پڕۆفایل: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریدایه‌

July 25, 2018 at 12:26 pm

سلێمانی/ئایاری 2018/ بانگه‌شه‌ی لیستی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: ماڵپه‌ڕی سبه‌ی

كه‌ركوك ناو

بزوتنەوەی گۆڕان كه‌ له‌مانگی چواری 2009 وه‌ك نوێترین هێزی سیاسی نێو گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان خۆی ناساند، ئامانج لێی “گۆڕانكاریی” بوو له‌ ده‌سه‌ڵات و سیستمه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ ئێستادا خۆی له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریدایه‌.

گۆڕان چییه‌؟

رۆژی 11ی نیسانی 2009، نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان‌و جێگری پێشوی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌، لەدیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی رایگەیاند “بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، رێبەرایەتی لیستێكی تایبەت دەكەم”.

ئەم لێدوانەی نەوشیروان مستەفا لە سایتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕاندا وەك سەرەتای دامەزراندنی ئەو بزوتنەوە سیاسییە دیاریكراوە، بەڵام سایتەكە سەبارەت بە راگەیاندنی گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی دەڵێت “مێژوی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەك رێكخراوێكی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ 31ی ئایاری 2010 كاتێك لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مۆڵەتی فەرمی وەرگرت”.

نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان فۆتۆ: راگەیاندنەكانی بزووتنەوه‌كه‌

رۆژی 28ی نیسانی 2009 دوای داواكردنی پێدانی مۆڵەت، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بزوتنەوەی گۆڕانی وەك قەوارەیەكی سیاسی فەرمی لە هەرێمی كوردستانی عیراق ناساند.

بەسودوەرگرتن لەو مۆڵەتە بزوتنەوەی گۆڕان وەك نوێترین هێزی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی رۆژی 2009دا كرد‌و لەكۆی 111 كورسی پەرلەمان توانی لەیەكەمین بەشداریكردن 25 كورسی بباتەوە.

بەوپێیەی رێبازی ئۆپۆزسیۆنبونی هەڵبژارد، بەبەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە گۆڕان بوە بە گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لەمێژوی دروستبونی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1991وە.

ساڵێك دوای هەڵبژاردنە پارلەمانییەكەی هەرێمی كوردستان، گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا كرد كە ساڵی 2010 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا ئەو بزوتنەوەیە توانی (هەشت) كورسی بباتەوە.

لەدواین هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان كە رۆژی 21ی ئه‌یلولی 2013 بەڕێوەچو، بزوتنەوەی گۆڕان 24 كورسی بەدەستهێنا‌و لەروی ریزبەندی هێزەكان‌ و بەپێوەری كورسی لەپەرلەماندا توانی پێش حزبەكەی جەلال تاڵەبانی بكەوێت‌و ببێتە هێزی دوەم لەسەر ئاستی هەرێم لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشوی هەرێم.

بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان

لەچوار ساڵی یه‌كه‌می ئۆپۆزسیۆن بونیدا، بزوتنەوەكە وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن كاریكرد‌و وەك لە بەرنامەكانیدا جەختی لەسەر دەكاتەوە، ئەو دەیەوێت چاكسازبی لە سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستاندا بكات.

سلێمانی/ بانگه‌شه‌ی هەوادارانی بزووتنەوەی گۆڕان له‌ یه‌كه‌م به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان‌ له‌ ساڵی 2009 فۆتۆ: ماڵپەڕی سبەی

بزوتنەوەی گۆڕان كە لەسەرەتاوە دروستبونییەوە لەنێو خەڵكی هەرێمی كوردستانی عیراقدا وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن خۆی ناساند، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دروشمی “بەرەو دەسەڵاتێكی نوێ”ی بۆ كەمپەینی هەڵمەتەكانی خۆی هەڵبژارد.

لەڕێی ئەم دروشمەوە گۆڕان نیازی خۆی بۆ بەشداریكردن‌و گرتنەدەستی دەسەڵات لە هەرێم راگەیاند و دواتریش چووه‌ نێو حكومه‌تی بنكه‌فراوان، به‌ڵام ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی ده‌كرد گه‌یشته‌ لوتكه‌، له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ پرسی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ رێگریی له‌ بارزانی ده‌كرد ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی بۆ درێژبێیته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ وه‌زیره‌كانی گۆران له‌ حكومه‌ت ده‌ركران و رێگه‌نه‌دار سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ پشكی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بچێته‌وه‌ هه‌ولێر.

گۆڕان سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا

له‌ 19ی ئایاری 2017، نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد‌و وته‌بێژی بزتنه‌وه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ “لەسەر رێباز و بەرنامەی ئەو سەركردە مەزنە بەردەوام دەبێ بۆ خزمەتی كوردستان”.

نەوشیروان مستەفا، ساڵی 1944 لە سلێمانی لەدایك بووەو یەكێكە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و جێگری سكرتێری گشتی بووە كاتێك وازی لەو حزبە هێناوە لە ساڵی 2006.

سلێمانی، 20-5-2017، مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرمی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی گۆڕان فۆتۆ: كەی ئێن ئێن

نەوشیروان مستەفا، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواو كردووە، ساڵی 1967 كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی بەغداد تەواو كردووە لە سەرەتای حەفتاكان چووەتە نەمسا‌و ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتی لە نەمسا خوێندووە.

سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو دەستی بە كار و چالاكی سیاسی كردووە یەكەم وێستگەی ژیانی سیاسی لە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیان.

نەوشیروان مستەفا، چەندین كتێبی لە بواری سیاسیی و مێژوویی و ئەدەبی هەیە، لە ساڵی 1981 ژیانی هاوسەرێتی‌ پێكهێناوە‌و باوكی دوو كوڕ و كچێكە بەناوەكانی نما، چیا‌و چرا.

رێكخه‌ری نوێ و كێشه‌ی ناوخۆیی

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا له‌ 25ی ته‌مموزی 2017، عومەر سەید عەلی، هاوڕێی دێرینی نه‌وشیروان مسته‌فا، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، بە رێكخەری گشتی گۆڕان هەڵبژێردرا.

سلێمانی، 12-8-2017، كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان فۆتۆ: بڕیار نامیق

له‌ ئێستاداو به‌دیاریكراوی دوای هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری 2018ی عیراق، بزوتنه‌وه‌كه‌ كێشه‌ی ناوخۆیی تێكه‌وت، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پرسی بڕیاردان و خاوه‌ندارێتی سه‌روه‌ت و موڵك و ماڵی بزوتنه‌وه‌كه‌، به‌هۆیه‌وه‌ دیارترین كه‌سایه‌تی سیاسیی و ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن عوسمان حاجی مه‌حمود ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی راگه‌یاند.

بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراق ته‌نیا پێنج كورسی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام هه‌ردو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری به‌ “ته‌زویركردنی ده‌نگه‌كان” تۆمه‌تباركرد.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن