شه‌نگال؛ خۆپیشاندان دژی “هاوكارانی داعش” ئه‌نجامدرا

August 8, 2018 at 2:29 pm

نه‌ینه‌وا، ئابی 2018، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی كه‌مته‌رخه‌م و تۆمه‌تبارانی هاوكاری داعش له‌ شه‌نگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌لی ئه‌یاد

ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانی شه‌نگال، خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا دژی كه‌مته‌رخه‌مان و ئه‌و كه‌سانه‌ی “هاوكاری داعش” بون، له‌كاتی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر قه‌زاكه‌ له‌ ئابی 2014دا.

له‌و خۆپیشاندانه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8-8 له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال به‌رێوه‌چوو، هاوڵاتیان دروشمی دژایه‌تییان به‌رزكرده‌وه‌ دژی تۆمه‌تبارانی كه‌وتنی شاره‌كه‌ و داوایانكرد، رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌درێت.

خدر ئه‌لیاس، به‌شداربوی خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند ئه‌وان داواده‌كه‌ن هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیربكرێن كه‌ هاوكاری داعشیان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان سوره‌ به‌ خوێنی بێتاوانانی ئێزیدی.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، تائێستاش زیاتر له‌ سێ هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ نێویاندا ژن و منداڵ دوای رفاندنیان چاره‌نوسیان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

ئیبراهیم خوده‌یدا، یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا گردبونه‌وه‌كه‌یان بۆ هێنانه‌دی دادپه‌روه‌رییه‌ له‌رێی رێگریكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌م و تۆمه‌تبارانی هاوكاری داعش له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شه‌نگال.

وتیشی “به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی هاتن و شه‌نگالیان داگیركرد به‌شێكیان له‌وانه‌بون كه‌ له‌گه‌ڵ ئێزیدیییه‌كاندا نیشته‌جێبون، چونكه‌ شه‌نگال شاری فره‌ پێكهاته‌یه‌ی ئێزیدی و كریستیان و موسڵمانه‌، هه‌موان وه‌كو برا پێكه‌وه‌ ده‌ژیان”.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) كه‌ لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت، لە 13ی تشرینی دووەمی 2015ه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن