هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان كۆتاییهات

August 6, 2018 at 5:34 pm

كه‌ركوك/ ته‌مووزی 2018/ هه‌ژماركردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار به‌ده‌ست فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كۆتاییهاتنی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی له‌ ته‌واوی پارێزگاكاندا راگه‌یاند، دوای مانگێك له‌ به‌رده‌وامی پرۆسه‌كه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌ی ئه‌و دادوه‌رانه‌ی له‌ جێی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كاره‌كان راییده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 6-8 پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، له‌ ته‌واوی عیراق و ناوه‌نده‌كانی ده‌ره‌وه‌ كۆتاییهاتووه‌.

هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، سه‌ره‌تا و له‌ 3ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ له‌ شاری كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و دواتر پارێزگاكانی تری عیراق و هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌.

دادگای باڵای فیدراڵی مانگی رابردوو له‌ چوارچێوه‌ی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بڕیاریدا به‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌و ناوه‌ند و وێستگانه‌ی گومان و سكاڵایان له‌سه‌ره‌، نه‌ك هه‌موو ده‌نگه‌كانی عیراق.

لیس جه‌بر حه‌مزه‌، وته‌بێژی كۆمسیۆن له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ رونیكردۆته‌وه‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كانی نوسینگه‌ی به‌غدا/ره‌سافه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ده‌ره‌نجامی گڕگرتنی كۆگاكه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئاشكرایكردوه‌ له‌و ئاگره‌دا زیاتر له‌ 19 هه‌زار ئامێری ئه‌لیكترۆنی تایبه‌ت به‌ تۆماری بایۆمه‌تری و هه‌ڵبژاردن سوتاون له‌گه‌ڵ 882 سندوقی ده‌نگدان، به‌هۆیه‌وه‌ ده‌نگه‌كان ته‌له‌ف بون و نه‌توانراوه‌ بژمێردرێنه‌وه‌ و به‌راورد بكرێن.

10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له‌ كۆگایه‌كی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ره‌سافه‌ی به‌غدا ئاگر كه‌وته‌وه‌، به‌پێی ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان كۆگاكه به‌ ئه‌نقه‌ست سوتێنراوه‌ و له‌ رووداوه‌كه‌وه‌، به‌نزین به‌كارهێنراوه‌ و پێشتریش كامێراكانی چاودێری له‌كارخراون.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن