رێگایه‌كی سه‌ره‌كی گونده‌كانی داقوق ده‌كرێته‌وه‌
پۆلیسی فیدراڵی: كارئاسانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كاكه‌ییه‌كان ده‌كات

August 7, 2018 at 6:23 pm

داقوق، ئابی 2018، رێگایه‌كی سه‌ره‌كی هاتوچۆی هاوڵاتیان دوای چوارساڵ له‌ داخستنی كرایه‌وه‌ فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، رێگایه‌كی سه‌ره‌كییان له‌ قه‌زای داقوق كرده‌وه‌ بۆ به‌ستنه‌وه‌ی گونده‌كانی ئه‌و سنوره‌ به‌ یه‌كترییه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ كارئاسانی بۆ هاتوچۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی كاكه‌یی.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7ی ئاب له‌ قه‌زای داقوق، رێگایه‌كی سه‌ره‌كی به‌روی هاتوچۆی هاوڵاتیانی گونده‌كاندا كرایه‌وه‌، دوای داخستنی له‌سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی داعش.

عه‌مید ئه‌سیر محه‌مه‌د، وته‌بێژی پۆلیسی فیدراڵی له‌ كه‌ركوك بۆ‌ (كه‌ركوك ناو) رونكرده‌وه‌ ئه‌و رێگایه‌ پێشتر و كاتێك دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌وه‌ بووه‌ داخراوه‌ و ئه‌مڕۆ جارێكیتر كرایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی سنوره‌كه‌ له‌ مه‌ترسی پاشماوه‌ی چه‌كداران و داعش پاككرایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا به‌هۆی كردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگایه‌وه‌ كه‌ چه‌ند گوندێك به‌ یه‌كتری ده‌به‌ستێته‌وه‌، هاوڵاتیانی سنوره‌كه‌ به‌ تایبه‌ت كاكه‌ییه‌كان ده‌توانن بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانی خۆیان و سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان.

كاكه‌ییەکان كه‌ زۆرینه‌یان له‌ گونده‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن)، له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوو روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كداری، كوشتن و رفاندن بونه‌ته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان خێزان ئاواره‌بون.

داقوق، ئابی 2018، رێگایه‌كی سه‌ره‌كی به‌ستنه‌وه‌ی گونده‌كانی سنوره‌كه‌ به‌روی هاوڵاتیاندا كرایه‌وه‌ فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

لیوا شاكر كوین، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی فیدراڵی له‌ كه‌ركوك له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ باسی له‌وه‌كرد ئه‌و رێگایه‌ی كراوه‌ته‌وه‌ له‌ حوزه‌یرانی 2014وه‌ داخرابوو، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر به‌ڵێنی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كه‌یان كاتێك سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كردووه‌.

كوین ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو كردنه‌وه‌ی رێگاكه‌ دوای هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منییه‌كان و نه‌هێشتنی مه‌ترسی داعش هاتووه، ده‌بێته ئاسانكاری بۆ هاتوچۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی ئه‌و سنوره‌.

ئه‌و رێگایه‌ داقوق به‌ گونده‌ كاكییه‌كانی عه‌لی سه‌رای و زه‌نقه‌ر ده‌به‌ستێته‌وه‌ تا گونده‌كانی باشوری كه‌ركوك و دواتر به‌ره‌و شاری تكریت له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.

قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن