قايمقامی دوزخورماتوو: كار‌ی له‌پێشینه‌مان گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ كورده‌كانه‌

August 17, 2018 at 11:12 am

دوزخورماتوو، ئابی 2018، حه‌سه‌ن زه‌ینلعابدین قایمقامی دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی قایمقامیه‌ت

عومه‌ر جه‌واد – كه‌ركوك ناو

حەسەن زەینلعابدین، قایمقامی نوێی دوزخورماتوو ئاشكرایده‌كات گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كانی كورد كاری له‌ پێشینه‌یانه‌ و جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ به‌بێ جیاوازی یاسا به‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌كاندا جێبه‌جێبكرێت.

وته‌كانی زەینلعابدین له‌ چاوپێكه‌وتنێكی هات له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی (كه‌ركوك ناو)، دوای ئه‌وه‌ی 1ی ئاب وه‌كو قایمقامی قه‌زای دوزخورماتوو  سوێندخواردنی‌ یاسایی خوارد و ده‌ستبه‌كاربوو له‌ جێی شەلال عەبدول، كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌و پۆسته‌ دورخراوه‌ته‌وه‌.

قایمقامی نوێی دوزخورماتوو له‌باره‌ی ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیه‌وه‌ له‌و پۆسته‌دا وتی “ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانمان گرنگی پێدانی زۆره‌ له‌و خێزانه‌ كوردانه‌ی قه‌زاكه‌یان به‌جێهێشت له‌ دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌پاندنی یاسا له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك.. زه‌مینه‌سازی گونجاو ده‌كه‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌”.

هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراقی، له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكدا به‌ناوی “سه‌پاندنی یاسا” له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و پێشمه‌رگه‌ كشایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.

دوزخورماتوو/19-10-2017/ ئاواره‌كانی قه‌زاكه‌ له‌ سنوری گوندی ئومەرسۆفی سەر بە ناحیەی نەجول له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی دوزخورماتوو فۆتۆ: عه‌لی مه‌حمود

حەسەن زەینلعابدین رونیكرده‌وه‌ فشار له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی عیراقی هه‌یه‌ بۆ ته‌رخانكردنی پاره‌ی قه‌ره‌بوو بۆ ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر ماڵ و دوكانی هاوڵاتیان كه‌وت له‌ ئه‌نجامی “كاری تێكده‌رانه‌ی گروپه‌ نه‌ناسراوه‌كان”.

(كه‌ركوك ناو) لە راپۆرتێكی-دا لە 26ی ئۆكتۆبەر بڵاویكردەوە كە 200 خانوی هاوڵاتیان و 100 دوكان و كۆگا لە گەڕەكی كۆماری قەزای دوزخورماتوو‌ سوتێنراون یان تاڵانكراون، لەگەڵئەوەشدا، 50 خانووی لێپرسراوانی كورد و پێشمەرگە ‌و چەكدارە خۆبەخشەكان تەقێنراونەتەوە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگە، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌زاران خێزان ئاواره‌ بون.

“پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین رایسپاردوین به‌ پێویستی گرنگیدان به‌و كارانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی پته‌وكردنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كاندا له‌ دوزخورماتوو، جگه‌ له‌ گرنگیدان به‌ دۆسیه‌ی ئاواره‌ و كۆچبه‌ران”.

قایمقامی دوزخورماتوو ئه‌وه‌شی وت “قایمقامیه‌ت هه‌موو رێگایه‌ك ده‌گرێته‌به‌ر بۆ برایه‌تی و دژی دوبه‌ره‌كی نێوان پێكهاته‌كانی قه‌زاكه‌یه‌ له‌ عه‌ره‌ب، كورد، توركمانی سونه‌ و شیعه‌”.

دوزخورماتوو، شوباتی 2018، دوكانی هاوڵاتیه‌كی كورد دوای سوتانی له‌روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

دوای ده‌ستبه‌كاربونی قایمقامی دوزخورماتوو، تۆمه‌تباركرا به‌ گه‌نده‌ڵی كاتێك به‌رێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سه‌ڵاحه‌دین بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی دوو سه‌رچاوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ناوبراو جه‌ختیكرده‌وه‌ پێشتر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ یه‌كلاییكراوه‌ته‌وه‌ و دادگا بێتاوانی سه‌لماندووه‌.

حەسەن زەینلعابدین جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی “پێویسته‌ هه‌موان یاسا جێبه‌جێبكه‌ن، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ مافه‌كانیان به‌ده‌ستبهێنن و هه‌موو ئه‌و دیارده‌ خراپانه‌ش له‌ناوببرێن كه‌ زیان له‌ هاوڵاتیانی بێتاوان ده‌گه‌یه‌نێت”.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی خزمه‌تگوزاری له‌ دوزخورماتووش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ له‌ ئاستێكی زۆر خراپدایه‌ و هه‌وڵی هه‌موانیان پێویسته‌ تا قه‌زاكه‌ له‌و دۆخه‌ ده‌ربهێنن.

سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ئە‌نجومەنی قەزای دوزخورماتوو، بە زۆرینەی دەنگ حەسەن زەینلعابدین-ی لە پێكهاتەی توركمان وەكو قایمقامی نوێ هەڵبژارد لە جێگەی شەلال عەبدول و كۆتایی ته‌مموزی ئه‌مساڵ ئەحمەد جبوری، پارێزگاری سەڵاحەدین ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربونی نیشاندا.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی “جێناكۆك”ی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن