شه‌نگالییه‌كان وێنه‌ی مه‌ینه‌تییه‌كانیان ده‌كشێن

July 26, 2018 at 7:10 pm

نه‌ینه‌وا، ته‌مموزی 2018، گه‌نجانی شه‌نگال له‌رێی كێشانی وێنه‌ له‌سه‌ر دیواره‌كان مه‌ینه‌تییه‌كان نیشانده‌ده‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

موهه‌نه‌د سنجاری – نه‌ینه‌وا

گه‌نجانی به‌هره‌مه‌ندی شه‌نگال، له‌ سه‌ر دیواره‌كانی شاره‌كه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ كێشانی وێنه‌ی ئه‌و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانه‌ی روبه‌روی بونه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵمه‌تی ئه‌و گه‌نجانه‌، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و سه‌ره‌تا له‌ دیواره‌كانی باكوری قه‌زاكه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، تا چیرۆكی كۆمه‌ڵكوژییان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ زیندوبمێنێته‌وه‌ و به‌و هه‌نگاوه‌، پاشماوه‌ی شه‌ڕیش له‌ ناوچه‌كه‌ بشارنه‌وه‌.

مسته‌فا حه‌سه‌ن، یه‌كێك له‌ وێنه‌كێشه‌كانی به‌شداربوی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمه‌ وه‌كو كۆمه‌ڵێك گه‌نجی شه‌نگال ده‌ستپێشخه‌رییمان كرد بۆ ئه‌و كاره‌ خۆبه‌خشه‌ تا له‌رێی وێنه‌كێشانه‌وه‌ مه‌ینه‌تی ئێزیدییه‌ رفێنراوه‌كان بگه‌یه‌نین”.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌وان، هاوكاریش ده‌بێت له‌ نه‌هێشتن و شاردنه‌وه‌ی دروشمه‌كانی شه‌ڕ و پاشماوه‌ی روبه‌روبونه‌وه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دا، هیواشی خواست بتوانن به‌رده‌وامی به‌ پرۆژه‌كه‌ بده‌ن.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، تائێستاش زیاتر له‌ سێ هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ نێویاندا ژن و منداڵ دوای رفاندنیان چاره‌نوسیان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

مسته‌فا ده‌ڵێت هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ توانای خۆیان بووه‌، هیچ هاوكارییه‌كیان پێنه‌دراوه‌ و ئومێدی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ رێكخراوێك پاڵپشتیان بێت، تا هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ببێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وانه‌یشی به‌هره‌یه‌كی هونه‌رییان هه‌یه‌ و له‌رێی ئه‌و چالاكییه‌وه‌ تواناكانیان ده‌ربكه‌وێت.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) كه‌ لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت، لە 13ی تشرینی دووەمی 2015ه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن