر و پۆلیس، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌ی روداوه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ته‌قینه‌وه‌كان و ده‌ستگیركردنیان.

وته‌بێژی پۆلیس جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه‌ و دڵنیایی به‌ هاوڵاتیان دا، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بڵاوبونه‌ته‌وه‌ بۆ پاراستنی ئه‌منیه‌تی شاره‌كه‌.

له‌ نێو بریندارانی ته‌قینه‌وه‌كانی شه‌وی رابردوو، منداڵ و ژن هه‌بون، به‌وته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستییان نه‌ماوه‌.

لیواروكن مه‌عن سه‌عدی، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تییه‌كانی دوی سه‌ر به‌دژه‌تیرۆری عیراق له‌ كه‌ركوك ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌رێی دوو ئۆتۆمبێلی جۆری جارجر و لاندكرۆزه‌ه‌وه‌ بۆمب و نارنجۆك هه‌ڵدراوه‌ له‌ رێگا سه‌ره‌كییه‌كان و به‌هۆیه‌وه‌ 10 كه‌س برینداربون.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد هێزه‌كانیان توانیویانه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ بناسینه‌وه‌ و له‌ ئێستادا وێنه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی ته‌واوی بازگه‌كان كراوه‌، تا ده‌ستگیربكرێت.

فه‌رمانده‌كه‌ی دژه‌تیرۆر وتی “ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی شه‌وی رابردویان ئه‌نجامدا هه‌ڵاتون بۆ شاره‌كانی باكوری عیراق و كارده‌كه‌ین به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان تا به‌زوترین كات ده‌ستگیربكرێن”.

مه‌عد سه‌عدی ئاشكراشیكرد هێزه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌ كه‌ركوك، شانه‌یه‌كی چه‌كدارییان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ 13 كه‌س بوون، دوای ئه‌وه‌ی دزه‌یانكردۆته‌وه‌ ناو شاره‌كه‌وه‌.

دڵنیایی ئه‌وه‌شی به‌ هاوڵاتیان دا كه‌ دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك ئارامه‌ و كۆنتڕۆڵكراوه‌.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆری عیراقیه‌وه‌ به‌ هاوكاری پۆلیس به‌رێوه‌ده‌برێت، ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ش به‌ ده‌ست هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌یه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن