ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كه‌مینه‌كان ته‌نها به‌ دروشم نابێت

August 7, 2018 at 11:06 am

گرته‌یه‌ك له‌ ڤیدیۆیه‌كی تایبه‌تی (كه‌ركوك ناو) له‌باره‌ی پێكه‌وه‌ژیان، له‌ژێر ناونیشانی فره‌یی نعیمه‌ته‌

خدر دۆمڵی

بیست و پێنج ساڵه‌ فێرنه‌بون و زۆر به‌داخه‌وه‌ وادیاره‌ فێریش نابن!، بیست و پێنج ساڵه‌ لێپرسراوانی هه‌رێمی كوردستان نه ‌په‌ندیان وه‌رگرتووه‌ نه‌ فێری هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌یه‌كی فره‌پێكهاته‌ بون.

بیست و پێنج ساڵه‌ له‌به‌رده‌م سه‌دان نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی و نێو ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی، ئه‌وروپی، ئه‌مریكی و كه‌نه‌دیدا وتویانه‌ كه ‌ئه‌وان ئیشده‌كه‌ن له‌ پێناو چه‌سپاندن و به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیان له‌ كوردستانداو كوردستان مێرگێكه‌ كه‌ تیایدا هه‌موو پێكهاته‌ (ئایینی، نه‌ته‌وه‌یی، مه‌زهه‌بی، كه‌لتووری، زمان و ڕه‌گه‌زه‌كان) تیایدا پێكه‌وه‌ده‌ژین و هه‌موو مافێكیان ده‌سته‌به‌ركراوه‌، به‌ڵام هیچ كام له‌م وانه‌و دروشمانه‌یان جێبه‌جێنه‌كردوه‌ مه‌گه‌ر هه‌ندێكی كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیاندا یه‌كیگرتبێته‌وه.‌

بیست و پێنج ساڵه‌ ئه‌مان له‌ ناو ئه‌و گێژاوه‌ ته‌سكه‌ی خۆیاندا ده‌خولێنه‌وه‌ له‌م بواره‌دا نه‌ك به‌ره‌وپێش نه‌چون به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش متمانه‌ی كه‌مینه‌و پێكهاته‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌و زۆر زه‌حمه‌تیشه‌ به‌ده‌ستی بهێننه‌وه‌، له‌كاتێكدا ده‌بوو دروشمه‌كانیان جێبه‌جێ بكردایه‌و پاشهاته‌ باشه‌كانیان ببینیایه.

بیست و پێنج ساڵه‌ ئه‌مان متمانه‌ی كه‌مینه‌و پێكهاته‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌و زۆر زه‌حمه‌تیشه‌ به‌ده‌ستی بهێننه‌وه‌

بیست و پێبج ساڵه‌ گه‌وره‌ به‌رپرسه‌كان ده‌ڵێن كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كه‌مینه‌كاندان، به‌ڵام ئه‌م لێدوانانه‌ نه‌بون به‌ پڕۆژه‌و به‌رنامه‌ی كار، به‌ڵكو ته‌نها لێپرسراوه‌ بچوكه‌كان وه‌ك به‌ڵگه‌ ‌له‌كاتی قسه‌كردندا ده‌یانوته‌وه‌و به‌ زمانی لوس و پاراو، بێئه‌وه‌ی خۆیان باوه‌ڕیان پێی هه‌بێت (زۆربه‌یان نه‌ك هه‌موویان).

بیست و پێنج ساڵ تێپه‌ڕیی و زیاتر له‌ هه‌لێك ره‌خسا بۆ لێپرسراوانی كوردستان به‌تایبه‌ت حیزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكان تا نیه‌تپاكی خۆیان ده‌ربخه‌ن و بیسه‌لمێنن كه‌ كوردستان به‌ڕاستی مێرگی ‌پێكه‌وه‌ژیانه‌ و ته‌واوی مافی كه‌مینه‌كانی تێدا ده‌سته‌به‌ركراوه‌، به‌ڵام چاویان له‌به‌رامبه‌ریدا داخست و بازیاندا به‌سه‌ر راستییه‌كاندا و ئه‌و پڕۆژه‌یه‌‌شیان شێواند كه‌ بڕیاربوو كوردستان بكه‌نه‌ خاوه‌ن ناسنامه‌یه‌كی فره‌یی كه‌ تیایدا رێز له‌ پێگه‌و شكۆی خه‌ڵكی جیاواز بگیرێت ئیتر با جیاوازییه‌كه‌ ئایینی و هزریی و بیروباوڕیش بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ململانێ سیاسییه‌ به‌رته‌سكه‌كانیانه‌وه‌ بوو كه‌ نرخ و پێگه‌ی هه‌بونی كه‌مینه‌كانی نه‌ده‌زانی چونكه‌ كه‌مینه‌كان هه‌وێنی قوڵایی ئیستراتیجی دورمه‌ودان بۆ شارستانیه‌ت و مه‌ده‌نیه‌ت و ئارامیی  و بونیان به‌شێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ ئیستراتیجیه‌تی پارێزگاریكردن له‌ فره‌یی،‌ هه‌موو كه‌مینه‌كان له‌گه‌ڵ بنه‌ما مه‌ده‌نییه‌كانی ده‌وڵه‌تداریدان، چونكه ئه‌م بنه‌مایانه‌‌ دژ نییه‌ له‌گه‌ڵ بیروباوه‌‌ڕو بۆچۆنیان.

هه‌موو كه‌مینه‌كان له‌گه‌ڵ بنه‌ما مه‌ده‌نییه‌كانی ده‌وڵه‌تداریدان، چونكه ئه‌م بنه‌مایانه‌‌ دژ نییه‌ له‌گه‌ڵ بیروباوه‌‌ڕو بۆچۆنیان

بیست و پێج ساڵ تێپه‌ڕیی و هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ئه‌زمونێكی گرنگ و جوانی پێشكه‌شكرد كه‌ بنه‌مایه‌كی تۆكمه‌ی دانا بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ رۆشنبیریی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی كه‌مینه‌كان، قوتابخانه‌ی كرده‌وه‌ بۆ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان، ته‌نانه‌ت په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی ئایینی گۆڕاو و  په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی تایبه‌ت دانرا بۆ ئایینه‌كان،‌ چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك كرایه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌‌تی ئه‌وقاف تایبه‌ت به‌ ئایینه‌كان.

به‌ڵام فراوانكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ڕوی سیاسیی و نوێنه‌رایه‌تیكردن له‌ په‌رله‌ماندا شكستیهێنا به‌ هۆی كێشمه‌كێش و ململانێی سیاسیی و ترسی حیزبه‌كان له‌وه‌ی كه‌ كه‌مینه‌كان ببنه‌ دارده‌ستی حیزبه‌ گه‌وره‌كان (هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م حیزبه‌ گه‌ورانه‌ش نه‌یانتوانی ئیداره‌یه‌كی فره‌یی به‌سه‌ركه‌وتویی به‌ڕێوه‌ببه‌ن و شكستیانهێنا تیایدا، خۆیان كرده‌ ده‌مڕاستی كه‌مینه‌كان و وه‌ك نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌وان خۆیان ناساند، دواتریش كه‌ باسی مافه‌ سیاسییه‌كانی كه‌مینه‌كان ده‌كرا ده‌یانوت ناكرێ و زۆر مه‌ترسیداره‌و… چه‌ندان وشه‌ی تر.

التعددية نعمة

التعددية نعمةفرەیی نیعمەتەDiversity is a blessing.#لنجعل_صوت_النازحين_مسموعاً#giving_voice_to_the_IDPs#KirkukNow#hivos

Geplaatst door KirkukNow op Dinsdag 17 juli 2018

باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌ بوو هه‌موو حیزبه‌كان به‌ڵێن و لێدوانیاندا كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه‌ مافی كۆتا بدرێته‌ ئێزیدیی و كه‌مینه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا، به‌ڵام هیچ حیزبێك نه‌یوێرا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پێشكه‌ش بكات با به‌ڕواڵه‌ت (شكلی)ش بێت، حیزبه‌كان نه‌یانتوانی له‌وه‌بگه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پێشكه‌شبكه‌ن ئه‌وا كه‌مینه‌كان ده‌بونه‌ پاڵپشتی هه‌موو پڕۆژه‌ بڕیارێكی ئه‌وان له‌ناو په‌رله‌ماندا له‌ داهاتودا و به‌مه‌ش به‌ قازانجی خۆیان ده‌شكایه‌وه.

ته‌نانه‌ت سه‌رۆك و ئه‌ندامانی كۆتا له‌ كه‌مینه‌كانی تریش نه‌یانوێرا پاڵپشتی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بكه‌ن، ئه‌م راستییه‌ هه‌رچه‌ند تاڵه‌، به‌ڵام ده‌بێت بوترێت.

بیست و پێنج ساڵ تێپه‌ڕی و چه‌ندین پڕۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكرا تا فێری هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌یه‌كی فره‌یی ببێت  و ببێته‌ نمونه‌یه‌ك تا چاوی لێ بكرێت، به‌ڵام پاشگه‌زبویه‌وه‌ و پشتگوێخرا. ته‌نانه‌ت هه‌لی چه‌سپاندنی ماف و پارێزگاركردن به‌ پێی یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2015 (یاسای پاراستنی مافی كه‌مینه‌كان له‌ كوردستان-عیراق) هه‌لێكی زۆر گرنگ و له‌كاتێكی زۆر گرنگدابوو، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا بنه‌مایه‌كی باش بوو تا ئیشی له‌سه‌ر بكرێت بۆ ده‌سه‌به‌ركردنی مافی كه‌مینه‌كان، به‌ڵام دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هیچ نه‌جوڵان بۆ بره‌وپێدان و جێبه‌جێكردنی به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هانی ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كه‌مینه‌كان بدات و پیشانی بدات كه‌ دابینكردنی مافی كه‌مینه‌كان ته‌نها به‌ دروشم نابێت، به‌ڵكو به‌ده‌ستپێشخه‌ریی و پڕۆژه‌ ده‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچونی دۆخه‌كه‌دا ئه‌ویش ده‌چێته‌ پێش.

دابینكردنی مافی كه‌مینه‌كان ته‌نها به‌ دروشم نابێت، به‌ڵكو به‌ده‌ستپێشخه‌ریی و پڕۆژه‌ ده‌بێت

ئه‌و دۆخه‌ش كاتێك به‌دیدێت كه‌ نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی كه‌مینه‌كان له‌ ناو ده‌زگاكانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و جومگه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ببینرێت.

بیست و پێنج ساڵ تێپه‌ڕی و ده‌یان ۆۆرك شۆپ و كۆنگره‌ به‌ستران بۆ چه‌سپاندنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین تا ئێستا‌ش هه‌ر ئه‌وانه‌ به‌هێزترن كه‌ رێگرن له‌ چه‌سپاندنی پێكه‌وه‌ژیان.

ئه‌و خاوه‌ن هێزانه‌ ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام رۆڵیان كۆتایی دێت و ئه‌وانه‌ی كه‌ جیاوازن (كه‌مینه‌كان و پێكهاته‌كان) به‌رده‌وامده‌بن له‌خه‌باتیان – گرنگ نییه‌ چ ناو و ناتۆره‌یه‌ك له‌ كه‌مینه‌كان ده‌نێن-، هه‌ر ده‌مێننه‌وه‌و پارێزگاری له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن و به‌و شێوه‌یه‌ بیرناكه‌نه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ بیری لێده‌كاته‌وه‌ به‌ تایبه‌تی یاسادانه‌رو خاوه‌ن هه‌ژمونه‌كان لێره‌و له‌وێ له‌ناو حیزبه‌ جیاوازه‌كان – چونكه‌ ئه‌وان رانه‌هاتون له‌ فره‌یی تێبگه‌ن و ناشیانه‌وێت لێی تێبگه‌ن و جێبه‌جێی بكه‌ن به‌ تایبه‌تی له‌م كاته‌ی ئێستاماندا. ناشتوانرێت هه‌موو  لایه‌نه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ له‌ وتارێكی ئاوادا بخرێته‌ڕوو.

خدر دۆمڵی

  • لێكۆڵه‌رو تایبه‌تمه‌ند له‌ چاره‌سه‌ركردنی ململانێیه‌كان، بونیاتنانی ئاشتی و راگه‌یاندن.
  • لێكۆڵه‌ر له‌ كاروباری كه‌مینه‌كان
  • ئه‌ندامی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئاشتی له‌ زانكۆی دهۆك

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن