15 حزب له‌ كه‌ركوك: رێگه‌‌ی خۆپیشاندانمان پێنادرێت

August 9, 2018 at 6:18 pm

كه‌ركوك، 9ی ئابی 2018، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی به‌ره‌ی نیشتمانی بۆ رزگاری كه‌ركوك فۆتۆ: عومه‌ر جه‌واد

عومه‌ر جه‌واد – كه‌ركوك

به‌ره‌ی نیشتمانی بۆ رزگاری كه‌ركوك، پارێزگار تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌ رێگری له‌ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی هێمنانه‌ له‌باره‌ی دۆسیه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و پێیانوایه‌، ئه‌نجامی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان ئاڵۆزی له‌ شاره‌كه‌ دروستده‌كات.

ئه‌و به‌ره‌ سیاسییه‌ كه‌ له‌ 15 پارت و لایه‌نی توركمانی و عه‌ره‌بی كه‌ركوك پێكهاتون، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان خوێنده‌وه‌، دژی پێنه‌دانی مۆڵه‌تی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان.

ئه‌نوه‌ر به‌یره‌قدار، له‌و كۆنگره‌یه‌دا له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو به‌یاننامه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ و وتی “وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ داواكاری یاسایی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ به‌ قبوڵكردن یان ره‌تكردنه‌وه‌، توشی سه‌رسوڕمانی كردوین”.

“ئێمه‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی نایاسایی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی دیوانی پارێزگا، ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی بارگرژی و ئاڵۆزی، كاریگه‌ری له‌سه‌رسه‌قامگیری شاره‌كه‌ و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت”، به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی شانه‌ی قه‌یرانی ئه‌منی به‌ سه‌رپه‌رشتی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بڕیاردراوه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی هه‌ر خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر به‌ رێكاره‌ یاساییه‌كاندا تێنه‌په‌ڕی.

به‌ره‌ی نیشتمانی رزگاری كه‌ركوك، كه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ پێكهێنرا، دژایه‌تی خۆیان بۆ هه‌ڵوێستی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان نیشاندا كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك دادوه‌ره‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێن و رازی نه‌بون هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان بۆ ته‌واوی كه‌ركوك بێت.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا راگه‌یاندنی ئه‌نجامی پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، تا ئه‌وكاته‌ی ته‌واوی ناوه‌نده‌كانی كه‌ركوك هه‌ژمارده‌كرێنه‌وه‌.

هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، سه‌ره‌تا و له‌ 3ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ له‌ شاری كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و دواتر پارێزگاكانی تری عیراق و هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه، بۆ‌ دوباره‌ جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ده‌نگی ئه‌و سندوقانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ره‌، نه‌ك هه‌موو ده‌نگه‌كان، له‌ 6-8دا كۆتایی به‌ پرۆسه‌كه‌ هات.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن