له‌ناوچه‌كانی جێناكۆكی نه‌ینه‌وا
“عه‌ره‌بی هـاورده‌ ناســنامه‌یان پـێده‌درێت”

August 8, 2018 at 12:06 pm

باشیك، شوباتی 2017، هەڵمەتێك بەناوی پەنجەی هیوا بۆ سڕینەوەی دروشمەكانی داعش لە ناحیەكە فۆتۆ: موهەنەد سنجاری

فەرمان سادق – نه‌ینه‌وا

سه‌دان خێزانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، بڕیاره‌ تۆماری باری كه‌سێتییان بگوازرێته‌وه‌ بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ندین ساڵ له راگواستن و نیشته‌جێكردنیان دێت له‌و سنوره‌دا.

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌ و لێدوانی لێپرسراوانی ئاگادار له‌و دۆسیه‌یه‌، ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس ره‌وانه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا كراون، زۆرینه‌یان خه‌ڵكی گه‌یاره‌ و شه‌رگات و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ن، به‌ڵام نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ره‌زامه‌ندی دراوه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی یه‌كجاری تۆمار و ناسنامه‌كانیان بۆ نه‌ینه‌وا.

خەڵەف حەدیدی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ كوتله‌ی عه‌ره‌بی به‌‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “رێككەوتنێك لەنێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عیراقی هەیە كە ناسنامە بۆ عەرەبە هاوردەكان دەربكرێت كە لە ناوچەكانی سنوری مادەی 140 هەن”.

رێككه‌وتنێك هه‌یه‌ ناسنامە بۆ عەرەبە هاوردەكان دەربكرێت لە ناوچەكانی سنوری مادەی 140ی ده‌ستور

ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ سنوری مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراقه‌وه‌، پێویسته‌ به‌سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی چاره‌نوسیان له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر یه‌كلابكرێته‌وه‌.

له‌ قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌و مادده‌یه‌دا كه‌ هێشتا به‌ ته‌واوی جێبه‌جێنه‌كراوه‌، ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ شوێنه‌كانی تره‌وه‌ ره‌وانه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك كراون له‌لایه‌ن حكومه‌تی سه‌رده‌می به‌عس ده‌بێت بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ زێدی خۆیان، دوای قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌.

سالم شەبەك، ئه‌ندامی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند كه‌ ره‌زامه‌ندی دراوه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی تۆماری باری كه‌سێتی بۆ هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب و وتی “شەب بەجیاوازی سیاسییەوە لەسەر ئەو پرسە كۆدەنگن رێگری بكه‌ن لە تۆماركردنی ناوەكانیان لە فەرمانگەی باری كەسی ناوچەكان، جگە لەمەش ئەوە پێشێلكردنی دەستورە”.

هه‌روه‌ها ئاشكراشیكرد له‌رێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و لێپرسراوانی تری شاره‌كه‌وه‌، له‌ هه‌وڵدان بۆ رێگری له‌و هه‌نگاوه‌، چونكه‌ ئه‌و خێزانانه‌ “دەكرێت بگەڕێندرێنەوە ناوچەكانی خۆیان له‌ باشور و خۆرئاوای نه‌ینه‌وا”.

نه‌ینه‌وا/25-4-2017/ بینای ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی به‌رته‌له‌ فۆتۆ: فه‌رمان سادق

به‌پێی نوسراوێكی نوسینگه‌ی وه‌زیری ناوخۆی عیراق له‌ ئایاری ئه‌مساڵ، عه‌بدولره‌حمان شه‌مه‌ری په‌رله‌مانتاری عیراق له‌ سكاڵایه‌كدا داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌ی 450 خانه‌واده‌ی عه‌ره‌بی كردوه‌ تا بتوانن ناسنامه‌ بۆ منداڵه‌كانیان ده‌ربكه‌ن له‌ شوێنی نیشته‌جێبونیان، كه‌ ئێستا رێگه‌یان پێنادرێت.

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ كوتله‌ی عه‌ره‌بی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌و 450 خێزانه‌ له‌ مه‌ینه‌تییدان، چونكه‌ منداڵه‌كانیان له‌ دوای ساڵی 2003 و روخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی باری شارستانی ئه‌و ناوچانه‌ی تێیدا نیشته‌جێن ناسنامه‌یان بۆ ده‌رنه‌كراوه‌، به‌هۆی ناكۆكی به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر ئیداره‌دان و چاره‌نوسی سنوره‌كه‌.

هاوكات به‌پێی نوسراوێكی تری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، ره‌زامه‌ندی دراوه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی تۆماری باری كه‌سێتی خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ ناوچه‌كانی باشیك، به‌رتڵه‌، حه‌مدانییه‌ و چه‌ند ناحیه‌یه‌كی تری ده‌شتی نه‌ینه‌وا، كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ زۆرینه‌ كریستیان، ئێزیدی و شه‌به‌ك پێكهاتون.

وه‌كو پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە ناسنامەی ئه‌و خێزانانه‌ بگوازرێتەوە بۆ تلكێف و باشیك و حەمدانییە

غەزوان داودی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ كوتله‌ی كوردی به‌ میدیای پارتی راگه‌یاندووه‌ دوای بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق بۆ پێدانی ناسنامه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆكی ده‌شتی نه‌ینه‌وا به‌ 450 خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌، هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه‌ تا رێگری بكرێت، چونكه‌ “ئەگەر رێگە بەمە بدەین، خەڵكی دیكەیش ھاوردە دەكرێن”.

به‌پێی مادده‌ی 140ی ده‌ستور، هه‌ر خێزانێكی هاورده‌ به‌ زیاتر له‌ 10 ملیۆن دیناری عیراقی قه‌ره‌بوده‌كرێته‌وه‌ تا بگه‌رێته‌وه‌ زێدی خۆی، به‌ڵام هه‌زاران خێزان سه‌رباری وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌پێی به‌دواداچونی لێپرسراوان.

قوسەی عەباس، كاندیدی سه‌ركه‌وتوو بۆ خولی نوێی په‌رله‌مانی عیراق له‌ نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “وەك پێكهاتەكانی ناوچەكە هەر هەموومان ناڕەزایەتیمان لەسەر رێوشوێنەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەربڕیوە، لایەنەكانی شەبەك بەهەموو جیاوازییە سیاسییەكانەوە دژی ئەوەین ئەوان ناسنامەكانیان بگوازرێتەوە بۆ ناوچەكانی تلكێف و باشیك و حەمدانییە”.

مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق، چه‌ند ساڵێكه‌ هیچ بودجه‌یه‌كی بۆ جێبه‌جێكردنی خه‌رجنه‌كراوه‌، بۆیه‌ چاره‌نوسی ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

حوسێن شەبەكی، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی باسی له‌ خستنه‌گه‌ڕی چه‌ند هه‌وڵێك كرد بۆ رێگری له‌ گواستنه‌وه‌ی تۆماری باری كه‌سێتی ئه‌و خێزانانه‌ بۆ سنوره‌كه‌یان و بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌وان ته‌عریبی ده‌شتی نه‌ینه‌وا قبوڵناكه‌ن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن