عه‌بادی 20 راسپارده‌ بۆ نه‌ینه‌وا ده‌رده‌كات

August 9, 2018 at 8:26 pm

به‌غدا، 9-8-2018، كۆبونه‌وه‌ی عه‌بادی و شاندی نوێنه‌رانی پارێزگای نه‌ینه‌وا فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیران

كه‌ركوك ناو

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌ رێی 20 راسپارده‌وه‌ زنجیره‌یه‌ك رێكار و هه‌نگاوی نوێ بۆ ئیداره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌رده‌كات، له‌ نێویاندا تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ی كاره‌با و نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دامه‌زراندن.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9-8 له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا له‌ به‌غدا، عه‌بادی به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیانی داوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش، چه‌ندین راسپارده‌ی ئاراسته‌ی ئیداره‌ی شاره‌كه‌ كردووه‌.

له‌ راسپارده‌كاندا ئاماژه‌ به‌ ئاسانكاری چونه‌ ژوره‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی كراوه‌ بۆ نه‌ینه‌وا به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ بازگه‌ی گومركیدا تێده‌په‌ڕێت، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ی روبه‌روی مامه‌ڵه‌ی قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوانی تاوانی تیرۆر بۆته‌وه‌.

هه‌روه‌ها باس له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی پاره‌ی 2014ی جوتیاران، ئاسانكاری رێكاره‌كانی فرۆشتن و كڕینی موڵك، دابینكردنی ئامێری پێویستی پزیشكی بۆ ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستی، گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی خێرا بۆ زیادكردنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی كراوه‌ له‌ به‌ری راستی موسڵ.

له‌ راسپارده‌كانی عه‌بادی جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌ پێویستی دوباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ناوه‌نده‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌ نێویاندا به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی دوو پردی ناوشاره‌كه‌، به‌دواداچونی بۆ قه‌ره‌باڵغی وێستگه‌كانی به‌نزین و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ی یاری به‌ پشكی نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ن له‌ كاره‌بای نیشتمانی.

به‌پێی رێكاره‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران ئاماژه‌ به‌ چالاككردنه‌وه‌ی قه‌رزی بچوك، باشكردنی خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك كراوه‌ بۆ نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی.

عه‌بادی به‌ پێویستی زانیووه‌ دامه‌زراندن له‌ میلاكی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و گرنگیش بدرێت به‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و بوژاندنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان.

بڕیاری ئه‌وه‌شی داوه‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروستبكه‌ن له‌ رێگای نێوان شه‌نگال و تلسقۆف-بتنایه‌-موسڵ.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن