پرده‌ روخاوه‌كانی موسڵ ژیان له‌ خه‌ڵك قورستر ده‌كه‌ن

August 4, 2018 at 2:01 pm

رۆهەڵاتی موسڵ، 2017، تێپەڕینی هاوڵاتیان بە پردێكی رووخاودا لە گەڕەكی سوكەر فۆتۆ: UNHCR/Ivor Prickett

عه‌لی ئه‌یاد – نه‌ینه‌وا

ئه‌بو ئه‌حمه‌د تاكسییه‌كه‌ی به‌ره‌و به‌ری چه‌پی موسڵ لێده‌خوڕی، له‌ ریزێكی دورودرێژی ئۆتۆمبێلدا وه‌ستابوو، تا بتوانێت له‌رێی پردێكی كاتی ئاسنینه‌وه‌ به‌ره‌و به‌شی راستی شاره‌كه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌.

له‌نێو گه‌رمای به‌رزی موسڵ، ئه‌بو ئه‌حمه‌د كه‌ ده‌سته‌سڕێكی له‌سه‌ر شانی دانابوو بۆ سڕینی ئاره‌قه‌ی نێوچه‌وانی، كێشای به‌ سوكانی ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا و وتی “تاكه‌ی ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ كاتییانه‌ ده‌مێنن”، مه‌به‌ستی له‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ و چاككردنه‌وه‌ی كاتی ئه‌و پردانه‌ بوو هه‌ردوو به‌ری شاره‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌.

ئه‌بو ئه‌حمه‌د و ته‌واوی شۆفێرانی تر له‌ شاره‌كه‌، رۆژانه‌ ناچارن ده‌وروبه‌ری 30 خوله‌ك چاوه‌ڕێ بكه‌ن تا له‌نێوان به‌ری راست و چه‌پی موسڵ هاتوچۆ بكه‌ن.

له‌ موسڵ پێنج پردی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر روباری دیجله‌ دروستكراوه‌، بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی روباره‌كه‌ شاره‌كه‌ ده‌كاته‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو پرده‌كان له‌شه‌ڕی داعش له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ ته‌قێنرانه‌وه‌.

داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر موسڵدا و له‌ ته‌مموزی 2017 هێزه‌ عیراقییه‌كان شاره‌كه‌یان كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌.

گه‌یاره‌، نیسانی 2018، به‌رزبونه‌وه‌ی ئاوی دیجله‌ هاتوچۆی له‌پردێكدا راگرتووه‌ فۆتۆ: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

“ساڵێك به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵدا تێپه‌ڕیوه‌ به‌ڵام كێشه‌ی پرده‌كان هێشتا چاوه‌رێی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌شه‌ڕدا زۆرینه‌ی پرده‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا وێران بون كه‌ 65 پردن” مه‌روان عه‌بدولره‌زاق، به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی رێگاوبان و پرده‌كان له‌ نه‌ینه‌وا وای وت.

هه‌روه‌ها بۆ (كه‌ركوك ناو) ئه‌وه‌شی وت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان هه‌وڵیداوه‌ چاره‌سه‌ری كاتی بۆ كێشه‌كه‌ بدۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستیكردوه‌ به‌ بنیاتنانه‌وه‌ی پردی چوار له‌رێی دانانی پردێكی ئاسنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌تێچوی ملیارێك و 993 ملیۆن دینار له‌سه‌ر ئه‌ركی بانكی نێوده‌وڵه‌تی.

ئه‌و پرده‌ی به‌ كاتی به‌گه‌ڕخراوه‌ته‌وه‌ ناوچه‌ی ده‌واسه‌ له‌ به‌ری راستی موسڵ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ گه‌ڕه‌كی زوبات له‌ به‌ری چه‌پی شاره‌كه‌.

به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی رێگاوبان و پرده‌كان ده‌ڵێت پرۆژه‌ی دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی دوو پردی كۆنی موسڵ هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان ساڵی 1934 دروستكراوه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ پردی حه‌جه‌ری نزیك له‌ پردی ته‌تیق.

هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، زیانی به‌ سه‌دا 80ی ژێرخانی موسڵ گه‌یاندووه‌ به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان، له‌سه‌ره‌تای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌شدا، سوپای عیراق پردی ئاسنی سه‌ربازی دانا تا هاوڵاتیان بتوان هاتوچۆ بكه‌ن.

نه‌ینه‌وا/ئه‌یلولی 2017/ كاركردن له پردی ئاسنینی موسڵ كه‌ هه‌ردوو به‌ری چه‌پ و راستی شاره‌كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

نه‌وفل حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ ته‌مموزی 2017 و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌وه‌ تائێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیان له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی وه‌رنه‌گرتووه.

حكومه‌تی ئه‌ڵمانی، بڕی 45 ملیۆن یۆرۆی ته‌رخانكردووه‌ بۆ هاوكاری عیراق، به‌ ئامانجی پاككردنه‌وه‌ی پرده‌كان، به‌پێی ئیداره‌ی پارێزگاكه‌.

به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی رێگاوبان و پرده‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ پاره‌یه‌ شه‌ش پرد نۆژه‌ن و چاكده‌كرێنه‌وه‌، له‌ نێویاندا پردی كویر، گه‌یاره‌، وادی مه‌رعی، پردی حود و دوو پرد له‌ناوشاری موسڵ، ئه‌وانیش موسه‌نای یه‌ك و دوو، له‌گه‌ڵ چاككردنه‌وه‌ی رێگای نێوان به‌غدا و موسڵ.

مه‌روان عه‌بدولره‌زاق ده‌ڵێت حكومه‌تی عیراقی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یان ته‌رخاننه‌كردووه‌، رۆڵی حكومه‌ت وه‌كو ئه‌و وتی ته‌نیا هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌ نێوان ئه‌وان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی هاوكاری دارایی پێشكه‌شده‌كه‌ن.

هاوڵاتیانی موسڵ، جگه‌ له‌ كێشه‌ی رێگاوبان و پرده‌كان، به‌ده‌ست چه‌ندین گرفتی تری نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی و سه‌قامگیرییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

ئه‌بو ئه‌حمه‌د و زۆرینه‌ی شۆفێرانی تری موسڵ، هێشتا گیرۆده‌ی پاشماوه‌ی شه‌ڕن، نه‌بونی رێگه‌ی گونجاو و قه‌ره‌باڵغی پرده‌ ئاسنیه‌كه‌ كاری كردۆته‌ سه‌ر بژێوی ژیانی له‌ رێی ته‌كسییه‌كه‌یه‌وه‌، چونكه‌ رۆژانه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ یه‌ك هاتوچۆی نێوان هه‌ردوو به‌ری شاره‌كه‌دا به‌رێده‌كات.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن