چاره‌نوسی سه‌دان ژن و كچی توركمان نادیاره‌

August 22, 2018 at 9:18 am

نه‌ینه‌وا، ئابی 2017، پێشوازیكردن له‌ هه‌زار و 500 ئاواره‌ی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچپه‌ران

جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری – نه‌ینه‌وا

ئیمان یه‌كێك له‌و توركمانییه‌ی به‌ ئه‌سته‌م له‌ ده‌ستی داعش رزگاری بوو، دوای ئه‌وه‌ی كه‌سوكاری به‌ پاره‌یه‌كی زۆر وایانكرد به‌ره‌و سوریا و دواتر توركیا ره‌وانه‌ بكرێت، به‌وه‌ش كۆتایی به‌ دوو ساڵ دابڕان له‌ خێزان و رفاندنی هات.

ئه‌و كچه‌، له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی هه‌زار هاوڵاتی تری پێكهاته‌ی توركمانی نیشته‌جێی سنوری ته‌له‌عفه‌ر كه‌ نیوه‌یان له‌ ره‌گه‌زی مێ بون، له‌ هاوینی 2014دا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنران و تائێستا چاره‌نوسیان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

ئیمان، كه‌ ناوێكی خوازراوه‌ و له‌سه‌ر داوای خۆی نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ هه‌وڵێكی زۆر و فشاری پاره‌ توانی به‌ كه‌سوكاری شادبێته‌وه‌، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی لای داعش به‌جێما و هێشتا هیچ له‌باره‌یه‌وه‌ نازانێت.

هاوشێوه‌ی كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی تر، توركمانیش روبه‌روی پێشێلكاری و رفاندن بونه‌وه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێك پێیانوایه‌ زیاتر دۆسیه‌كه‌ له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدی كورتكراوه‌ته‌وه‌ له‌ كاتێكدا به‌وته‌ی رێكخراو و هاوڵاتیانی توركمان، ئه‌وانیش زیانلێكه‌وتوی په‌لاماری ئه‌و رێكخراوه‌ بون.

كۆكردنه‌وه و وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر رفێنراوانی توركمانی قورسه‌، چونكه‌ كه‌سوكاریان و خێزانی رفێنراوه‌كان هاوكاری لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ناكه‌ن.

توێژه‌ر خدر دۆمڵی، چاوی كه‌وتووه‌ به‌ یه‌كێك له‌و كچه‌ توركمانییانه‌ی رزگاری بووه‌ به‌ڵام داوایكردوه‌ ناسنامه‌ و ورده‌كاری رفاندنه‌كه‌ی ئاشكرانه‌كرێت، بۆ‌ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ كه‌سوكاری رفێنراوه‌كان ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ زانیاری بده‌ن له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ “په‌ڵه‌ی ره‌ش” بۆ رفێنراوه‌كان له‌گه‌ڵ هۆكاری ئایینی.

دۆمڵی كه‌ ژماره‌یه‌ك راپۆرتی ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی ژنه‌ رفێنراوه‌كانی لای داعش نوسیووه‌، ده‌ڵێت توانیویه‌تی ژماره‌یه‌ك له‌ رزگاربوانی ئێزیدی و كریستیانی ببینێت، به‌ڵام بۆ رزگاربوانی توركمانی قورسه‌ و به‌ربه‌ست هه‌یه‌.

نه‌ینه‌وا، ئایاری 2018، هێرشی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌ زیانی زۆری له‌ ته‌له‌عفه‌ر گه‌یاندوه‌ فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

له‌ كۆی زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار رفێنراوی ئێزیدی، نیوه‌یان له‌ ده‌ستی داعش رزگاركراون، به‌ڵام ئاماری ورد له‌ باره‌ی رفێنراوانی پێكهاته‌كانی دیكه‌وه‌ نیه‌.

عه‌لی به‌یاتی، وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌پێی راپۆرتی دامه‌زراوه‌ی رزگاركردنی توركمان كه‌ لای ئێمه‌ تۆماركراوه‌ 615 ژن و كچی رفێنراوی توركمانی هه‌یه‌، ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌میان رزگاركراون و ئازادبوون”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ به‌ربه‌ستی زۆر هه‌یه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ زانیاری له‌سه‌ر رفێنراوانی توركمانی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی “هاوكارینه‌كردنی كه‌سوكار و خێزانی رفێنراوه‌كان”.

به‌ربه‌ستی زۆر هه‌یه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ زانیاری له‌سه‌ر رفێنراوانی توركمان

به‌یاتی ده‌ڵێت وه‌كو كۆمسیۆن له‌ پێشه‌نگی كاره‌كانیاندا ره‌چاوی دۆسیه‌ی رفێنراوان و ئه‌وانه‌ كراوه‌ ده‌ستدرێژییان كراوه‌ته‌سه‌ر له‌ توركمان یان ئێزیدی یاخود هه‌ر پێكهاته‌ و توێژێكی تر، ناوه‌ندێكیش بۆ چاودێرییان بنیاتنراوه‌ له‌ روی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، تا دوباره‌ تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكرێنه‌وه‌.

رێكخراوی داعش، كاتێك چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێرشیكرده‌ سه‌ر نه‌ینه‌وا، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامدا كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ زۆرینه‌ توركمان، ئێزیدی، كریستیان و پێكهاته‌كانی تر بون، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س روبه‌روی كوشتن و رفاندن بونه‌وه‌.

ئیبتسام حه‌یو، سه‌رۆكی رێكخراوی دیالۆگی رۆشنبیری بۆ گه‌شه‌پێدان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هه‌زار و 200 حاڵه‌تی رفاندنی هاوڵاتیانی توركمان تۆماركراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ مانگی یه‌كه‌می ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌له‌غفه‌ر و شه‌نگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌”.

نەینەوا، 22-8-2017، هێزە عیراقییەكان لەیەكەم گەڕەكی كۆنتڕۆڵكراوی تەلەعفەر فۆتۆ: حەشدی شەعبی

“ژماره‌كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی داگیركاری داعش له‌ ته‌له‌عفه‌ر بۆ 1300 كه‌س به‌رزبۆوه‌، له‌ نێویاندا زیاتر له‌ 500 ژن و كچ و ده‌وروبه‌ری 150 منداڵ، پیاوه‌كانیش له‌ مه‌ده‌نی، سه‌ربازی و فه‌رمانبه‌ران و چالاكوانان بون”.

ئیبتسام ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ ئافره‌تانی توركمانی له‌ ناوه‌ندی ته‌له‌عفه‌ر و هه‌ندێكیان له‌ شه‌نگال كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ستی داعش، “پێده‌چێت داعش پیاو و كوڕه‌كانی كوشتبێت” له‌ كاتێكدایه‌ نارونی هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی ژن و كچه‌ رفێنراوه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات عیراق كرابن.

نارونی هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی ژن و كچه‌ رفێنراوه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات عیراق كرابن

“هیواكان له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ و ته‌له‌عفه‌ر بون تا بتوانن بگه‌ن به‌ رفێنراوه‌كان به‌ڵام واقیعه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌لماند”، سه‌رۆكی رێكخراوی دیالۆگی رۆشنبیری وتی “ده‌وروبه‌ری 30 كه‌س له‌ ده‌ستی داعش رزگاربون، منداڵ و كچانی رزگاربوو له‌ په‌نجه‌كانی ده‌ستێك تێنه‌ده‌په‌ڕی، هێشتا چاره‌نوسی ئه‌وانیتر دیارنیه‌ له‌ نێویاندا خێزان هه‌یه‌ به‌ ته‌واوی ئه‌ندامه‌كانیانه‌وه‌”.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعە مەزهەب‌ پێكهاتون، لە ناوەڕاستی 2014 داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرت و له‌ ئابی 2017، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

هیمان ره‌مزی، سه‌رۆكی رێكخراوی تولای بۆ كاروباری توركمان ده‌ڵێت له‌ 2014وه‌ ناوچه‌ توركمانیه‌كان پشكی شێریان به‌ركه‌وتووه‌ له‌ قوربانیدان و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “داعش زیاتر له‌ هه‌زار هاوڵاتی توركمانی رفاندوه‌، له‌ نێویاندا ژن و منداڵ، دوای ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستبه‌سه‌ركراوی ره‌وانه‌ی موسڵ كران هه‌واڵیان نه‌ما”.

ئه‌و روی ره‌خنه‌ی له‌ حكومه‌ت كرد و پێیوایه‌ رۆڵیان نه‌بووه‌ له‌ به‌دواداچونی دۆسیه‌ی رفێنراوانی توركمانی، “دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌یان كوژران و خرانه‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانه‌وه‌ حكومه‌ت ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بوو تا ئه‌و تاوانه‌ كۆبكرێنه‌وه‌ و تۆماربكرێن، له‌ به‌رانبه‌ردا ژماره‌یه‌ك رێكخراوی ناوخۆیی ئه‌و هه‌وڵه‌یان دا”.

نزیكه‌ی ساڵێك تێده‌په‌ڕێ به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌غفه‌ر و سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ڵام هێشتا دۆسیه‌ی ئیمان و سه‌دان رفێنراوی تر به‌ تایبه‌ت ژنان چاوه‌رێی ئه‌وه‌ن ئاشكرابكرێن و ئه‌وانه‌ی تاوانیان به‌رانبه‌ر كردون، روبه‌روی دادگا بكرێنه‌وه‌ و مافه‌كانیان بۆ وه‌ربگیرێته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن